بە گوێرەی هەواڵێک کە لە شاری سەردەشتەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکی زۆرەوە دایە ئایشێ مەلکەری، دایکی پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەری ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، محەممەد غەمبار بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
دایە ئایشی ژنێکی خاوەن هەڵوێست و کورد خۆشەویست و پێشمەرگە پەروەر بوو.
هەستی بەرزی ئەو دایکە بۆ گەل و نیشتمانەکەی وایکرد کە کوڕەکەی محەممەد غەمبار لە هەڕەتی لاویەتیدا ڕووی لە مەتەریزی خەبات وبەرگری لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرد.
دایە ئایشێ گوند بە گوند و شاخ بە شاخ بە دوای کوڕە پێشمەرگەکەیەوە بوو. خۆی بە دایکی هەموو پێشمەرگەکان دەزانی و ئازیز و خۆشەویستی ناو دۆست و هەڤاڵانی بوو. زۆر جار بە هۆی سەردانی کوڕەکەی و هەڵویستی نەگۆڕی دژ بە دوژمن و داگیرکەران، لە لایەن داودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە تووشی لێپرسینەوە بوو و ڕاپێچی ئیتلاعات و سپای پاسداران کرا، بەڵام قەت ئامادە نەبوو پشت لە کوڕەکەی و حیزب و خەباتی کوردایەتی بکات.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی ناوادەی ئەو دایکە ئازیزەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێمان محەممەد غەمبار دەکات و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانین.