ئازیتا موئمنی کچی لوقمان موئمنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کێبەرکێیەکی هونەری تایبەت بە گورانی وتنەوە دوای تێپەڕاندنی قوناخەکان، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
بەرنامەی هونەری کوردستان کیدس ڤۆیس بە بەڕێوەبەری کاناڵی پلیستانک تیڤی Pelistank TV ، دەورەیەکی کردەوە بۆ منداڵانی لێهاتووی چوار پارچەی کوردستان و نیشتەجێ لە باشووری کوردستان و لە نێوان منداڵانی هەڵبژێردراو و لێهاتوو، لە کۆتاییدا پێنج منداڵ دوای ١٦ قوناخ گەیشتنە فیناڵی ئەو بەرنامەیە.
شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەندان لە دوایین بڕگە، ئازیتا توانی بە پشتیوانی لایەنگرانی و، هەروەها لێژنەی هەڵسەنگاندن لە کێبەرکێی دژواردا، ببێ بە کەسی یەکەم و نازناوی ئەستێرەی کوردستانی کیدس ڤۆیسی پێبەخشرا.
جێی وەبیرهێنانەوەی گرووپی ناسین و تاقیکردنەوەی “کوردستان کیدس ڤۆیس” لە ١٢ دەڤەری باشووری کوردستان ٦٠ منداڵیان بە خاوەن بەهەری هونەری ناساند و ، دواتر لە لایەن لێژنەوە ٢٥ منداڵ کەوتنە کێبەرکێی هونەری و، لە ئاکامدا ئازیتا موئمنی خەڵاتی یەکەمی بە دەستهێنا.
ئازیتا موئمنی ناسراو بە ئازیتا لوقمان لە دایکبووی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و تەمەن دەساڵانە و ئێستاش لە قوناخی ٥ی سەرەتایی خەریکی خوێندنە، ئەو کچە بەهرەمەندە بە پاڵنەری بنەماڵەکەی لە باخچەی منداڵانەوە هۆگری گورانی کوردی بووەو بە وتەی شارەزایانی بواری مووسیقی، کەسێکی لێهاتوو و داهاتوودارە.
شیاوی باسە گرینگیدان بە گورانی و بەشداری کردنی لەو کێبەرکێیە کە نزیک بە ٨مانگی خایاند، رێگرنەبووە لە خویندن و لەویشدا منداڵێکی سەرکەتوویە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئاواتەخوازی بۆ سەرکەوتنی سەرجەم منداڵانی لێهاتووی کورد ،وەدەستهێنانی نازناوی ئەستێرەی کوردستان لە لایەن ئازیتا موئمنییەوە ، لە سەرجەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات پیررۆزبایی دەکا و، داهاتوویەکی گەشاوە بۆ ئەو کیژۆڵە هونەرمەندە بە ئاوات دەخوازێ.