Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۸ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 18/08/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

عەبدوڵڵا حەسەنزادە: چارناچار ڕاپەڕینێکی دیکە دەبی ببێ هەتا ئەو نەزمە وەرگێڕێ

20/02/2018 | 14:51:50
+A
-A
دیمانە: عەلی بداغی

39 ساڵ لە شۆڕشی ساڵی 57 تێپەڕی. شۆڕشێک کە بڕیار بوو ئازادی بۆ خەڵک بەدیاری بێنێ، هەژاری و چەوسانەوە و بێمافی نەهێڵێ، کێشەکانی خەڵک بنەبڕ بکا و ئێران بکاتە بەهەشتی سەرزەوی. 39 ساڵ دوای سەرکەوتنی شۆڕش ئێستا خەڵک هاتوونەتەوە سەرشەقام. لە دژی بارودۆخی ئابووریی وڵات ڕاپەڕیون و بۆ مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان دروشم دەدەن.
شۆڕشی ساڵی 57 بۆ گەیشتە بارودۆخی ئەمڕۆ؟ لە کوێدا هەڵە کرا و چار چییە؟ «کوردستان» بۆ تاوتوێی ئەم بابەتە دیمانەیەکی لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار و سیمای دیاری حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە:

٣٩ ساڵ له‌وه‌ پێش ڕێژیمی پاشایه‌تیی په‌هله‌وی له‌ ئاکامی ڕاپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ریدا ڕووخا. له‌ ڕووی تیۆری و دوایه‌ش ئاقاری ڕووداوه‌کان ئێستاش ئه‌و پرسیاره‌ هه‌ر جێی مشتومڕه‌ که‌ ئایا ئه‌و شۆڕشه‌ ئیسلامی بوو یان نه‌بوو؟ ڕەنگبێ ئەهەمیەتی باسەکە لەوەڕا بێ کە ئەو کاتە ڕووحانیەت لە ئێران نفووزێکی زۆر تایبەتیی هەبووە و دوای ٤ دەیە بڵێی ئەو نفووزە یان ئەو جێگەوپیگەیە ئێستاش لە کۆمەڵگەی ئێراندا لە جێی خۆی مابێ یان نا؟
هەتا ئێستاش ئەو ناکۆکیی بیروڕایە هەیە کە ئەرێ ئێمە بڵێین شۆڕش، بڵێین ڕاپەڕین، بڵێین بزووتنەوە؟ شتی جۆراوجۆری ناو لێدەنێین. بەهەرحاڵ لانیکەمی ئەوەیە کە ئەوەی لە ئێران ڕووی دا ڕاپەڕینێکە. ئەو ڕاپەڕینە ڕاپەڕینی ڕووحانیەت بوو یان ڕاپەڕینی خەڵک بوو بە ڕەئی من ڕاپەڕینی هەموو خەڵکی ئێران بوو. هەموو خەڵکی ئێران لە دەست سیاسەتی ڕێژیمی پاشایەتی، لەدەست وەزعی خراپی ئابووری و لەدەست نەبوونی ئازادییەکان وەجان هاتبوون و چین و توێژ و نەتەوەی جۆراوجۆری ئێران هەموویان داخواز و مەبەستی تایبەت بە خۆیانیان هەبوو. بۆ وەدیهاتنی ئەو ئاواتانە کە لەمێژ بوو لە دڵیاندا هەبوو هاتبوونە مەیدان، بەڵام لە ڕاستیدا وا نیە کە بڵێی شۆڕشەکە بەدەست خەڵکی دیکەوە بوو، وەک هێندێک جار دەگوترێ ئاخوندەکان هاتن بە تاڵانیان برد. ڕەنگە جەنابت وەبیرت نەیە بەڵام ئەو وەختی قسەیەک دەگوترا کە خەڵکی ئێران هەموو دەزانن چیان ناوێ بەڵام نازانن چیان دەوێ. ئەوە ڕاست بوو بەڵام لەسەر خەڵکەکەی دیکە ڕاست بوو. پیاو حەق بڵێ لەسەر دەم و دەزگای دینی یان ئاخوندەکان بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی ڕاست نەبوو، چونکی ئه‌وان ده‌یانزانی. ئه‌من له‌بیرم نیه‌ که‌نگێ بوو به‌ڵام به‌ ده‌یان ساڵ پێش، به‌ ئیحتمالی زۆر ده‌وری 20 ساڵ پێش ئه‌و وه‌ختی نامیلکه‌یه‌کم دی به‌ناوی به‌رنامه‌ی ئینقلابی ئیسلامی. نازانم کتێبخانه‌یه‌کی چکۆله‌‌ی قاچاغم هه‌بوو له‌ وڵات ماوه‌ یان نه‌ماوه‌ به‌ڵام له‌وێدا ئه‌وه به‌رنامه‌یه‌ هه‌بوو. ئه‌وان ده‌یانزانی چ بکه‌ن. ‌پاشان حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاخونده‌کان ڕێکوپێک بوون. حیزبیان هه‌بوو، به‌ قه‌ولی شه‌هید دوکتور قاسملوو کادری حیزبییان هه‌بوو، کووبڵی حیزبییان هه‌بوو. کادری حیزبی ده‌وری سێسه‌دهه‌زار ئاخوند بوون و کووبڵی حیزبی سێسه‌دهه‌زار مزگه‌وت بوو که‌ هه‌مووشی له‌ یه‌ک سه‌رچاوه‌ ده‌ستووری وه‌رده‌گرت. ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ختی‌ پێیان ده‌گوت شۆڕشی نه‌واره‌کان. خومه‌ینی به‌و زمانه‌ «شیرین»ـه‌ی خۆی که‌ بۆخۆمان ده‌زانین چۆنی قسه‌ ده‌کرد شریتێکی پڕ ده‌کرده‌وه‌ و له‌ نه‌جه‌ف یان له‌ پاریس ڕا ده‌ینارده‌وه‌ له‌ ماوه‌ی دوو شه‌ووڕۆژ سێ شه‌ووڕۆژدا ده‌یان و سه‌دان هه‌زار کۆپیی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌گیرا و له‌ هه‌موو دێ و شار و بڵێین کووچه‌ و کۆڵاناندا ئیستفاده‌ی لێ ده‌کرا. که‌وابێ ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌، ئه‌و شۆڕشه _ناوه‌که‌ی کێشه‌ نیه‌ هه‌رچی بێ_ گوناح نیه‌ بڵێین هی مه‌لاکان بوو. مه‌لاکان ڕێبه‌رییان کرد، مه‌لاکان هیدایه‌تیان کرد و به‌رهه‌مه‌که‌ش ئه‌وان‌ خواردیان؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مه‌عنایه‌ نیه‌ که‌ خه‌ڵک ئه‌وه‌ی ده‌ویست. خه‌ڵکی دیکه‌ له‌ ئیران یه‌کێک پێی خۆش بوو به‌رنامه‌ی فه‌رهه‌نگی له‌ ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن باشتر بێ، یه‌کێک ده‌یویست به‌رنامه‌ی ئامووزشی له‌ مه‌دارس و دانیشگاکان باشتر بێ، یه‌کێک ده‌یه‌ویست وه‌زعی ئابووری باشتر بێ، یه‌کێک ده‌یەویست چیدیکه‌ له‌ مافە نه‌ته‌وایه‌تییەکانی بیبه‌ش نه‌بێ. هه‌موو ئه‌مانه‌ی تێدا هه‌بوون. به‌ڵام چونکی ئه‌مانه‌ ڕێکخراو نه‌بوون، نه‌ حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری هه‌بوو بتوانێ هیدایه‌تیان بکا نه‌ جه‌بهه‌یه‌ک هه‌بوو. ئاخوندکان که‌ ئه‌وان ڕێکوپێک بوون گره‌وه‌که‌یان برده‌وه‌.

ئەدی دوای چوار ده‌یه‌ ئێستاش پێتان وایه‌ ئاخونده‌کان و ڕووحانیه‌ت ئه‌و پێگه‌ به‌هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یان هه‌یه‌ له‌ ئیراندا که بوویان‌؟
بێگومان ئه‌و پێگه‌ به‌هێزه‌ مه‌عنه‌وییه‌یان نەماوە. ساڵ 57 له‌ جه‌ریانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا خه‌ڵک به‌ عه‌لاقه‌وه هه‌موو شتێکی به‌ قسه‌ی خومه‌ینی ده‌کرد به‌ ئیمانه‌وه‌ ده‌یکرد ئێستا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام له‌ موقابیلدا نوقته‌ قوه‌تێکی دیکه‌یان هه‌یه‌‌. ئەگەر ئەو وەختی تەنیا کۆمەڵێک ئاخوندی هوشیار و شێلگیر _بەتایبەتی ڕێبەرییەکە_ زیدی ڕێژیم بوون، ئێستا بۆخۆیان ڕێژیمێکن کە هەموو سەرچاوەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. با بڵێین ئەو کات نەوەد لە سەدی خەڵک بوون ئێستا دە لە سەدن. بەڵام ئەو دە لەسەدە هەموو ئیمکاناتی مادی، ئابووری، سیاسی، دیپڵۆماسی، تەبلیغاتی، چی ئەتۆ دەتەوێ هەمووی لەبەر دەستی ئەواندایە. کەوابێ پێگەی توودەییان وەک جاران بەهێز نیە بەڵام دەسەڵاتیان زۆر لەو وەختی بە قوەتترە.

مامۆستا فەرمووت کە خەڵک ئەوەی نەدەویست کە ئێستا کە لەبەری هەڵدەگرێتەوە یان ڕۆژانە لەگەڵی بەرەوڕوویە. ئایا خەڵک ئیشتبایان کرد کە شۆڕشیان کرد و ئایا دەبێ ئەو خەڵکە لۆمە بکرێن کە بۆ وایان کرد؟
ئەمن پێموایە ڕاپەڕین له دژی نیزامی دووهەزار و پێنسەد ساڵەی پاشایەتی به هیچ حاڵێک ڕاپەڕینێکی بەهەڵە نەبوو، چونکی ئەو ڕێژیمە بە ئەندازەیەک دەرحەقی هەموو کۆمەڵی ئێران بە هەموو نەتەوە و چین و توێژەکانیەوە ناحەقیی کردبوو کە بۆیە دەبوو لەدژی ڕاپەڕن. کەوابێ بە باوەڕی من هەڵەیان نەکردوە، ئامانجەکانیان ڕەوا بوون. هەڵەکە لەوەدا بوو کە بەبێ بەرنامە بوون، یەکنەگرتوو بوون و نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان وەدی بێنن. ئەوەی کە ڕێکخراو و بە بەرنامە بوو توانی ئامانجەکانی وەدی بێنێ. هەر وەک لەبیرمانە ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامی دەیگوت ئیقتساد هی حەیواناتە ئەو خەڵکە ئینقلابی بۆ ئەوە نەکردوە یاڕەڵماسی هەرزان ببێ، بۆ مەعنەویات کردوویانە. ئێستا با لەوە گەڕێین کە بۆخۆی چەندەی باوەڕ بەوە هەبوو، بەڵام ئەو ئامانجانەی ئەو خەباتی بۆ کردوون دەتوانین لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی له لایەن دەمودەزگای دینییەوە خولاسەی بکەینەوە. ئەوەی جڵەوی شۆڕشەکەی بە دەستەوە بووە ئامانجی ڕاپەڕینەکەشی بە دەست هێناوە، بەڵام ئەوانەی ڕێبەرییان نەکردوە و نەقشی کاریگەریان تێیدا نەبووە نەیانتوانیوە به ئامانجەکانیان بگەن. بەوحاڵەش ئامانجەکانیان موقەدەسن کە بۆ وەدیهێنانیان دژی ڕێژیمی پاشایەتی خەباتیان کردوە.

دەی خۆ قسەی خومەینی ڕاستە کە دەیگوت ئێمە شۆڕشمان بۆ هەرزانکردنی یاڕەڵماسی نەکردوە، چونکی ئەگەر سێ شۆڕشی گەورەی دنیا، شۆڕشی فەڕانسە و شۆڕشی ئێران و شۆڕشی ڕووسیە بە نموونە وەرگرین لە هەرسێکیاندا وەزعی ژیانی خەڵک و گوزەران و ئابووریی ئەو ساڵانەی کە وا ئەو شۆڕشانەیان تێدا کرا به نیسبەتی ساڵانی پێشووی باشتر بووە؟

نا، وەک عەرزم کردی ئامانجەکانی شۆڕش جۆراوجۆر بوون، ئابووری بوون، کۆمەڵایەتی بوون، فەلسەفی بوون، هەموو ئەو شتانە هەبوون، بەڵام ئەوە کە بڵێین ساڵی 1357 وەزعی ئابووریی خەڵک چاکتر بووە لە ڕابردوو و ئەوانە، هەموو دەکرێ بڵێین پێش سەرکەوتنی ئینقلاب بووە؛ دەنا دوای سەرکەوتنی ئینقلاب وەزعێکی باشتر نەهاتە گۆڕێ. لە جەریانی ئینقلابدا ئێرانێک کە لەسەر دەریای نەوت دەژیا و لەسەر دۆڵارە نەوتییەکان دەنووست، سەری کیسەی دەکردەوە و ئیمکاناتی زیادی دا بەو هیوایە کە بتوانێ بە پووڵ و پارە پێشی ئەو ڕاپەرینە بگرێ، ئیمکاناتی ماددیی بۆ خەڵکی پتر کردبوو، بەڵام شەرت نیە ڕاپه‌ڕینێک کە ئەوڕۆکە دەبێ، حەتمەن سبەینێ وەزعی ئابووری و وەزعی فەرهەنگی لە ڕابردوو چاکتر بکا، چونکە شۆڕش بەتایبەتی لە وڵاتانی دواکەوتووی وەکوو مەنتەقەکەی ئێمە بە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تا حەددێکی زۆر هەموو ئاسیا و ئەولاتریشەوە بڕۆیە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، ئەوەی پێیان دەڵێن دنیای سێهەم، عادەتەن شۆڕش وێرانیی لێ بەجێ دەمێنێ، ئەو وێرانییە چەند ساڵ دەبێ خەڵک باجەکەی بدەن، وەزع چاکتر نابێ، بەڵکوو خرابتریش دەبێ، بەڵام هەدەفەکە ئەوەیە کە هەم دەسەڵات لە دەستی چینە زۆردارەکان بێتە دەرێ و بکەوێتە دەستی تەبەقاتێک کە خەڵک باوەڕی پێیان هەیە و لەنێو خەڵک هەڵقوڵاون، هەمیش‌ بەرەبەرە بناغەی نەزمێکی دیکە دابنرێ، نەزمەکە فەرهەنگییە، ئابوورییە، تەبلیغاتییە یان هەموو جەنبەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی.

مامۆستا ئێستا وەزعەکە تەواو پێچەوانە و جیاوازە لە بارودۆخی پێش شۆڕشی 57. دەبینی کە وەزعی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ماف و ئازادییەکانی خەڵک چۆنە. پێتان وایە کە شۆڕشێکی دیکە چاوەروانی خەڵکی ئێمە دەکا یان کۆمەڵگەی ئێران چیدیکە بەلای شۆڕشدا ناچێ و بیر لە ڕێگەی دیکە دەکاتەوە بۆ گۆڕانکاری؟
ئەمن وەکوو هێندێک ڕێکخراو یان کەسی خواپێداو!! ناتوانم پێشبینیی زەمان بکەم، بەڵام پێموایە شۆڕشێکی دیکە ناچار دەبێ ببێ، چونکی ئەو وەزعە ناتوانێ تاسەر بەردەوام بێ، دەبێ ئەو وەزعە بگۆڕێ، لە حاڵێکیشدا کە دێموکراسی لە وڵاتدا حاکم نیه‌ و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا گوێ بە قسەی خەڵک نادا، چارناچار دەبێ ڕاپه‌ڕینێکی دیکە ببێ تا بتوانێ ئەو نەزمە وەرگێڕێ، کەوابێ خەڵک نەک تەنبێ نەبوون و نابێ تەنبێ ببن، بەڵکوو دەبێ هەوڵ بدەن زووتر ئەو هەدەفانەی لە ڕاپه‌ڕینی 57دا نەیانتوانی بە دەستیان بێنن و ئەوە 40 ساڵیشە بە دواییاندا وێڵن و لێیان مەحروومن، وەدی بێنن، پێم وانیە ئەوە تەواو بووە.

جەنابتان ئەزموونی ژیان و خەبات بە دژی هەردووک حاکمیەتەکەت هەبووە و لە ڕاپه‌ڕینیشدا بەشداریتان کردوە. پێتان وایە شەرایتەکە، شەرایتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکە و ئامادەیی خەڵک و بوێری و ڕوحیاتی خەڵکەکە وا دەبینی کە ئێستا بیانەوێ خۆ لە قەرەی شتێکی وا بدەن؟
هێندێک شتی ئێستا لە زەمانی شای خراپترە. مەسەلەن لە زەمانی شایدا، بەتایبەتی لە یەکساڵەی پێش ڕووخانی شادا ئەوەندە ئیمکاناتی ڕەفاهی ڕژابوو بۆ هەمووان کە خەڵک دەیانتوانی بە 6 مانگ بێنە سەر شەقام و کارەکەیان بەجێ بهێڵن و ژیانیشیان تەئمین بێ، ئێستا ئەکسەرییەتی کۆمەڵگەی ئێران ئەو بوونیە ئابوورییە بەهێزەی نیە و ئەوە زەعفێکە؛ بەڵام لە موقابیلدا ئەو فشار و نائۆمێدییە، ئەوەی پێی دەڵێن سەرخوردەگی ئەوەش گەیشتۆتە جێگایەک کە بە قەولی مارکسیستەکانی زەمانی قەدیم، خەڵک جگە لە زنجیرەکان هیچیان نەماوە لە دەستی بدەن. بۆیە ئەوەی کە دەڵێن هەلومەرجی عەینیی ڕاپه‌ڕین، ئەو هەلومەرجە هەیە، یانی وای لێ هاتوە کە نە خەڵک بۆی تەحەمول دەکرێ و نە حاکمیەت دەتوانێ تا سەر ئاوا بەردەوام بێ. مادام حاکمیەتیش ئەوەی تێدا نیە کە بتوانێ خۆی بگۆڕێ، چارناچار هەر دەکێشرێتە ڕاپه‌ڕینێکی دیکە.

ئەگەر ئەو پرسیارە بەو ڕوویەدا بکەین، هەر لە ساڵەکانی دوای شۆڕشەوە کە شەڕ دەستی پێکرد و پاشان کە شەڕ تەواو بوو، باس لەوە کرا حاکمیەت توانای ئیدارەکردنی وڵاتی نیە و ناتوانێ وڵات بەڕێوە بەرێ، بەڵام دەبینرێ ئەو حکوومەتە ئەوە 4 دەیەیە بەردەوامە. هێز و قووەتی ئەو ڕێژیمە چی بوو کە توانیویەتی سەرەڕای هەموو گەندەڵیی سیستماتیک و ئەوانە لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ؟
وەختی خۆی ئێمە ئیختلافێکمان لەگەڵ چەند کەسی دیکە هەبوو، هێندێک دەیانگوت ڕێژیم سەقامگیر بووە، ئێمە دەمانگوت سەقامگیر نەبووە. دەیانگوت ئەوە نیە بیست ساڵە هەیە، ئێمە دەمانگوت ئەگەر بە مانەکەی بێ ساڵی هەوەڵێش هەر مابوو. سەقامگیری ئەوەیە کە خەڵک قبووڵیان کردبێ و مەشرووعیەتی هەبێ و یان هیچ نەبێ دەسەڵاتی هەبێ، غەڵەبەی پەیدا کردبێ، ئەمن لەبیرمە دەورانی شای _ئەتۆ ئیشارەت بە دەورانی شاش کرد_ لە مەنتەقەیەکی کە ئەمنی لێ دەژیام، لە سەردەشت، لەسەر پردی کەڵوێ کە نزیکە لە سەردەشت و وورە لە مەهاباد پاسگایەک هەبوو جاری وابوو ١٠ نەفەری لێ بوو جاری وابوو ٧ نەفەری لێ بوو. لەوێ بەولاوە هیچی لێ نەبوو تا دەگەیشتە مەنتەقەی پیرانشار بەڵام دوو ژاندارم وەڕێ دەکەوتن بۆ هەر ئەمریکی دەوڵەتی ئەو مەنتیقە وەسیعەی دەگەڕان چیان ئەمر کردبایە جێبەجێیان دەکرد، کەس نەیدەتوانی فکریش لە نافەرمانی بکاتەوە، بەڵام ڕێژیمی جمهوری ئیسلامی لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەک پایەگایەکی دانابوو. ئەوە سەقامگیری نیە. سەقامگیری ئەوەیە کە ڕێژیمەکە لەگەڵ ئەوەی خۆشەویست نیە، بێزراوە بەڵام غەڵەبەی کردبێ. ئێستا بە باوەڕی من وەزعەکە فەڕقی کردوە. ئەوەی پێی دەڵین و دەتوانین پێی بڵێین سەقامگیری، نەوەک وەک دەورانی ڕێژیمی پاشایەتی بەڵام تا حەدێک پەیدا بووە ئێستا دیاردەی نیزامگەری لە وڵاتەکە بەو ئەندازەیە نەماوە بەتایبەتی ئەگەر بچینە دەرەوەی کوردستان ئەوە دیاردەیە زۆر کەم بووە لە کوردستانیش زۆری فەڕق کردوە بەڵام ئەوەی ئەو ڕێژیمەی تا ئێستا ڕاگرتوە بە باوەڕی من نە ئیسلاحاتی ئیقتسادی، نە ئیسلاحاتی سیاسی، نە مەحبووبیەتیەتی. بەڵکوو تەنیا ئیعمالی زەبروزەنگ و بێڕەحمییەکی لە ڕادەبەدەرە. ڕەنگە ئەوە موقایسەیە زۆر خۆش نەبێ بەڵام دەکرێ بڵێین فەرقی ئەم ڕێژیمە دەگەڵ ڕێژیمی پاشایەتی ئەوەیە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی پاشایەتی ئینسانی ئەم عەسرە بوون و زاڵم بوون بەڵام ئەوانەی ئێستا بەڕاستی ئینسانی ئەم عەسرە نین لەگەڵ دنیای موتەمەدین نایەنەوە. پاشا ئەگەر زوڵمی دەکرد، ئەگەر خەڵکی دەکوشت ڕەنگە پێی وانەبووبێ گوناحی کردوە، بەڵام لانیکەم پێی وانەبوو عیبادەتی کردوە. ئەمانە کە خەڵکی دەکوژن پێیان وایە عیبادەتیان کردوە و ئەجریشیان دەدرێتێ. بۆیە فەرقەکە یەکجار زۆرە، ئەمانە بەو بێڕەحمییەوە ماون. بە باوەڕی من ئەگەر لەسەرەتادا ئەمانە بەو ئیدە دینییەی توانیان بەسەر کۆمەڵی ئێراندا زاڵ بن ئێستا هەر ئەوە بۆیان دەبیتە بڵێین نوقتەیەکی لاوازی.
ڕەنگە لە هەڵەدا بم بەڵام پێم وایە ئەو بزووتنەوە ئیسلامییانەی لە مەنتەقەی ئێمەدا هەن، لە ئێران خەتەریان کەمترە، بۆ؟ لە جێی دیکە بۆیە خەتەریان هەیە چونکە خەڵک دەرەبەگایەتییان ئیمتحان کرد، سەرمایەدارییان ئیمتحان کرد، جۆرێک سۆسیالیزمیان ئیمتحان کرد ئەو خۆشبەختییەی لێی دەگەڕان نه‌یاندی، بۆیە وەدوای ئیسلامگەرایی کەوتن کە گۆیا هەم لە دونیا هەم لە قیامەت خۆشبەختییان دەداتێ، بەڵام لە ئێران کە ڕێژیمی دینی ئیمتحان کراوە خەڵک وەدوای ناکەوێ، لەدەست ئەمە نەجاتیان بێ باوەڕ ناکەم ڕێژیمێکی دیکەی دینی بێنن. بەباوەڕی من نوقتەی قوەتیان هەر زەبروزەنگ و بێڕەحمییە. دووپاتی دەکەمەوە: نەجات بوون لەو ڕێژیمە ئاسان نیە، بەڵام ئیجبارییە و هەردەبێ ڕوو بدا.

مامۆستا کوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ کە دەکەوێتە قۆناغێکی دیکە لە خەبات و مافخوازی و وەزعیەتی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. پێتان وایە کوردستان زەرەرمەندی سەرەکیی شۆڕشی ساڵی ٥٧ بوو؟ یان بە پێی هەلومەرجی ئێستای کوردستان یان ئەو مەوقعیەتە کە ئێستا کوردستان لە موبارزە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیەتی بۆ ئەو جێگای شانازییە و هەنگاوێک بۆ پیشەوەیە لە چاو کۆمەڵگه‌ی ئیران؟
ئەمن پێم وایە بە هیچ حاڵ دروست نیه‌ ئێمه‌ بڵێین کوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کی له‌ ئینقلابی ئیسلامی بووه‌، چونکە ده‌توانین بڵێین ئه‌مڕۆ کوردستان نه‌‌ک وه‌ک شوعار بڵێین سه‌نگه‌ری ته‌سخیرناپه‌زیره. به‌ڵام ته‌نیا مه‌نته‌قه‌یه‌ که‌ تەسلیمی کۆماری ئیسلامی نه‌بووه،‌ ئیده‌کانی جودابیری، ئازدیخوازی، ئازادمه‌نشیی له‌ خۆیدا هه‌ر ڕاگرتوون. کەوابێ کوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م نیه‌ و که‌متر له‌وانی دیکەش زیانی پێ گەیوه‌. ئه‌گه‌ر باسی کوشتن بێ زۆری لێ کوژراوه‌، ئه‌گەر‌ قسە لە زوڵم و زۆری ئابووری بێ، زۆری بینیوە. ‌هه‌رچه‌ند به‌ینی خۆمان بێ خەڵکی کوردستان به‌ جۆرێکی ‌دیکه‌ ئەمەیان قەرەبوو کردۆته‌وه‌، ئێستا کوردستان ئیدی دواکه‌وتووترین مه‌نته‌قه‌ی ئێران نیه،‌ ئێستا کوردستان برسیترین ناوچەی ئێرانیش نیه،‌ ئێستا شارێکی وەک بانە لە کوردستان بۆ تاران بۆتە دوبەی. که‌وایه‌ کوردستان دیسان لەتوانایدا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ ڕۆژی خۆی هات جارێکی دیکه‌ ببووژێته‌وه‌ و بێته‌وه‌ مه‌یدان و نه‌قشی خۆی یاری بکا. ئەمن پێم باش نیه‌ ئێمه‌ لەسەر نەخشی کوردستان موبالغه‌ بکه‌ین و بڵێین ئێران لە کوردستانەوە ئازاد دەبێ. ئەمە شوعارێکی زێدەڕۆیانەیه‌. ئێران له‌ ئێرانه‌وه‌ یان ئه‌گه‌ر جێیه‌ک دابنێین، له‌ تارانه‌وه‌ ڕزگار دەبێ.‌ به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌و پارچه‌ زه‌مینه‌ی پێی ده‌ڵێن کوردستان هێندی هه‌موو پارچه‌ زه‌مینه‌کی به‌قه‌دەر خۆی له‌ شوێنەکانی دیکەی ئێران و بگرە زیاتریش له‌ هه‌ر ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێکدا که‌ له‌ ئیران هەڵگیرسێ، نەخش یاری دەکا.

هه‌میشه‌ له‌ ساڵیادی شۆڕشدا ئه‌و پرسیاره‌ ده‌کرێ که‌ به‌ڕاستی کورد توانیوێتی له‌ شۆڕشی ساڵی 57 ئیستفاده‌ بکا یان کورد بۆخۆی نه‌یتوانیوه‌ کێشه‌ نێوخۆیه‌کانی کورد نه‌یتوانیوه‌ به‌راستی؟
ئێمە هەست بە برینی خۆمان ده‌کەین و سروشتییشە، بۆیه‌ پێمان وایه‌ خه‌ڵکی دیکە لە هیچیان کەم نیە. ڕاسته‌ ئێمه‌ ئیختلافاتمه‌ن زۆره‌ زۆر عه‌یبمان هه‌ن، به‌ڵام کام له‌ هیزه‌ سیاسییه‌کانی ئێران، کام له‌ هیزه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ی کورد لە ئێمە که‌م خیلافترن و پتر لەمه‌یداندان و حزووریان زۆرتره؟ کەوایە له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ وەک کورد ده‌ڵێ له‌ چاو شەلان په‌یتین. (ڕه‌نگه‌ په‌یته‌که‌ له‌ په‌یکه‌وه‌ هاتبێ). ئێستاش کوردستان له‌ هه‌مووان باشتره‌، بۆ ئێمه‌ هێنده‌ به‌ عه‌ینه‌کی ڕەش تەماشای کوردستان بکه‌ین؟ خۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ که‌ ئەوە غەمی خۆمانه‌ حه‌قمانه‌ گله‌یی له‌ ته‌ک ته‌کمان بکه‌ین، له‌ حیزبه‌کانمان بکه‌ین ته‌نانه‌ت گلەیی له‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیش بکه‌ین. زۆرجار ئێمه‌ هه‌ر به‌سه‌ری حیزبه‌کاندا ده‌دەین و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هەڵداوێرین. نه‌خەیر ئه‌وانیش نه‌قشیان هه‌یه،‌ ئه‌وانیش به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا دابه‌ش ده‌بن، ئه‌وانیش نه‌قشی خۆیان وه‌ک عاملێکی فشار یاری ناکه‌ن. ساڵی 1358 شتێک به‌ ناوی هەیئه‌تی نمایه‌ندگیی خه‌لقی کورد دروست بوو. باوه‌ڕ بکه‌ خه‌ڵک به‌زۆری به‌سه‌ر حیزبەکانیاندا سه‌پاند، پیاوماقووڵان و نوێنه‌رانی له‌ شاره‌کان ڕا هاتنه‌ ده‌رێ گوتیان ده‌بێ ڕێک که‌ون تا حه‌دێک له‌ نه‌تیجه‌ی تین بۆهینان و ئیسراری خه‌ڵکه‌که‌دا بوو که‌ ڕێک که‌وتن. خه‌ڵک ئێستاش ده‌توانن ئه‌و نه‌قشه‌ بگێڕن. که‌ نایکەن، ئه‌وانیش گله‌ییان له‌سەره‌.

ئێوه‌ پێتانوایه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕایتێکی وا بێته‌ پێشێ ئێمه‌ ده‌توانین ئیستفاده‌ی لێ بکه‌ین؟
ئه‌من پێم وایه‌ ئیستا له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌موکوڕییه‌کان، له‌گه‌ڵ هه‌موو دوورییه‌کانمان له‌ مه‌یدانه‌ ئه‌سڵییه‌که‌ ئه‌وه‌ی پێیان ده‌ڵێن ئه‌حزابی سیاسی ئوپۆزیسیونی کوردی ده‌وری خۆیان هه‌یه، پێگه‌ی خۆیان هه‌یه‌ و بێ ئه‌ده‌بی نابێ ئه‌گه‌ر بڵێین دیسان نوقته‌ی ئومێدی خه‌ڵکن.

مامۆستا زۆر سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی پێت داین. ئه‌گەر‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شۆڕشی داهاتووی ئێران و کوردستان ‌ شتێکی نه‌گوتراو هه‌یه‌ باسی بکه‌ن؟
شتی نه‌گوتراو له‌وانه‌یه‌ زۆر بێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ حەز ناکه‌م ئه‌وه‌نده ‌به‌ به‌دبینییه‌وه‌ لەخۆمان بڕوانین، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رکۆنەی خۆمان بکه‌ین، ده‌بێ له‌ هه‌مووکەس زیاتر که‌م و کۆڕییه‌کانمان ببینین، چونکە ئه‌گەر نه‌یانبینین ناتوانین چاره‌سه‌ریان بکه‌ین به‌ڵام نابێ که‌موکووڕییه‌کانمان ببنه‌ باعسی نائومێدیمان.
( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)