لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە چالاکییەکی فەرهەنگی لە شاری سنە، ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە زمانی کوردی، بەڕێوەچوو.
رۆژی یەکەشەممە ٢٩ی ڕێبەندان لە لایەن بنکە کوردییەکانی “زانکۆی کوردستان”ی شاری سنە ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە ئامادەبوونی بەشێک لە خوێندکاران و قەڵەمبەدەستانی کورد و کۆمەڵێک لە مامۆستایانی بواری زمانناسی بەڕێوەچوو.
سەرەتا خوێندکارانی کورد و غەیرە کورد زانکۆی کوردستانی سنە هەرکام بە زمانی نەتەوەیی خۆیان ، “رۆژی جیهانیی زمانی دایک”یان پیرۆزبایی کرد و، پاشان لە چوار پانێلی جیاجیا بۆ چەند کەس لە شارەزایانی بواری زمانەوانی بەناوەکانی جوانمێر عەبدوڵاهی، جەماڵ سەلیمی ، زانیار نەقشبەندی، یادگار کەریمی و مەسعوود بیننەندە پرسی گرینگی زمانی دایک و هەروەها جێگە و پێگەی زمانی کوردی ، لە ڕوانگەی جۆراجۆرەوە باسیان لەسەر کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا شانۆیەک سەبارەت بە گرینگی زمانی زگماک نواندرا.
لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا بە پێشکەش کردنی لەوحەی ڕێزلێنان بە چەند کەس لە خەمخۆران و چالاکانی بواری گەشەپێدان بە زمانی کوردی، ڕێز لە خزمەت و ماندووبوونیان گیرا.
شیاوی باسە هەموو ساڵێک بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، کۆمەڵێک چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێ.