Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۶ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 17/08/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

زمان لە نێوان ماف و شوناسدا

20/02/2018 | 14:39:37
+A
-A
سمایل شەڕەفی

ڕۆژی ٢١ی فێورییە لە لایەن رێکخراوی یونێسکۆوە بە «رۆژی جیهانیی زمانی دایکی» یان «زمانی زگماکی» دیاری کراوە. ناولێنانی ئەم رۆژە بە رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، کە بە مەبەستی بایەخدان بە جۆراوجۆریی زمانی و کلتووریی گەلان لەلایەن یۆنسکۆوە ڕاگەیاندرا، بۆ ساڵی ١٩٩٩ زایینی دەگەڕێتەوە. کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە هۆی گرینگیی پرسی زمانی دایکی و ئەم بڕیارە بەجێیەی یونێسکۆ، ساڵی ٢٠٠٨ی وەک ساڵی جیهانیی زمانەکان ڕاگەیاند.
***
یەکێک لەو نەتەوانەی کە بە بایخەوە دەڕوانێتە ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، نەتەوەی کوردە کە وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی سەر ئەم گۆی زەوییە، جیا لە بەشیک لە نیشتمانەکەی(هەرێمی باشووری کورستان)، تا ئێستایش نە تەنیا ئێعتراف بە زمانەکەی نەکراوە و ئیزنی خوێندن و نووسینی ڕەسمیی پێ نادرێ، بەڵکوو وەک پرسێکی یاساغ و قەدەغەکراو هەڵسووکەتی لە گەڵ دەکرێ.
لە باکووری کوردستان تا ئێستایش نەتەنیا نووسین بەڵکوو تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی و ناوهێنانی کوردستان و کوردیش لە شوێنە ڕەسمییەکاندا لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە بە تاوان دادەنرێ و سزای قورسی بۆ دیاری کراوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا لەگەڵ ئەوەیکە لە ئەسڵێکی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە ئاشکرا باس لە «کەڵکوەرگرتن لە زمانی مەحەللی و «قەوم»ی لە چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان و هەروەها خوێندن و نووسین بەم زمانانە لە پەنا زمانی رەسمیی وڵات» کراوە، بەڵام تا ئێستایش کە نزیک بە ٤٠ ساڵ بە سەر تەمەنی ئەم ئەسڵە لە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمدا تێدەپەڕێ، ئیزنی خوێندن و نووسین بە زمانی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان بە کورد نەدراوە.
دژایەتیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ بە ڕەسمی ناسینی زمانی کوردی و ئیزن نەدان بە خوێندن و نوسینی ئەم زمانە لە ناوەندە ڕەسمییەکانی فێرکاریی وەک قوتابخانەکان و دواتر زانکۆکاندا، ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە سیاسەتی دژیگەلییانەی ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەیەوە هەیە. دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران کە بەشێک لەماهییەتی وجوودی و ڕوانینی بۆ پرسی نەتەوەکان پێوەندی بە ڕوانینی مەزنیخوازیی نەتەوەی باڵادەستەوە هەیە، لە سۆنگەی ڕوانینی بۆ ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی و کلتووریی نەتەوەکانی جیا لە خۆی _ هەم وەک نەتەوەی باڵادەست و هەم وەک نیزام و دەسەڵاتی سیاسی _ تا ئێستا هەوڵی داوە پێش بە گەشە و نەشەی زمانی کوردی لەم چوارچێوە جوغرافیایەدا بگرێ کە «ئێرانی پارسی» پێ دەگوترێ.
بۆ ئەوەی پێش بە نەتەنیا بەڕەسمی ناسین و ئیزننەدان بە خوێندن و نووسین بەم زمانە بگرن، تەنانەت لە زۆر ڕێگاوە نزیک بە چوار دەیەیە ئەم دەسەڵاتە دژی گەلییە، سیستماتیک هەوڵی شێواندن و لە کۆتاییدا خاپوورکردنی زمانی کوردی دەدا. هەر لە هاندانی کۆمەڵێک پێنووس ڕزیوی زڕەکوردەوە بگرە کە مەجالیان بۆ کردبوونەوە تا بە نووسینی کۆمەڵێک هەڵیت و پڵیت بسەلمێنن کە «گویش کردی» بەشێکە لە زمانی فارسی، تا وەڕێخستنی ئەو کاناڵە ئوستانیانەی کە لە سەرەتاوە زۆریان هەوڵ دا هەر ئەم پەیامە بگەیەنن! کە هەموو ئەم هەوڵانە نەزۆک مانەوە.
لە پەنا هەموو ئەم هەوڵانەی دەسەڵات بۆ سڕینەوەی زمانی کورد، هیمەتگەلێکی ئازایانەی دەروەست لە ناخی کۆمەڵگەی کوردستانەوە سەریان هەڵدا و بەگژ ئەم سیاسەتەدا چوونەوە کە توانیان دوای بڕینی قۆناغگەلێکی سەخت و دژوار و پڕ لە کۆسپ و تەگەرەی خۆی و نێوخۆیی، لە کۆتاییدا زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕەسەنایەتیی خۆی نەتەنیا بیپارێزن، بەڵکوو گەشەی پێ بدەن.
چالاکانی فەرهەنگی، نووسەران، شاعیران و ئەدیبان و مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و دەرەوەستی ئەم نیشمانە، بە پێشەنگایەتیی مامۆستا هێمن و بە دەرکردنی گۆڤاری سروە، دواتر بە دامەزرانی ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان، کۆبوونەوەی بەردەوامی شاعیران و ئەدیبان لە دەوری یەکتر، بڵاوکردنەوەی ساڵانە بە دەیان کتێب بە زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی دەیان کۆڕ و فستیڤاڵ و کارنەڤاڵی کولتووری و لەم ساڵانەی دواییدا بە پێکهێنان و بەڕێوەبردنی سەدان فێرگە و ناوەندی فێرکاریی زمان و چاپکردنی کتێبی دەرسیی تایبەت بە فێربوونی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی، توانیان نەتەنیا سیاسەت و هەوڵە دژیگەلییەکانی دەسەڵاتی ناوەندگەرای تاران پووچەڵ بکەنەوە، بەڵکوو بە دەیان هەزار کەس لە کوڕان و کچانی ئەم نیشمانە فێری زمانی دایکیی خۆیان بکەن.
هاوکات لە گەڵ ئەم هەوڵە بەردەوامانەدا بەتایبەت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وەرێخستنی کەمپەین و کۆکردنەوەی ئیمزا و نووسینی نامە ڕوو بە ئۆڕگانە پێوەندیدارەکانی وەک پارلمانی ئێران، دەوڵەت و وەزارەتی پەروەردە و زانست، داوایان کردوە کە لە سەر بنەمای خودی یاسای بنەڕەتی و ئەسڵی ١٥، لە قوتابخانەکان ئیزنی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بدرێ کە دیارە تا ئێستا هیچ وڵامێکی ئەرێنیی پێ نەدراوەتەوە.
هەر وەک لە زۆربەی مەنشوورە جیهانییەکاندا ئاماژەی پێ دراوە، نەتەوەی کوردیش وەک باقی نەتەوەکانی دیکە کە خاوەنی زمانی جیاواز و تایبەتی خۆیەتی، مافی ئەوەی هەیە کە زمانەکەی بە رەسمی دانی پێدا بندرێ، کەوابوو هەر وەک تا ئێستا چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئەدەبی و فەرهەنگی، لێبڕاوانە هەوڵیان داوە کە ناوەندەکانی پێوەندیداری ڕێژیم لەم پرسە ئاگادار بکەنەوە و داوایان لێ کردوون کە ئاوڕ لەم پرسە گرینگە بدەنەوە، جێی خۆیەتی ئەم پرسە ببێتە خەمی گشت تاکەکانی کۆمەڵگە و، سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە کردوە لە پشت ئەم داوا و مافە ڕەوایەی خۆیانەوە بن.
( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)