لاوێکی کورد، خەڵکی شاری مەلەکشای سەربە پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووری شاری مێهران گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، چەند ڕۆژ پێش، لاوێکی کورد بە ناوی”یوونس کازم زادە” خەڵکی شاری مەلەکشای ئیلام لە ناوچەی سنووریی شاری مێهران بە هۆی تەقینەوەی مین، هەر لەوێ گیانی لە دەست دا.
عیسا بازیار، کەسێکی شارەزا کە زیاتر لە ١٣ ساڵە لە لە بواری هەڵگرتنەوەی مین چالاکی دەکا گوتی، بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری مێهران لەم ساڵدا، ٥ کەس کوژراون.
شایانی باسە بە پێی سەرچاوەکانی ئامار، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٣ کەس بوونەتە قوربانی مین، کە ٣ کەسیان کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام و خووزستان، بە پانتایی نزیکەی ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مین چێندراون.