سندووقی پشتیوانی لە مندالانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان “یوونیسێف” زۆربوونی توندوتیژییەکان و شەڕ لە عێراق، لیبی، سووریە و یەمەن ژیانی منداڵانی خراپتر کردووە و لە یەک مانگی ڕابردوودا لەو وڵاتانە 83 منداڵ قوربانیی کارەساتەکانی شەر بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەوالدەریی فەرانسە، سندووقی پشتیوانی لە منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان “یوونیسێف” لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای هۆشداریدان لەبارەی ژیانی خراپی منداڵان لە وڵاتانی شەڕلێدراوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشکرای کردووە لە مانگی یەکەمی زایینی لانیکەم ٨٣ منداڵ گیانیان لەدەست داوە کە زۆربەیان لە سووریە بوون.
سەرۆکی یوونیسێف لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە: “زۆربوونی شەڕ و توندوتیژییەکان لە عێراق، لیبی، سووریە، فەلەستین و یەمەن بەرەنجام و کاردانەوەی تێکدەرانەی لەسەر ژیانی منداڵان هەبووە”.
هەورەها ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە: “تەنیا لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا لە تێکهەڵچوون و تەقینەوە خۆکوژییەکاندا ٨٣منداڵ کوژراون و کۆمەلێکی دیکەش لە کاتی هەڵاتن لە ناوچەکانی شەڕ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەست داوە”.
بەپێی هەمان سەرچاوە تەنیا لە وڵاتی سووریە 59 منداڵ کوژراون، لە یەمەنیش بەهۆی هێرش و شەڕ و بۆردومانەوە 16 منداڵ بوونەتە قوربانی.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: “لە بنغازی، لە ڕۆژهەڵاتی لیبی، ٣ منداڵ لە هێرشێکی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە و ٣ منداڵی دیکەش لە کاتێکدا لە شوێنی بۆمبە چێنداوەکان یارییان کردووە، کوژراون”.
منداڵێکی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی مین لە شاری مووسڵ لە عێڕاق و منداڵێکی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە گوندێک لە نزیک ڕاموڵا لە ڕۆژئاوای غەزە کوژراوە.
هەروەها یوونیسێف ئاماژەی بەوەش کردووە لە وڵاتی لوبنان ١٦ ئاوارەی سووری، بۆ وێنە ٤ منداڵ کە لەگەڵ کەسوکاریان لەو وڵاتە هەڵاتوون، بەهۆی تۆفان و سەرماوە گیانیان لەدەست داوە.