Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۶ | 21/02/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

سەمای سەربەستی

06/02/2018 | 04:04:12
qaderilxaaaaa
قادر عەلیخا

لە سەرەتای وەرزێكی سپی و

لە نێو جەرگەی وڵاتێكی

سپی  سپی  سپی دا،

تاجەگوڵێكی سپی لە سەر نابوو،

 

جووتێك كەوش و

كراسێكی ئاودامێن و

تارایەكی گوڵ سەهۆڵی

سپی سپی سپی لەبەردا بوو.

 

بەسەر شەقامێكی كافووریدا و

بەسواری ئەسێكی

سپی سپی سپی،

هات

هێور هێور

خەرامان خەرامان،

 

زێڕەو شانی دەكرد

بە وردە ئەڵماسی سپی

ئاسمانیش،

 

هەزاران چاو مۆلەقی ڕێی

تامەزرۆی دیداری،

 

هەزاران دڵ

مەستی سەمای سەربەستی بوون،

 

هەر چوار چراكەی چوار چرا

بە دەم هەناسەی بایەكی نەرمەوە،

كەوتنە سەما،

 

بە سەر فەڕشێك لە ڕۆحی سپی و

ئەشقی سپی و

سروودی سپیدا هەنگاوی نا و

لە نێوەڕاستی ئاپۆڕەی خەڵكەكەدا

قنج ڕاوێستا،

ئەسپەكەی،

 

هەزاران كۆتری سپی چەپڵە،

هەزاران هاواری سپی شادی

دایان لە شەقەی باڵ و

فڕین  فڕین  فڕین،

ئاسمانیان سپی سپی داگێڕا،

 

قازیش،

بەدڵێكی بێگەردی سپییەوە،

دەستی گرت و

دایبەزاندە سەر كورسییەكی،

سپی  سپی  سپی و

خاكێكی سوور سوور سوور،

بووكی ئازادی.

( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)