خەڵکی مافخوازی کوردستان!
ڕۆڵە وشیارەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان!
هۆگران! پارێزەران و بەرگریکارانی زمانی کوردی لە وڵاتی ئێران!
وەک دەزانن ٢١ی فێوریەی هەموو ساڵێک (ئەمساڵ ٢ی ڕەشەمە) لە ئاستی جیهانیدا وەک ڕۆژی زمانی دایک ناسراوە و لەنێو گەل و نەتەوەكانی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەكرێتەوە.
مرۆڤ بوونەوەرێكی شوناسخوازە و زمان لە نواندن و سەلماندنی ئەو شوناسەدا پێگەیەكی تایبەتی هەیە. زمان پڕڕەنگترین نوێنگەی شوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بە ڕێگەی زمان، ژیان و شوناسی خۆی و دەوروبەر مانا دەكاتەوە. زمانی دایك، نەک هەر زمانی ئاخاوتن، بەڵكوو زمانی عاتیفە، زمانی هەست و بیركردنەوەی مرۆڤەكانە. هەر ئەم ڕاستییانەش وایکردوە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، گرنگی بە مافەکانی پێوەندیدار بە زمان بە تایبەتی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک بدەن. بەشێک لەو مافانە لە پەسندکراوە نیودەوڵەتییەکانی وەک ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، ڕێککەوتننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەكان، كۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە سیستمی پەروەردە و فێركاریدا، كۆنڤانسیۆنی مافەكانی منداڵان، كۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێكی نژادی، بەیاننامەی مافی كەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی، ئێتنیكی و زمانییەكان و ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەکاندا، ڕەنگیان داوەتەوە و پێیان لەسەر داگیراوە.
ئێران لەڕووی پێكهاتەی زمانی، نەتەوەیی، ئایینی و كولتوورییەوە، وڵاتێكی فرەچەشن و فرە نەتەوەیە. بەڵام دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە جیاتی داننان بە بوونی ئەو نەتەوانە و بەڕەسمی ناسینی مافەکانیان و یەک لەوان قبووڵکردنی خوێندن بە زمانی خۆیان، ئینکار و سەرکوت و لە پەڕاوێز خستنی ئەو زمانانەیان کردوە بە سیاسەتی خۆیان. بە فەرمی نەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایك بۆ ئەم نەتەوانە، لەڕووی دەروونی، پەروەردە، كولتووری و زمانییەوە بووە بە سەرچاوەی گرفتی گەورە و زیانی قەرەبوونەکراو. لێكدانەوە و خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیك و سیاسی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەم مافەی بەرەو ئاقارێكی دیكە بردووە. سیستمە شوینیستیەكان، شوناسی خۆیان تێكەڵكێشی زمانی باڵادەست كردوە و وەك ئامرازێك بۆ سەركوت و لەپەراوێزخستنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە كاریان هێناوە. دەسەڵاتداران لە پەیوەندی لەگەڵ مافی زمانی و مافەكانی دیكەی پێكهاتەكانی ئێران، كۆمەلێك پاساو و هۆكار دێننەوە كە لە بنەڕەتدا بەلارێدا بردنی واقعی كێشەكەیە؛ بۆ نموونە بەكارهێنانی چەمكی “كەمینە” و “وردە فەرهەنگەكان”. بە تەواوی ئاشكرایە كە كۆی كەمینەكان(نەتەوە ژێردەسەتەكان)، زۆرینەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە پێكدێنن، لە كاتێكدا لە سەرەتاییترین مافەكانیان بێبەشن. ئەم چەمكانە لەسەر بنەمای هەڵاواردن و بەفەرمی نەناسینی جیاوازییەكان و نكۆڵیكردن لە مافە سروشتی و سیاسییەكانی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و زمانی و ئایینیەكانی ئەم وڵاتە بنیات نراوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەكەوێتە چوارچێوەی سەركوتێكی سیستماتیكەوە كە لایەنێكی یاسایی پێدراوە.
لەڕوانگەی دەسەڵاتدارانەوە، زمانی دایكیش هەڕەشەیە بۆ سەر “بەرژەوەندیی نەتەوەیی”، “یەكپارچەیی خاك” و لە هەمان كاتدا، بیانوویەكە بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆییخوازی. هەر بۆیە پێیان وایە كە ئەم چەمكە فەرمییانە دەبێت كۆڵەكە سەرەكییەكانی” شوناسی رەسەنی” ئێرانی بن.
لایەنگرانی سیاسەتی تەك زمانی، بریتین لەو كەسایەتی، ڕەوت و لایەنانە كە تەنها خاڵی هاوبەشیان، ڕەنگە هەمان زەروورەتی پاراستی پێگەی پاوانخوازانەی زمانی نەتەوەی باڵادەست بێ. ئەمە لە هەمان كاتدا بووەتە هۆی بە كەمگرتنی زانست و ئەدەب و كولتووری نەتەوەكانی دیكە و بێ بایەخ كردن و تواندنەوەیان. گرتنەبەرى ئهم سیاسەته، لە ڕاستیدا بنەمای فكری، سیاسی و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕەوتە بێدەسەڵات و هاوبیرەكانیان بووە بە درێژایی مێژوو تا دەگاتە ئێستا.
ئەم جۆرە ڕوانین و سیاسەتە، بە كردەوە گورزێكی مەترسیداری لە پێكهاتەی فرەچەشن و ڕەنگاڵەیی ئێران داوە و مەترسیی لەنێوچوون و لەپەراوێزخستنی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەكانی دیكەی بەدواوە بوو. بەڵام، بێتوانایی و لاوازیی پێكهاتەیی سیستمی سیاسی لە بەرەوپێشبردنی ڕەوتی یەكسانسازی و ئاسێمیلاسیۆنی فەرهەنگی و زمانی لە لایەک و، وشیاریی نەتەوە بندەستەکان و بەرگریکردنیان لە زمانی خۆیان، هۆكاری سەرنەكەوتنی بووە.
ئەم ئیدیعایە كە بەفەرمی ناسینی زمانەكانی غەیرە فارسی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ویست و ئۆگری بە جیابوونەوەی نەتەوەكانی غەیرە فارس، زۆرتر لە ژێر كاریگەریی “تئوری توطئه” و ماهییەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداراندا بووە. ئاشكرایە كە سەپاندنی زمانێكی تایبەت دەكەوێتە چوارچێوەی زمان كوشتن و سەركوتێكی سیستماتیك بە تەواوی ماناوە. لە كاتێكدا لەم سەردەمەدا بە دەیان وڵاتی جیهان زیاتر لە یەك زمانی فەرمییان هەیە، سیستمی پەروەردە و فێركارییان چەند زمانەیە و زۆربەشیان خاوەنی سیستمێكی سیاسیی سەقامگیر و دێموكراتیكن.
ئێمەی نەتەوەی كوردیش، وەك نەتەوەیەكی خاوەن فەرهەنگ و شارستانیەت، لە ڕابردوو و تەنانەت لە ئێستاش كە زمان و كولتوورمان لەلایەن كولتوورە زاڵ و باڵادەستەوكانەوە مەترسیی سڕینەوە و لەنێوچوونی لەسەرە، بە ئەركێكی نیشتمانی هەر تاكێكی كوردی دەزانین پرسی زمانی دایكی و پاراستنی بە هەند وەربگرێ و هەوڵی پاراستن وگەشەپێدانی بدا.
بانگهوازی ئێمە:
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاوڕ لە هەوڵ و خەباتی دڵسۆزانەی ڕووناکبیران، مامۆستایان، نووسەران، تویژەران و وێژەوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیوخۆی ئێران دەداتەوە کە سەرەڕای گوشار و هەرەشە و کارشکێنیی دام و دەزگا حکوومەتییەکان، لە پاراستنی زمانەکەیان و خزمەتکردن و بووژاندنەوەی غافڵ نین.
لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا بانگەوازی ئێمە بۆ تێکڕای ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە: ڕۆژی زمانی دایک بکەن بە دەرفەتێک بۆ دەنگ هەڵبڕێن دژی سەرکوتی زمانی و پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی دیکەی ئێران. بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیکەی ٤٠ ساڵە تەنانەت لە سەر ڕێی جێبەجێبوونی ئەو لانیکەمە لە مافی زمانیی پێکهاتەکانی ئێرانیش کە لەقانوونی ئەساسیدا هاتووە، بوون بە کۆسپ و ڕێگر و کردوویانە بە هەوێنی بانگەشەی مۆرەکانی خۆیان لە بە ناو هەڵبژاردنەکاندا و، بەم جۆرە گاڵتە بە شعوور و ویستی ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و زمانییانە دەکەن.
ئێمە داواکارین لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە تایبەتی لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، بە ئامانجی مەحکوومکردنی ستەم و سەرکوتی زمانی و نەتەوەیی لە ئێران و، بەرزڕاگرتنی زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆتان ببن بە یەکپارچە چالاکی. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە لە زانکۆکان، قوتابخانەکان، ئیدارەکان، بنکە و ناوەندە کولتوورییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەو ڕاگەیەنانەی دەنگتان پێیان دەگا، بەو پەڕی ڕاشکاوی و بوێرییەوە ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆتان لە سیاسەتی زمانی و نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەنەوە. داوامان لە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان، مامۆستایان، قوتابیان، خوێندكاران و چالاكانی فەرهەنگی و مەدەنی ئەوەیە كە بە هەر شێوەیەك بۆیان دەگونجێ، لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، یەکگرتوانە و بە كردەوە دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بكەنەوە.
بە هیوای هەر چی پڕ شکۆتر بەڕێوەچوونی ڕۆژی زمانی دایک لە کوردستان.
ناوەندى هاوكاریى حیزبەکانی كوردستانى ئێران
28ی ڕێبهندانی 1396
17ی فێورییهی 2018
(ناوەندى هاوكاریى حیزبەکانی كوردستانى ئێران لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێڕان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتووه.)