Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۷ | 19/09/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

عەفرین؛ کرۆکیی تەنگەژەکە چیە؟

06/02/2018 | 02:43:19
+A
-A
مامەند ڕۆژە

قەیرانی عەفرین بە هێرشی سوپای تورکیە لە چوارلاوە بۆ سەر عەفرین بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی تەکنۆلۆژیای هەرە مۆدڕێن لەم جەنگەدا بەکاردەهێنرێ، لەگەڵ ئەوەی بە هێزەکانی سوپای تورک و هێزەکانی سوپای ئازادەوە تێکڕا ٤٥ هەزار سەرباز لەم جەنگەدا بەشدارن، لەگەڵ ئەوەی تورکیە بە ٣٠٠ تانک و ٨٠٠ نەفەربەر و زرێپۆش، ١٠٠٠ کامیۆنی سەربازی، ٧٢ فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف ١٦، ٨ تۆپخانەی هاوچەرخ کە لە سێلاوە ناوچەکە تۆپباران دەکا، لەگەڵ ئەوەی بە چەندین مووشەکی زەوی بۆ هەوا و هەوا بۆ زەوی، عەفرین دەکوتێ، بەڵام لە ڕووی پێشڕەویی زەمینییەوە ئامانجەکان ئەوە نەبوون کە چاوەڕی دەکران. واتە: جەنگەکە خەریکە دەبێتە جەنگێکی فەرسایشیی درێژخایەن!

لێرە پرسیارێک لە زەینماندا گڵۆڵە دەبێ: گەلۆ قەیرانی عەفرین بەرەو کوێ دەچێ؟ وەکوو گریمانەش دەشێ بڵێین تەنگژەی عەفرین رەهەندی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.

 

عەفرین؛ ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیە

عەفرین ئەو پوازەیە کە پسپۆرەکانی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیە بە پردی پەڕینەوەی کورد لەوبەری فرات بۆ کەنارەکانی دەریای سپی نێوەڕاست ناوی دەبەن. بەڵام ئەمە تەنیا دیدە کلاسیکەکەیە. مەسەلەی عەفرین لەدیدی تورکەکانەوە ڕەهەندی دیکەیشی هەیە: ئەگەر عەفرین وەکوو ئیدارەیەکی کوردی بەتایبەت بەدەست پەیەدەوە وەمێنێ، ئەوە ئاسایشی ستراتیژیی ویلایەتی هاتای (ئەسەکەندەروون) دەکەوێتە مەترسییەوە. چونکە هاتای پێکهاتەیەکی تێکەڵی تورکمان، عەرەب، کورد و سوننی _ عەلەوی هەیە و ئیدیعای زۆری لەسەرە.

ڕەهەندێکی دیکەش ئەمەیە: عەفرین بە نەیاری ستراتیژیی تورکیە (کەجەکە) لە باشورەوە گەمارۆ دەدرێ. جگە لەوە عەفرین سنووری زمینیی تورکیە و جیهانی عەرەبی سوننە لەیەک دادەبڕێ. هەروەها عەفرین ئەگەر وەکوو خۆی وەمێنێ، ئەوە دەبێتە هۆی تەکامولی ژێئۆسیاسیی کوردی. لەبەر ئەم پێگە ژێئۆسیاسییە، تورکیە دەیەوێ هەرچی زووە پێش ئەوەی زیاتر کات لەدست بدا، مەسەلەی عەفرین لە ڕووی سەربازییەوە یەکلایی بکاتەوە. لە ڕووی سیاسیشەوە بە ناوی سوپای ئازاد و بەناوی حکومەتی کاتی سەربە ئیتیلافی ئۆپۆزیسیۆن چەند میلیۆنێک ئاوارەی عەرەب و تورکمانی بۆ وەگوێزێ و نێشتەجێیان بکا. بەمەش پێکهاتەی مرۆیی عەفرین بە یەکجارەکی دەگۆڕێ و ناهێڵێ کورد بگەنە ئەوبەری فرات.

 

عەفرین: خیانەت یان ستراتیژی ڕووسیە؟

هێزە کوردییەکان پێیانوایە کەوا ڕووسیە خیانەتی لە عەفرین کردووە و ئیزندانی ئەوان نەبوایە تورکیە بەهیچ شێوەیەک نەیدەتوانی هێرش بکا. بەڵام ڕووسەکان لە دیپلۆماسیی ئاشکرادا تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ئەمریکا کە هێزە کوردییەکانی پڕچەک کردوە. لەو لاوەش بەشێوەی پاڵەکی دەڵێن: دەبوا هێزە کوردییەکان ناوچەکەیان ڕادەستی هێزەکانی ئەسەد بکردایەتەوە بۆ ئەوەی ئەم تەنگژەیە ڕوونەدا.

لەگەڵ ئەمەش ستراتیژیی ڕاستەقینەی ڕووسەکان ئەمەیە: تا ڕادەیەک بە جڵەو شلکردن بۆ تورکەکان دەیانەوێ درزەکانی نێوان تورکیە و ناتۆ گەورەتر بکەن و تورکیە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. هەروەها پرۆژەی گازی سروشتی ترانس _ بلاک سیی لەگەڵ تورکەکان بەسوودی ڕووسیە واژۆکراوە. ڕووس دەیانەوێ تورک لە عەفرین تووشی جەنگی فەرسایشی ببێ.  هەروەها دەیانەوێ لەم ڕێگەیەشەوە هەڕەشەی هیزە کوردییەکان کە هاوپەیمانی ئەمریکان، لەسەر ڕێژێمی ئەسەد کەم بکەن. بۆیە ئەم جەنگە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان دەکا.

 

عەفرین؛ بێدەنگیی گوماناوی ئێران و سووریە

ڕێژێمی بەشار ئەسەد هەرچەند بەفەرمی ئەم مەسەلەیەی بە داگیرکردنی خاک و پێشێلکردنی سەروەریی سووریە ناو بردوە، بەڵام هیچ پەرچەکردارێکی جیاوازی نەبووە. ئێران واوەترە، چونکە ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە بۆندێکی گەورەتر کە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی کەرکووک و مەسەلەی ڕێفراندۆمەوە لەگەڵ تورکیە لەسەری ڕێکەوتبوون. کاتێک سەردار باقری سەردانی ئەنکەرەی کرد، لەسەر ئۆپەراسیۆنی کەرکووک یەکلایی بوونەوە.

کاتێكیش خلوسی ئاکار ڕۆیشتە ئێران و دواتریش باقری سەردانی سووریەی کرد، لەسەر پرسی ئەسڵیی «عەفرین بۆ تۆ، ئیدلب بۆ من» لەگەڵ یەک ڕێکەوتن و ئێرانییەکان لایەنی شامیان ئیقناع کردووە. بۆیە ئەم پرسە لە نەکاو نیە، بەڵکوو بەردەوامبووی ستراتیژییەکە کە لە مۆسکۆ_ ئەنکەرە_ تاران لەسەری رێکەوتوون. کرۆکی ئەم ستراتیژیەش ئەمەیە: مۆسکۆ_ تاران_ ئەنکەرە و شام پێیانوایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەتەمای دابەشکردنی ناوچەکەن. کوردەکانیش داردەستی ئەم سیاسەتەن و بەبیانووی قەڵاچۆکردنی داعش دەسەڵات و قەڵەمڕەوی کوردەکان گەلێک بەرفراوان بووە. بۆیە دەبێ ئەمە مەقەست بکرێ و ئەگەریش بکرێ لەبارببرێ. واتە: ئەم هێزانە دەیانەوێ بە لێدانی کورد، ئەمریکا ناچاربکەن ئەم ناوچەیە چۆڵ بکا.

 

عەفرین؛ هەڵەی سیاسیی کوردەکان

عەفرین پوازێکە کە لە سێ و بگرە چوار لاوە بە تورکیە و سوپای ئازاد گەمارۆدراوە. پەیەدە نەیتوانی خوێندنەوەیەکی وردتر بۆ پێگەی ژێئۆسیاسی ئەم ناوچەیە بکا، چونکە قوولایی نیە و بەر ناوچەی نفوزی رووسیە کەوتووە کە بەئاسانی دەتوانێ بیکاتە قوربانی. بۆیە بەهەوای ناوچەی جزیرە گوتار و رەفتاری سیاسی خۆی دارشت. لەکاتێکدا دۆخی جزیرە جیاوازە و لەوێ ئەمریکا باڵادەستە کە چی عەفرین بەر نفوزی ڕووسیە کەوتووە و هەردوو زلهێز لە ژنێڤ لەسەر ئەم دابەشکارییە ڕێککەوتوون.

پەیەدە دەکرا لە عەفرین ناوی خۆی و سیاسەتی خۆی بگۆڕایە و سیاسەتێکی فرەرەهەندی بگرتایەتەبەر. بەڵام ئێستا ئەم شرۆڤەیە دادی هیچ نادا، چونکە عەفرین لەناو ئاگردا دەسووتێ و فاکتەری کوردیش تەنها «مقاوەمە»ی بەدەستەوە ماوە. بەڵام ئایا مقاوەمە زۆر شت یەکلایی دەکاتەوە؟ تارادەیەک وایە و ئەگەر فاکتەری بەرخۆدانی کوردی بۆ مانگێک و زیاتر بکشێ، ئەوسا ئەم جەنگە دەچێتە ناو کێشمەکشی ناوچەییەوە و تانوپۆی تری لێدەبێتەوە و دەستی دیکەی تێ وەردەدرێ.

 

ئەنجام؛ سیناریۆکان چین؟

لە ئاکامدا دەتوانین بێژین:

یەک: عەفرین دەتوانێ ماوەیەک مقاوەمەت بکا، بەڵام بەهۆی فشارەکان لەسەر تورکیە و بەهۆی کارەساتی مرۆیی، تورکیە هێرشەکان کەم دەکاتەوە، شریتی سنوور هەر لە شێراوە تاوەکوو بولبول، ڕاجۆ، شیێ و جندرێس داگیر دەکا و ناوچەیەکی تامپۆنی بۆ ئاسایشی خۆی داگیر دەکا، بەڵام جەنگەکە دەبێتە جەنگی ئیستنزافی واتە فەرسایشی و بەشێوەی جەنگی ئاسیمەتریک دەخایەنێ بەڵام ئیدارە کوردییەکە بە لاوازی دەمێنێتەوە.

دوو: ئەگەر هەیە تورکیە و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئەم جەنگە جەخت بکەنەوە و بیانەوێ تا دەرپەڕاندنی پەیەدە لە عەفرین درێژەی پێبدەن. لەم کاتەدا داگیرکردنی عەفرین و جێگیرکردنی سوپای ئازاد (کە لە سەلەفیە جیهادییەکان پێکدێن) بەزیانی رووسیە، ئێران و سووریەیە و پێدەچێ پەرچەکرداری ئەوانی لێ بکەوێتەوە.

سێ: ئەگەر هەیە ئەمریکا لەگەڵ تورکیە ڕێک بکەوێ بۆ ئەوەی بەشێک لە خواستەکانی تورکیە بێنەدی و تورکیە هێرشەکان ڕابگرێ، بەڵام پێدەچێ لەم حاڵەتەدا ئیدارەی کوردی لە عەفرین رەنگ و بەرامەکەی گۆڕانی بەسەردا بێ.

بەگشتی: قەیرانی عەفرین دەرگای وەرزێکی نوێ لەبەردەم کورد دەکاتەوە کە هەم بە هەڕەشە و هەم بە هەلیش دووگیانە.

( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)