بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی زیندانییەکی کورد لە گرتووخانەی شاری مەسجێد سلێمان گورچیلەی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، چەنگیز قەدەمخێر، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران لە گرتووخانەی شاری مەسجێد سلێمان، بە هۆی بێبەری بوون لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، یەکێک لە گورچیلەکانی لە دەست داوە.
ئەوبوندکراوە سیاسییە کوردە، ماوەی چەند ساڵێکە تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ کاربەدەستانی زیندان ئیزنیان نەداوە بۆ چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان سەردانی نەخۆشخانە بکا.
دەستێوەردانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پەروەندەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ناوبراویان لە چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بێبەری کردووە.
چەنگیز قەدەمخێر خەڵكی كامیارانە و مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەوروبەری شاری سنە، لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر كرا و لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی و ئەندامەتی لە حیزبێكی كوردیدا” بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكووم کراوە و ئێستا بۆ بەندیخانەی مەسجێد سلێمان دوورخراوەتەوە تا شارەکەی خۆیان ٤٧٠ کیلۆمێتر دوورە.