سەرلەبەیانی رۆژی شەمە ١٧/٠٢/٢٠١٨دووهەم رۆژی کۆنگرەی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست کۆمەلێک راپۆرت ئامادەکرابوون و پێشکەش بە لیژنەی کۆنگرە کران کە لەناویاندا پشتیوانی لە عەفرین و کۆتایی هێنان بە هێرشی تورکیە وەک راپۆرتی کۆنگرە دەنگی هێنایەوە و پاشان پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ ئەو رێکخراوانەی داوای ئەندامەتیان کردبوو خرانە دەنگدانەوە و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندام لە لایەن کۆنگرە دەنگی تەواوی وەرگرت. شایانی باسە یەکیەتیی لاوان لە قۆناغی داهاتوودا خۆی بۆ قۆناغی ئەندامیەتی تەواو ئامادە دەکات و بە بەرنامە و پلاتفۆرمێکی نوێ بۆ لاوانی رۆژهەڵات، بەشداری لە چالاکییەکانی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیستدا دەکات.
سکرتاریای یەکیەتیی لاوان وێڕای دەستخۆشی بە هاوڕێ هوومەن سەعدیە نوێنەری یەکیەتیی لاوان لە ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست، سپاسی تایبەت ئاراستەی دوست و هاوپەیمانانی رێکخراوەکەمان دەکات کە لەو مەیدانەدا هاوکار و پشتیوانی یەکیەتیی لاوان بوون، لەوانە لاوانی چەپی نۆروێژ، لاوانی سوسیالیستی لەهێستان، لاوانی سوسیال دێموکراتی فەڕانسە، بزوتنەوەی لاوانی فەتحی فەلەستین، لاوانی کارگەری ئیسڕائیل و هەروەها لاوانی چەپی وێنێزۆئێلا
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە کۆنگرەی سی و سێهەمی لاونای ئینتێر ناسیۆناڵ سوسیالیست رۆژی ١٦/٠٢/٢٠١٨ لە پۆدگاریسای وڵاتی مۆنتێنێگرۆ بە بەشداری زیاتر لە سەد رێکخراوی جیهانی تایبەت بە لاوان دەستی پیکرد و یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا رێکخراوی کوردی بەشدار لەو کۆنگرە جیهانییە بوو.