محەممەد سەدیق کەبوودوەند لە ڕاگەیەندراوێکدا، بە توندی ڕەخنەی لە ویژدانە نەنووستووەکانی جیهان گرتووە، کە لە بەرانبەر هێرشی تورکیە بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆهاوای کوردستان بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
محەممەد سەدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە ویژدانە نەنووستووەکان دەکا، کۆتایی بە بێدەنگی خۆیان لە هەمبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر عەفرین بێنن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەسەڵاتداری دەوڵەتی تورکیە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە پەروەردە کردن و ڕەوانە کردنی گرووپی تێرۆریستیی و داعشییەکان بۆ وڵاتانی عێراق و سووریە، دەستی لە کوژرانی هەزاران هاووڵاتیی بێتاوانی “کوردی”ی سووریە و عێراقیدا هەبووە و بەشداری چالاکانەی لەو پرۆسەدا کردووە.
دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیە، بە کۆکردنەوەی گرووپەگەلێ وەک: داعش و ئەلنەسرە و ئەلقاعدە و هەروەها هێندێک لە بەکرێگیراوان و جەنایەتکارانی هەڵهاتووی بار هێناوە و بە ڕەوانەکردنی دووبارەیان بۆ ڕۆژاوا کوردستان لەژێر ڕێنوینی ڕاستەوخۆی ئەرتەشە داگیرکەرەکەی، عەمەلیاتی جەنایەتکارانەی وەچەکوژی نوێی کوردی لە وڵاتی سووریە ڕێکخستووە.
ئەرتەشی داگیرکەر ئەردۆغان و گرووپە تێرۆریستییەکانی هاوپەیمانی، لە ماوەی ١٩ ڕۆژی ڕابردوودا، سەدان کەسی لە خەڵکی بێتاوان و بێماڵ و حاڵی کانتۆنی عەفرینی لە خوێن وەرداوە.
پێویست بە ئاماژەیە خەڵکی کورد بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پشتیوانیی ڕەسمی و نێونەتەوەیی لە ئاستی جیهاندا و نەبوونی نوێنەر لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و نەبوونی دەوڵەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زیاتر لە ١٠٠ ساڵە کە دیلی ٤ دەوڵەتە و قوربانی ساتوسەودای نادادپەروەرانەی ناوچەیی و جیهانی بووە.