Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 21/10/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ڕووحانی لە چی دەگەڕێ؟

20/02/2018 | 14:58:43
+A
-A
کەماڵ کەریمی

ئەمساڵیش یادکردنەوەی ٢٢ی ڕێبەندان ڕۆژی سەرکەوتنی گەلانی ئێران بەسەر ڕێژیمی پاشایەتی حەمەڕەزاشادا، لەلایەن ڕێژیمەوە بەڵام لە فەزایەکی سیاسیی جیاواز لە ساڵانی پێشوودا بەڕێوەچوو. لەگەڵ ئەوەی دەزگا و دامەزراوەکانی سەر بە ڕێژیم هەموو هەوڵی خۆیان دا هەتا بە کۆکردنەوەی خەڵکی زیاتر وا بکەن ئابڕووی لەدەستچوویانی پێ بکڕنەوە، نەیانتوانی وەک هەموو جارێ کە ئیدیعایان دەکرد، کۆبوونەوەی میلیۆنی وەڕێ بخەن و شەقامەکانی شار بە خەڵک لێوانڕێژ بکەن. لە زۆربەی شارەکان بە تایبەت لە کوردستان بێدەنگیی بەشداربووان کە زۆریش نەبوون دەریدەخست، کە بەشێک لەو خەڵکە لەبەر مەوقعییەتی کاری و بە زۆرەملی چووبوونە ڕێپێوانەکەیان.
ئەمجارە خەبەرێک لە ڕێبەر و قسە ئاگرینەکانی نەبوو. پێداهەڵگوتنەکان بە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە چەشنی جاران نەبوو، تەنانەت سەرۆککۆمار لە قسەکانیدا لە نێو دەیان هەزار کەس لە بەشداربووانی تاران لە پاڵ هەر موژدەیەک بۆ داهاتوو، نقورچکێکی لە کاربەدەستان کە زۆرتر مەبەستی باڵی بەرامبەری بوو دەگرت. بەڵام ئەو، نە توانی پاکانەیەک بۆ نیزامەکەی بکا و نە قسەیەکی نوێی جێی باوەڕی خەڵکی پێ بوو. ئەو ئەگەر ڕەخنەیەکی هەبوو نە لە نیزامێک بوو کە خەڵک داوای گۆڕینی دەکەن، بەڵکوو لەو کەسانە بوو کە گۆیا نیزامەکەیان بەدناو کردوە و ئەگەر بەرنامەیەکیشی ڕادەگەیاند بۆ خەڵکی تووڕە لە نیزامەکەیان نەبوو، زۆرتر بۆ ئەوانە بوو کە هێشتا چاوەڕوانیی موعجیزەیەک دەکەن بۆ ڕزگاربوونی ڕێژیم لە چنگ تووڕەیی خەڵک.
قسەکانی ڕووحانی لەسەر یاسای بنەڕەتیی وڵات و ئەوەی کە هەر کەس باوەڕی بەو یاسایە هەبی لە هەر شکڵ و بەهەر شێوەیەک لەگەڵ ئێمەیە، دەریخست کە ئەوەی ئەو پەیامیان بۆ دەنێرێ ڕەقیبەکانی و لایەنگرانی جیناحەکانی دژبەریەتی لە نێو کێبەرکێکانی دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتەکەیاندا.
با لە پێشدا بڵێین ئەوەی پێوەندی بە جێبەجێکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە پێش هەموو کەس ڕووحانی دەزانێ کە دەسەڵاتە زۆرە یاسایی و نایاساییەکانی ڕێبەر و دامەزراوەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو لە لایەک و، چاونووقاندن لە جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پێوەندیی بە ژیانی خەڵک و کەڵکوەرگرتنی خراپ لە بەشێک لەو یاسایانەی کە دەکەوێتە ئەستۆی دەزگای ئیجرایی و دادوەرییەوە، هۆکاری سەرەکیترن لە بێ کەڵکبوونی یاساکە بۆ ئەو دۆخەی تێی کەوتوون. نیزامێک کە یاساکەی ئەو هەمووە دەسەڵاتەی بە یەکێک وەک ڕێبەر و چەند دامەزراوەی سەر بە ئەو دابێ، تەنانەت بۆ سەرۆککۆمارە میانڕەو و ئیسڵاحتەڵەبەکانیش، کە ئەگەر بشیانهەوێ هەنگاوێک باوێن بۆ پاراستنی ئازادی و دابینکردنی ئەو مافە کەم و چوارچێوەدارەی کە لە یاساکەیاندا بۆ خەڵک دیاری کراوە، ڕێگەیەکی نەهێشتوەتەوە. هەر بۆیە لەو هەلومەرجەشدا کە ئیتر بێزاریی خەڵک لە حکوومەت لە کەس شاراوە نیە، دیسانیش یاسای بنەڕەتی دەکرێتە پەیامی ئاشتیی نێوان باڵەکانی ڕێژیم و بە ڕوونی سەفی حکوومەتییەکان و خەڵک لێک جیا دەکرێتەوە.
ئاغای ڕووحانی کە پێوەی دیارە ترسی شۆڕش و ڕاپەڕینی یەکجاریی خەڵک و سەرهەڵدانەوەی ئەوەی لە مانگی بەفرانباردا بە دروشمی نا بۆ ویلایەتی فەقیه و مردن بۆ دیکتاتۆر نیزامەکەیانی وەلەرزە خست دایگرتوە، و بە پێچەوانەی باوەڕەکانی قسە لە ئازادی دەکا، دەبێ بزانێ ئەگەر قەرارە ئەو موژدەدەری ئازادی بێ و ئەگەر ئیسڵاحات ڕێگەی پێشگرتن لە شۆڕش بێ، تەنیا لە ڕێگەی ملدان بە ئیرادەی خەڵک بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، ڕێکخستنی ڕێفراندۆمێکی ڕاستەقینە و سپاردنی دەسەڵات بە نوێنەرانی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە جێبەجێ دەبێ. خەڵکی وشیاری ئێران ئیستا بە چاوکراوەییەوە گوێ لە قسە و پەیامەکانیان دەگرن و دەزانن کە ئەو ڕاپرسییەی ئاغای ڕووحانی کە بە پێی مادەی ٥٩ی یاسای بنەڕەتی باسی دەکا، سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستەی کە بە هۆی دەسەڵاتی ڕێبەر و شووڕای نیگەهبان و دەنگی نوێنەرانی دژبەری کە لەسەر ڕێیەتی، ئەگەر سەریش بگرێ تەنیا بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی خۆی و جیناحێکی تایبەتیی هەر ئەو ڕێژیمەیە کە بە دەسەتیەوە دەناڵێنن. ئەمەش جگە لە قایمکردنەوەی پیگەی ئەوان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێژیمەکەیان کە ئیستا ئیتر خەڵک هیچ ئومێدێکیان پێی نەماوە، خێرێک بەو خەڵکە ناگەیەنێ کە لە چنگ زوڵم و بێدادی ئەوان وەزاڵە هاتووە.
خەڵکی ئێران دەزانن لە وڵاتێکدا کە وڵامی بچووکترین ڕەخنە یا دەربرینی ناڕەزایەتییەک تەنانەت لەسەر مافی ڕۆژانەیان، لە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیمدا، گرتن و زیندان و کوشتن بووە و هەر ئیستاش هەیە و کەسیش بۆ وڵامدانەوە خۆی لێ بە بەرپرس نازانێ، ناکرێ باوەڕ بەو قسانەی سەرۆککۆمار بکەن کە خۆی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەت و کردەوانەدا بەرپرس بووە. لەو پێوەندییەدا قسەکانی ئەحمەدینژاد کە لە کاتی کارەساتی جینایەتەکانی زیندانی کەهریزەک لە ساڵی ١٣٨٨ سەرۆککۆمار بوو و ئاگای لە هەموو ئەو جینایەتانەیە کە بەسەر خەڵکی مافخوازی بە تایبەت تاراندا هات و ئەو دەم نقەی لێوە نەهات و خۆی بەشێک بوو لە بەڕێوەبەری ئەو کارەساتە، دانپێدانانێکی گەورەیە لەسەر بەردەوامی دامودەزگاکانی ڕێژیم لە درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوت کە دەڵێ: «خەڵک دەگرن، دەیبەنە زیندان، دوایە جەنازەکەی دەدەنەوە و دەڵێن موعتاد بووە و خۆی کوشتوە.»
ئیستا ئیتر ئاغای ڕووحانی کە لە ترسی داڕمانی نیزامەکەیان قسە لە ئیسلاحات و ئازادی دەکا دەبێ باش بزانێ، خەڵکی ئێران چیدی وەک ساڵانی ڕابردوو لە خەوی غەفڵەتدا ناژین و لە قەراغەوە سەیرکەر نابن. ئەوان بە دیتنی درۆ و فریوکارییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم، بە خرۆشەوە ڕووبەڕووی نیزام و ڕێبەر و دەوڵەتەکەیان بوونەوە. ئەگەر ئەویش بیر لە ئیسڵاحات دەکاتەوە، ڕێگەی ئیسڵاحات لە ئێراندا، بە ڕێگەی ڕازیکردنی ڕێبەر و دابەشکردنی دەسەڵات و بوودجە لەگەڵ جیناحە جۆراوجۆرەکان و فەرماندەکانی سپادا ناڕوا، بەڵکوو بە کاناڵی دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنووسینی ئەو خەڵکەدا تێدەپەڕێ کە بەهۆی بەشداری ئازادانە و ڕاستەوخۆیان لە دەستنیشان کردن و هەڵبژاردن بە بێ دەخالەت و دەستێوەردانی دەسەڵاتەوە دەبێ. ڕێگەیەک کە ئەوان گرتوویانەتەبەر و بە دڵنیایی و بە لێبڕاوەییەوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەیگەیەننە ئامانج.
( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)