دەسبەسەرکراوێکی کورد، دوای ٤٠ ڕۆژ ڕاگرتن لە گرتنگەکاندا، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگواسترا و چارەنووسی هەروا ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاو هەواڵدەرییەکان، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی “محەممەد ئیبراهیمی”، تەمەن ٥٠ ساڵ خەڵكی گوندی “کۆنەلاجان”ی سەر بە شاری پیرانشار، دوای ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە و لە کاتی لێكۆڵینەوەدا مافی هەبوونی پارێزەری پێ نەدراوە.
پاش بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە کوردە، ئاگادار کراونەتەوە کە محەممەد لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە. بەرپرسانی ئەم زیندانە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە، کە “محەممەد ئیبراهیمی” هەتا کاتێکی نادیار مافی ئەوەی نیە چاوی بە کەس بکەوێ.
محەممەد ئیبراهیمی، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو. تا ئامادەکرانی ئەو هەواڵە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە بە سەریدا سەپاون هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە، بەڵام مەئموورانی ئیتلاعات هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییەیان بۆ “هاوکاری کردنی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حكوومەتی ئێران” گەڕاندۆتەوە.