پاش ٢٦ ساڵ بەندکرانی، زیندانییەکی سیاسی کورد لەگەڵ دژکردەوەی پارێزەرێکی کورد بەرەوڕوو بوویەوە.
حوسین ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ناسراوی کورد، ٢٦ ساڵ بەندکرانی عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێی بە “نادادپەروەرانە” زانی و ڕایگەیاند” ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک مانەوە لە زیندان، زۆر سەختە”.
ئەو پارێزەرە کوردە دەڵێ: “ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ، لە حاڵی تێپەڕاندنی سزایەکدایە کە ناعادڵانە بەسەریدا سەپێنداروە”.
پاش زیاتر لە ٢٦ ساڵ زیندانی، ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردەی خەڵکی پیرانشار هێشتا لە مافی ئازادی ڕەوا و مورەخەسی بێبەش بووە و تەنانەت بۆ یەکجاریش نەتوانیوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ.
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە خەرمانانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی”تەرگەوەڕ”ی شاری ورمێ دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی، پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکی دادگای ئینقلاب لە شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی قازی “چابۆک” حوکمی زیندانی عوسمان مستەفاپووری بۆ ٣٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕی.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران دەرکردووە و ئەوەشی بە حوکمەکەیەوە زیاد کردووە.