بەبۆنە ٢ی ڕەشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، لە شاری بۆکان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەو ڕۆژەو ڕێزگرتن لە زمانی کوردی بەڕێوەچوو.
بە پێی هەواڵێک کە لەشاری بۆکان بە دەستمان گەیشتووە، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە ژێرزەمینی پاساژی شارەداری شاری بۆکان ، کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگی و فێرگەی زمانی کوردیی ئەدەب لەو شارە بە هاوکاری گرووپی ژینگەپارێزی وڵات و بەشێکلە قەڵەمبەدەستان و چالاکانی فەرنگی ومەدەنی ، بە بۆنەی 2ی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی
لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ ڕێزگرتن لە پرسی زمانی دایک ، کۆڕێکی فەرهەنگی و ئەدەبییان بەڕێوە برد.
لەو کۆڕە فەرهەنگییەدا بە ئامادە بوونی بەشێکی بەرچاو لە لایەنگران و هۆگرانی زمان و وێژەی کوردی ، هاوکات لە گەڵ پێشکەش کردنی چەندین بابەت و وتاری زانستی سەبارەت بە گرینگی زمانی دایک، چەندین بڕگەی دیکە پێشکەش کرا.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە بڕوانامەی کۆتایی خولەکانی فێرکاریی کوردی بە بەشێک لە سەرکەوتووانی فێرگەی زمانی کورد بەخشرا.
شیاوی باسە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشێک لە چالاکان و قەڵەمبەدەستانی بەشداربوو، وتار و شێعر و بابەتی خۆیانیان پێشکەش کرد و، لە سەر مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک ، پێداگرییان کرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە فێرگەی زمانی کوردیی ئەدەب لە شاری بۆکان لە ئەوپەڕی خەمخۆرییەوە لە بواری گەشەپێدان بە زمانی کوردی چەند ساڵێکە کە خزمەتێکی بەرچاوی کردوە.