کرێکارێکی کورد، خەڵکی شاری کامیاران، بە هۆی پێنەدانی مووچەی مانگانەی خۆی لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە، خۆی سووتاند.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆیەەکان، یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری کامیاران بە ناوی “بیژن قۆڵزووی” بە هۆی پێنەدانی مووچەی دواکەوتووی چەند مانگ لەوەپێشی لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە، خۆی سووتاند و پاش چەند ڕۆژ، ڕۆژی ڕابردوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.
کەسێکی نزیک لە ناوبراو گوتی، هەوڵی خۆسووتاندنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی دواکەوتنی مووچەی چەند مانگەی خۆی بووە.
هەروەها دەڵێ: کرێکارانی شارەداریی شاری کامیاران، ماوەی چەند مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەو کرێکارەش بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر ئەم کارە دەستی داوەتە خۆسووتاندن و بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی، ڕۆژی ڕابردوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز ماڵاوایی کە ژیان کرد.