فەرمانداری شاری جوانڕۆ، دژایەتی خۆی لە هەمبەر داواکاریی چالاکانی مەدەنی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ پشتیوانی لە عەفرین دەربڕی.
ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری جوانڕۆ، بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر مەحکووم کردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر شاری عەفرین، لەگەڵ دژایەتی فەرمانداری ئەو شارە بەڕەوڕوو بوونەوە.
چالاکانی مەدەنیی شاری جوانڕۆ، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ فەرمانداری ئەو شارە، داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە هەمبەر پشتیوانی لە شاری عەفرین، لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕێبەندان، لە چوارڕێیانی سەرەکیی شاری جوانڕۆ کردبوو، فەرمانداری ئەو شارە لە دانی ئیزنی بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە خۆی بواردووە.
ماوەیەک پێش، چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی ورمێ و سنە، بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە شاری عەفرین، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە.
ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە هێرش ئاسمانی بەربڵاوی بۆ سەر شاری عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان، دەست پێکرد و لەو هێرشانەدا ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی بریندار و کوژران و هەروەها شەرێکی توند لە نێوان هێزەکانی “یەپەگە” و ئەرتەشی تورکیە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش چەندین سەربازی تورکیە لەو شەڕەدا بە دەستی هێزەکانی “یەپەگە” کوژراون.