لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی زمانی دایک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رووبە سەرجەم گەلانی نێو جوغرافیای ئێران ، بە تایبەتی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی چالاکانی فەرهەنگی ومەدەنیی کوردستان بانگەوازێکی بڵاو کردوە.
لەو بانگەوازەدا وێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەو رۆژە گرینگە هاتووە:
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاوڕ لە هەوڵ و خەباتی دڵسۆزانەی ڕووناکبیران، مامۆستایان، نووسەران، تویژەران و وێژەوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیوخۆی ئێران دەداتەوە کە سەرەڕای گوشار و هەرەشە و کارشکێنیی دام و دەزگا حکوومەتییەکان، لە پاراستنی زمانەکەیان و خزمەتکردن و بووژاندنەوەی غافڵ نین.
لە درێژەی ئەو بانگەوازە لە سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی کورد داوا کراوە
ڕۆژی زمانی دایک بکەن بە دەرفەتێک بۆ دەنگ هەڵبڕێن دژی سەرکوتی زمانی و پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی دیکەی ئێران. بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیکەی ٤٠ ساڵە تەنانەت لە سەر ڕێی جێبەجێبوونی ئەو لانیکەمە لە مافی زمانیی پێکهاتەکانی ئێرانیش کە لەقانوونی ئەساسیدا هاتووە، بوون بە کۆسپ و ڕێگر و کردوویانە بە هەوێنی بانگەشەی مۆرەکانی خۆیان لە بە ناو هەڵبژاردنەکاندا و، بەم جۆرە گاڵتە بە شعوور و ویستی ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و زمانییانە دەکەن.
ئێمە داواکارین لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە تایبەتی لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، بە ئامانجی مەحکوومکردنی ستەم و سەرکوتی زمانی و نەتەوەیی لە ئێران و، بەرزڕاگرتنی زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆتان ببن بە یەکپارچە چالاکی. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە لە زانکۆکان، قوتابخانەکان، ئیدارەکان، بنکە و ناوەندە کولتوورییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەو ڕاگەیەنانەی دەنگتان پێیان دەگا، بەو پەڕی ڕاشکاوی و بوێرییەوە ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆتان لە سیاسەتی زمانی و نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەنەوە. داوامان لە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان، مامۆستایان، قوتابیان، خوێندكاران و چالاكانی فەرهەنگی و مەدەنی ئەوەیە كە بە هەر شێوەیەك بۆیان دەگونجێ، لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، یەکگرتوانە و بە كردەوە دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بكەنەوە.