Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 19/12/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

«هەرزەکار»

20/02/2018 | 15:02:37
+A
-A
ناسر فەتحی

کاتێک بێسەروشوێن بوون، هێشتا ڕیش و سمێڵیان گووگرە نەببوو. سێ هاوڕێ بوون. لە سێ بنەماڵەی هەژار و، مامناوەند و دەوڵەمەند ڕا یەکیان گرتبوو. خاڵی هاوبەشی بنەماڵەکانیان نەخوێندەواری بوو.
دوو دەنگۆ لەبارەیاندا هەبوو. یەکیان ئەوەبوو دەیانگوت: «لە خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی ئەوێ ساڵێدا، کە لەبابەت بێکاری و بێ کارخانەیی ناوچەکە وەڕێ خرابوو، دژەشۆڕشەکەی کە کوژرا؛ ئەوان کوشتوویانە و، توانیویانە ڕابکەن بۆ شاخ.» دەنگۆکەی دیکەش ئەوە بوو، دەیانگوت: «نا فریا نەکەوتووون ڕابکەن، گرتوویانن و بردوویانن بۆ زیندان.»
کاتێک گەڕانەوە، وەک کاتێک کە بێسەروشوێن بوون، دیسان ڕیش و سمێڵیان بەرچاوترین پێناسەی ڕواڵەت و نێوەرۆکیان بوو.
ئەوەی دوای گەڕانەوە، خێرا جێی خۆیان گرتەوە و، توانییان بنکەیەکی تایبەت بە پەرەپێدانی بیر و باوەڕەکانیان دابمەزێنن؛ زۆر سەیر نەبوو. بەڵکوو سەیر ئەوەبوو هەر ڕۆژەی، بە ئاشکرابوونی چیرۆکێکیان لە زمانی قوتابییەکانیانەوە، ئەفسانەیەک لەو ئەفسانانەی لەبارەیاندا گوترابوو، دەبووەوە بە هیچ!
بەڵێ، هەروەک گوتم؛ کاتێک گەڕانەوە، وەک کاتێک کە بێسەرووشوێن بوون، دیسان ڕیش و سمێڵیان سەرنج ڕاکێشترین بەشی ڕواڵەت و ئاستی ئاگاهییان بوو. بەڵام بەو جیاوازییەی ئەمجارەیان سمێڵیان مەخمەری لێدابوو و ڕیشیشیان تا سەر سینگیان هێشتبووەوە.