دوای هاتنە سەرشەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوەی جۆراجۆر بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ، هەر لەو پێوەندییەش کەمپینێک لە ژێرناوی سووتاندنی کارتی بەسیجی”پێکهات.
بەشێک لە ئەندامانی سپای پاسداران یان کەسانی هەڵخەڵەتاو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە حاکمیەت و، پاڵپشتی کردن لە خەڵک، بە سووتاندنی کارتی ئەندامیەتی لە بەسیج ، فیلم و وێنەیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و، بەوجۆرە وازیان لە خزمەتکردن بە ناوەندە ئەمنییەکان هێنا.
هەروەها لە نێو چینی خوێندکار و کارمەندەکانی نیزامیش بە نیشانەی مەحکوومکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپاو بەسیج، ڕاوەستانیان بە دژی خەڵک، بە سووتاندنی کارتی بەسیج بێزاری خۆیانیان لەو بارەوە دەربڕی.
هەروەها لە حەوتووی ڕابردوو لە شارەکانی کوردستان، بەتایبەتی لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار ، کۆمەڵێک بەسیجی و بەکرێگیراو کە خزمەتیان بە ڕیژیم و پیلانەکانی سپای پاسداران دەکرد، بە تەحویلدانەوەی کارت و چەکی خۆیان ، وازیان لە خۆشخزمەتی بۆ ڕێژیم و، ڕاوەستان بەدژی خەڵکی خۆیان هێناوەو، گەڕاوەنەتەوە بۆ باوەشی گەل.
شیاوی باسە لە دوای خۆپێشاندانی بەربڵاوی خەڵکی شارەکانی ئێران و کوردستان بەنیسبەت گەندەڵی و گرانی و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک، بە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران هەڵمەتی سووتاندنی کارتی بەسیجی دەستیپێکرد و کۆمەڵێک خەڵک وازیان لە سیخوڕی کردن هێنا.