Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۵ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۷ | 25/04/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

لە یادی شۆڕش و بەرەو ڕێبەندانێکی نوێ

06/02/2018 | 03:36:49
kamalkarimiiii
کەماڵ کەریمی

ئەم ڕۆژانە ئێران لە ساڵیادی شۆڕشی ٢٢ی ڕێبەندان نزیک دەبێتەوە. ساڵی ١٣٥٧ گەلانی ئێران لەو ڕۆژەدا و بە دوای زیاتر لە ساڵێک خەباتی ئاشکرای خیابانی و دوای هەڵاتنی حەمە ڕەزا شا، کۆتاییان بە تەمەنی ڕێژیمێک هێنا کە لە ماوەی پێنج دەیەی لەدوای یەک، گوێی خۆی لە دەرد و ئازاری ئەو خەڵکە ئاخنیبوو و هاواری ئازادیخوازانەی ئەوانی بە گرتن و زیندان و ئەشکەنجە وەڵام دەدایەوە.

سەرەڕای بەرنامەکانی شا و دەست و پێوەندەکانی لە پێشکەوتنی ئابووری و سەنعەتیکردنی وڵات و پەرەسەندنی ئێران لە بواری فێرکاری و تەندروستی و بە گشتی چوونەسەرێی ئاستی ژیانی خەڵک کە تا ڕادەیەک سیمای ئێرانی گۆڕیبوو، دەسەڵاتی سەرمایەداری بەستراوە بە دەرەوە و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی تاکەکەسی کە خۆی لە دەسەڵاتی شادا دەدیتەوە، لەلایەک ڕۆژبەڕۆژ زیاتر چین و توێژی هەژار و مام ناوەندیی کۆمەڵگەی بەرەو فەقر و نەداری پاڵ پێوە دەنا و، لەلایەکی دیکەوە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان، ساڵ بە ساڵ زاڵبوونی فەزای پۆلیسی بەسەر ئێراندا پەرەی دەگرت و ئازادیخوازانی وڵات زیاتر دەکەوتنە بەر پەلامار و سەرکوتی ئەو ڕێژیمە. لە ئاکامی پێداگری و درێژەدانی ئەو سیاسەتانەدا بوو کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ڕاپەڕیو، ڕێگەیەکیان لەبەر دەمدا نەمابوو جگە لەوەی کە کردیان و تێیدا سەرکەوتن.

ئەو ڕۆژە بوو بە ڕۆژی خۆشیی سەرکەوتنی گەڵ و زیندووبوونەوەی هیواکان بە داهاتوو و گەیشتنی هەموو ئێرانییەک بە ئازادی و ژیانێکی سەردەمیانەی شایانی مرۆڤی ئەم سەردەمە. هەرچەند زۆری پێ نەچوو کە، دەسەڵاتدارانی تازە و بە تایبەت ئاخوندەکانی تینووی دنیا و دەسەڵات بە خۆفەڕزکردنیان لەسەر هێزی شۆڕش و خەڵکی ئێران بەرەبەرە چاوی هیوای ئەو خەڵکەیان کوێر کرد و ئەوانیش هەر جێ پێی خۆیان زیاتر قایم دیت، هەموو ئامانجەکانی خەڵک و شۆڕشەکەیان لەبیر کرد و پێش هەموو شتێک ئازادی ئەو خەڵکەیان لێ زەوت کردنەوە. لە بواری مافی مرۆڤیشدا ڕووی شا و یاسا و زیندانبانەکانیان سپی کردەوە و بۆ ژیانی خەڵکیش وایان کرد، خۆزگە بۆ ساڵانی ڕابردوو بخوازن. ئێستا ٣٩ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێ و وەک هەموو ساڵێک چاوەڕوان دەکرێ کە خەڵک یادی ئەو ڕۆژە بکەنەوە.

ڕۆژێک کە خەڵک بە هی خۆیانی دەزانن نەک دەسەڵاتدارانی ڕێژیم. لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیم هەوڵی داوە بە وەڕێخستنی کارناڤاڵی میلیۆنی لە یادی شۆڕشدا، وا نیشان بدا کە ئەو خەڵکەی لەو ڕێپێوانانەدا بەشدار دەبن بۆ پشتگیری لە ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان و ڕێژیمەکەیانە و ڕێبەری ڕێژیم بە بەردەوامی ئەمەی بە چاوی نەیارانی نێوخۆیی و دەرەکیدا داوەتەوە. هەروەها ڕێژیم هەمیشە هەوڵی داوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە کاری کەمینەیەکی فریوخواردووی دەرەوە لە قەڵەم بدا، بەڵام خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨ و ڕاپەڕینەکانی خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە پانتایی وڵاتدا لە مانگی بەفرانباری ڕابردوو، ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی خستە بەر چاوی جیهان کە خەڵک ڕیزی خۆیان لەو دەسەڵاتدارە ئایینی و نیزامییانە جیا کردوەتەوە کە وەک حەمەڕەزاشا هەموو شتێک بۆ بەهێزکردن و پاراستنی دەسەڵاتەکەیان حەڵاڵ دەکەن.

بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئێران لەم ٣٩ ساڵەدا بەرەو کوێ ڕۆیشتوە و خەڵکەکەی بە کوێ گەیشتوون؟

ئەگەر ٣٩ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هەموو کیشەکانی ڕێژیمی شا لە نێوخۆدا ئێران وڵاتێکی جێی باوەڕ بوو بۆ وڵاتانی دیکە، لە سایەی دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا، ئێران ئیستا لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا یەكێک لە بیزراوترین ڕێژیمەکانی سەردەمە. ئاستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت لە ناوچەدا، گەیوەتە جۆرێ لە بێ متمانەیی تەواو و زۆربەی وڵاتان بە گومانەوە دەڕواننە سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە. هەر ئەمە وای کردوە جگە لەو بێ متمانەییە، بۆ ڕاگرتن و پاشگەزکردنەوەی لەو سیاسەت و کردەوانەی کە دژ بە وڵاتانی دیکە گرتوویەتیە بەر، لە بواری دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بە بەردەوامی بکەوێتە ژێر گوشاری وڵاتە زلهێزەکان. دیارە ئەم کارەش ڕاستەوخۆ شوێنی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە و ئەو وەزعەی خوڵقاندوە کە هەموو خەڵکی ئێران لێی بێزارن و ڕاستەوخۆ بەرپرسانی ڕێژیم بە تایبەت کەسی یەکەم، ڕێبەر عەلی خامنەیی لێ بە بەرپرس دەزانن.

لە نێوخۆی ئێراندا، پێشکەوتنە ئابووری و سەنعەتییەکانی ٣٩ ساڵ لەمەوبەر ڕاوەستاون، کارخانەکان بەرەبەرە بەرەو لە کارکەوتن و داخران دەڕۆن، ئامارە ڕەسمییەکانی دەوڵەت کە زۆریش جێی باوەڕ نین، باری خراپی ژیانی کۆمەڵگەی ئێران دەخەنە بەرچاو. هەژاریی هەوسارپچڕاو، بێکاریی ڕوو لە زیادبوون، پەرەگرتنی نەخۆشییە درمەکان، پێڕانەگەیشتنی تەندروستی، چوونە سەرێی نەخوێندەواری بە هۆی فەقر و نەبوونی ئیمکاناتی خوێندن و پەرەگرتنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر بابەتی دیکە کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ژیانی خەڵک بە تایبەت چینە هەژار و کەم دەستڕۆیشتوەکانەوە هەیە، بەشێکن لەو کارەساتانەی لەو ٣٩ ساڵەدا و لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا نەسیبی خەڵکی ئیران بوون. ئەمە جگە لە زەوتکردن و بەربەست دانان بۆ هەر چەشنە ئازادییەک کە لە چوارچێوەی یاساکانی مافی مرۆڤدا بۆ هەموو ئینسانێک بە ڕەوا دەبیندرێ.

لە کوردستانیش، سەرباری هەموو ئەو بەڵایانەی کە وەک بەشێک لە دانیشتووانی ئێران ڕووبەڕوویان بوەتەوە، بە هۆی کوردبوون و خەباتیان لە پێناو وەدەست هێنانی ئامانجە ئینسانی و نەتەوەییەکانیان، بە بەردەوامی لە ژێر سزای قورسی ئابووری و ئەمنییەتیدا ڕاگیراون. پێشگرتنی بە پلانی پێشکەوتنی ئابوری لە بواری سەنعەتی و کشت و کاڵ و تەنانەت بازرگانییەوە کە هۆکارێکی بەرچاوە بۆ زیادبوونی بێکاری وەک لە کرماشان کە نرخی بێکاری لە ٥٠ لەسەدی تێپەڕاندوە، پەنابردنی خەڵک بۆ کۆڵبەری کە بە کار بە حیساب نایەت و بە نیزامیکردنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان وەزعێکی نالەبارتری بۆ ژیانی خەڵک دروست کردوە. هەر بۆیە ئیستا خەڵکی ئێران بە گشتی بەدەرکی دروست و ناسینی ماهییەتی ڕێژیم، دوای ئەوە هەموو ڕێگەکانی بەرەو گۆڕانیان تاقی کردەوە و دەسکەوتێکیان نەبوو، ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمیان لە تەواوەتیی خۆیدا بە هەموو تاقم و دەستە جۆراوجۆرەکانیەوە هەڵبژاردوە و لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆژانەشدا دروشمی نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیان بەرز کردەوە.

ئەوان دەیانەوێ و دەبێ لە ٢٢ی ڕێبەندانێکی نوێدا دوا پەیامی خۆیان بە گوێی دنیادا بدەنەوە کە، ئێرانێکی ئارام و ئازادیان دەوێ و وەک ساڵی ٥٧ کە جیلەکانی ئەودەم قسەی خۆیان بۆ لادانی حکوومەتی پاشایەتی بردە سەر، ئەمجارە و جیلی ئەم سەردەمە شەڕی حکوومەتی دینی خامنەیی و دارودەستەکەی لە کۆڵ خۆیان و جیهان بکەنەوە. هەنگاوێک کە نە تەنیا ئێران بەرەو ئارامی و پێشکەوتن دەبا، بەڵکوو وڵاتانی ناوچە و جیهانیش لە بەڵای سیاسەتی کۆنەپەرەستانە و تێرۆریزمی دەوڵەتی ڕزگار دەکا.

( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)