بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بە دەستمان گەشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی دڵسۆزێکی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردایەتی بە ناوی کەریم ئەحمەدپوور لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. کاک کەریم ئەحمەدپوور کوڕی مامۆستا مەلا برایمی گاگەشی سەروو، سەربە ناوچەی مەنگوڕایەتی شاری مەهاباد و برای پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی ناوبراو لە دایکبووی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتماندۆستە کە لە پێناوی تێکۆشەرانی دێموکرات لە هیچ خزمەتیک دەریغییان نەکردوە.
ئەو بنەماڵە شۆڕشگێڕە چ سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و چ سەردەمی ڕژیمی ئیسلامی، بە هەموو تواناوە خزمەتیان بە خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان کردوە.
خزمایەتی بنەماڵەی کاک کەریم لەگەڵ تێکۆشەرانی ناسراوی گەلەکەمان کاک حەسەن رەستگار، مامۆستا رەسووڵ پێشنماز، مامۆستا مەلا محەممەد عەبباسی و بوونی کاک عەلی کوردستانی برای و بنەماڵەکەی لە ڕیزەکانی حیزبدا هۆکار بوون بۆ ئەوەی بکەونە بەر ئەزیەت وئازاری دامودەزگای سەرکوتگەری ڕژیمەکانی شا وحکومەتی ئیسلامی و هەر بەوهۆیەوە ناچار بوون ماڵ و زێدی خۆیان جێ بهێلێن و ڕوو لە شاری مەهاباد بکەن.
وەک دەگوترێ کاک کەریمیش بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی و نەبوونی ئیمکانات پزیشکی لە دوای ئەوە عەمەل دەکرێ دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی .
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای پرسە و سەرەخۆشی کردن لە سەرجەم کەسوکارو بنەماڵەی کاک کەریم ، خۆی لە خەمیان بە بەشدار و شەریک دەزانێ