Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۵ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۷ | 25/04/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

کارتێکەریی هێزەکانی هاوپەیمان لە دروستبوونی کۆماری کوردستاندا

06/02/2018 | 00:46:55
kamalkarimiiii
کەماڵ کەریمی

لەگەڵ دەسپێکی شەڕی دووهەمی جیهانی و سەرەڕای ڕاگەیاندنی بێلایەنیی ئێران،  ئەو وڵاتە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانەوە داگیر کرا.

یەکیەتیی سۆڤییەت لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران و لە دەریای خەزەرەوە لە ڕێگای تورکەمەنستانەوە هێزەکانیان دەگەیننە ئێران و لە ڕاستیدا بەشی هەرە زۆری باکووری ئێران داگیر دەکەن و هێزەکانیان لە ئازەربایجان و بەشێک لە ڕەشت و گیلان جێگیر دەکەن و تەنانەت لەوبەر دەریای خەزەریشەوە هەتا سمنان هێزەکانیان جێگیر دەبن. هاوکات بریتانیاش کە لە بە‌غدا جێگیر ببوو، لە ڕێگای خانقینەوە هێزیک بەڕێ دەکاتە ئێران لە کرماشان، هەمەدان و قەزوێن جێگیر دەبێ و ئەوە ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ ئەوەی هێزەکانی بریتانیا بتوانن دەست بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان بە تایبەتی لە ناوچەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەقز، سنە هەتا کرماشان و خوارتر دابگرن. بریتانیا هەروەها لە ڕیگەی بەسرەشەوە هێزێک دەنیرنە نێو ئیران بۆ ئەوەی دەست بەسەر کوردستاندا بگرن کە گرینگترین چاڵە نەوتەکانی ئەو دەمی ئێران و ئێستای ئێرانیشی تێدایە تا بەو جۆرە کۆنترۆڵی تەواوی ئەو ناوچانە بکەن. دیارە ئەوە لایەنی سەربازیی کارتێکەریی هێزەکانی هاوپەیمانەکە بڵێین لە کوێوە هاتوون و لە کوێ جێگیر بوون، بەڵام گرینگتر لەوە کاریگەریی هاتن و جێگیربوونیانە لەسەر دۆخ و هەلومەرجی ناوچەکە.

لەو کاتەدا ئەمریکاش کە لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ هاتبووە نێو هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە، بەدوای قایمکردنی پێگەی خۆی لە ئێران و شوێنەکانی دیکەی ناوچەوە بوو.

لەو هەلومەرجەدا سۆڤیەتییەکان بەشێکی زۆر لە خاکی ئیرانیان بەدەستەوە گرتبوو. ئەوان شانسی زۆر زیاتریان هەبوو بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەرییان لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە هەبێ. ئەوان لە هەلومەرجێکدا هێزەکانیان لەو بەشە گرینگەی خاکی ئێراندا مابوو، کە بەهۆی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە توانیبوویان بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات ڕزگار بکەن و حکومەتی سۆسیالیستیی لێ دابمەزرێنن. لە بارودۆخێکدا کە قسەی ئازادیخوازی و دێموکراسی لەسەر ناوی ئەوان تاپۆ ببوو و لە دنیادا وەردەگیرا، لە هەلومەرجێکدا کە لانیکەم دوو نەتەوە لە نێو خاکی ئێران، واتە نەتەوەی کورد و ئازەری لە کوردستان و ئازەربایجان پێشوازییان لە هاتنی ئەوان کردبوو، بۆیە یەکیەتیی سۆڤییەت دەیانتوانی ببنە پیگەیەکی باش بۆ درێژەدانی سیاسەتەکانیان لە ئێراندا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە ئەوە بریتانیاییەکان بوون کە توانیان گرەوی یارییەکە لە ئەوان ببەنەوە و بە تەئسیردانان لەسەر تاران و لەسەر پیاوانی سیاسیی ئێران، سیاسەتەکانی خۆیان ببەنە پێش هەتا ئەو جێیەی کە دوای چوار ساڵ بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی گەورەیان بۆ ساز بێ، سۆڤیەت ناچار بکەن بە بڕیاری ستالین هێزەکانی لە ئێران بەرێتە دەر. ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە دوو نەتەوەی کورد و ئازەری کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا پشتیان بەستبوو بە بوونی ئەو هێزانە، لە ڕاستیدا بە تەنیا بمێننەوە. مەبەستی هاتنی ئەو سپا و هێزانە بۆ ئێران دیارە. سروشتییە هەر سپایەکی بێگانە کە دێتە وڵاتێک بۆ داگیرکارییە و بە مەبەستی دانانی کارتێکەریی سیاسییە لەسەر وڵاتەکە بۆ ئەوەی سیاسەت و ستراتیژییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا جێگیر بکەن. سەرەتای ئەو کارە لەلایەن بریتانیاییەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا و بە لادانی ڕەزاشا دەستی پێکرد. ڕەزاشا کە لە ماوەی ١٦_ ١٧ ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیدا وەزعی ئێرانی وا لێکردبوو کە ناسەقامگیری لە هەموو جێیەک دەبیندرا. مەعلووم بوو کە بریتانیاییەکان نیزامێکی سیاسیی ئەوتۆیان لە ئێران دەویست کە سەقامگیر بێ بۆ ئەوەی بتوانن بەرژەوەندییە دڕێژماوەکانیان لە ئێراندا دەستەبەر بکەن. ئەوان دەیانزانی لە وڵاتێکی ناسەقامگیری وەک ئەوکاتەی کە ڕەزاشا حکومەتی بەسەردا دەکرد بۆ ئەوەی مەبەستیان بوو دەستی نەدەدا، هەر بۆیە پیش هەموو شتێک ڕەزاشایان لادا و کوڕەکەی کە تازە پێ دەگەیشت لە جێگە دانا. بەڵام سەرۆک وەزیرێک ئەودەم دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت_محەممەدعەلی فروغی_ کە لە ڕاستیدا هەم بۆ ئێرانییەکان کەسێکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر بوو، هەم بۆ سیاسەتکردن کەسێکی شارەزا و لەکل دەرهاتوو بوو. ئەو توانی لە ژێر سەرپەرستیی بریتانیاییەکاندا ئیدارەی دۆخی ئەو کاتی ئیران بکا کە بەدەست قەیرانێکی گەورەی وەک هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانەوە گرفتار ببوو. دیارە ئەوەمان لەبیر نەچێ کە یەکێک لە هۆکارەکانی لادانی ڕەزاشا جیا لە ناسەقامگیربوونی وڵاتەکەی بەشێکیشی بەهۆی بوونی ئاڵمانییەکان بوو لە ئێراندا. پێوەندی ژێر بە ژێری ڕەزاشا لەگەڵ ئاڵمانییەکان و بوونی زیاتر لە سەدان کەس لە جاسووسەکانی ئاڵمانی لە ئیران کە بەردەوام هەوڵیان دەدا لە سەر سۆڤیەت_ کە بەرەی ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ ئاڵمانییەکان بوو لە باکووری ئێران_ زانیاری کۆبکەنەوە؛ کە ئەوەش بۆ سۆڤییەت و بۆ بریتانیا و ئەمریکاش زۆر گرینگ بوو کە پێشی پێ بگرن.

یەکێک لەو بابەتانەی کە دواتر کاریگەریی دانا لەسەر دۆخی سیاسیی ئێران کۆبوونەوەیەک بوو بە ناوی «پەیمانی ئیتحادی» کە لە تاران بەسترا. ئەو کۆبوونەوەیە لە نێوان کۆنسوولی بریتانیا و کونسوولی سۆڤیەت و سەرۆک وەزیرانی ئێران بەسترا و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی هاوپەیمان 6 مانگ دوای کۆتایی هاتنی شەڕ وڵاتی ئێران جێ بهێڵن. لە ساڵی ١٩٤٣دا کە بۆ یەکەمجار ڕۆزڤێڵت و چرچیل و ئیستالین لە تاران کۆ دەبنەوە، ئێران پێداگری لەسەر وەگەڕخستنەوەی ئەو خاڵەی پەیمانی ئیتیحادی دەکا کە لەوێشدا موافقەتی لەسەر دەکرێ و هەر ئەوەش بیانووی بەهێزی دایە دەستی ئەمریکا و بریتانیا کە دواتر فشاری زیاتر بخەنە سەر سۆڤیەت بۆ ئەوەی هێزەکانی لە ئێران بکێشێتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ کاریگەریی هێزەکانی هاوپەیمان لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێران و ناوچە دەست بەسەرداگیراوەکان دەبێ بڵێین کە سروشتییە هاتنی ئەوان لە سەرەتادا بۆ ئەوە بوو کە ئێرانیان بەدەستەوە بێ. چونکی سۆڤیەت لە بەرەی ڕۆژئاوای شەڕی خۆیدا لەگەڵ ئالمان بە تەنیا بوو و پێویست بوو ئەمریکا و بریتانیاییەکان یارمەتیی پێ بگەیەنن. ئیرانیان وەک پردێک دیتەوە کە بتوانن پێیدا بپەڕنەوە بۆ سۆڤییەت و یارمەتییە نیزامییەکانیان بگەیەننە ئەو وڵاتە. ئەمە بیانووی سەرەکیی هاتنی هێزەکانی هاوپەیمان بۆ ئێران بوو. بەڵام لەسەر کاریگەرییەکانی؛ ئەگەر باسی کاریگەرییە کاتییەکانی بکەین کە هیندێک لایەنی پۆزیتیڤی لێ کەوتەوە؛ هاتنی ئەو هێزانە بۆ نێو ئێران وەزعێکی لە ئێراندا خولقاند کە دوای نیزیک دوو دەیە دەسەڵاتی پۆلیسیی ڕەزاشا خەڵک هەستیان بە بوونی ئازادی و جۆرێک دێموکراسی لە وڵاتدا دەکرد. هەر ئەوەش وایکرد کە کۆمەڵیک حیزبی باش لە ئێراندا دروست ببن و ئەو حیزبانەی پێشووش کە هەبوون بە جۆرێک زیندوو ببنەوە و ئەمە یارمەتیدەر بوو بۆ کرانەوەیەکی سیاسی لە ئێراندا.

ئەگەر لە ناوچەی کوردستان بڕوانین، هاتنی هێزەکانی هاوپەیمان لە کوردستانیش کاریگەریی خۆی لەسەر هەلومەرجەکەدا دانا. بوونی هێزەکانی سۆڤییەت لە ئازەربایجان و دواتر کشانەوەی لەو بەشەی کوردستان سەر بە پارێزگای ورمێ، لە موکریان کاریگەریی زۆری هەبوو. بریتانیاییەکان نەیانتوانی هێزەکانیان بێننە ئەو شوێنانە لەبەر ئەوەی کە لە ڕووسەکان نزیک نەبنەوە و ئەوە دەرفەتێکی لەباری ڕەخساند تا هەم ئازەرییەکان و هەم کوردەکان لەو ناوچانە بیر لەوە بکەنەوە کە زیاتر لەو دۆخەکە کەڵک وەر بگرن.

بە سەرنجدان بە کێشە و ئاستەنگەکانی ئەو دەم و تایبەتمەندیی دۆخەکە بۆمان دەردەکەوێ کە ڕێبەرانی کورد لەو سەردەمەدا زۆر زیاتر لەوەی کە دەیانتوانی هەنگاویان هەڵێناوەتەوە و زۆر زیاتر لەوەی کە دەکرا دەسکەوتیان وەدەست هێنا. لەو هەلومەرجە نالەبارە و لە کۆمەڵگەیەکی عەشایری و دەرەبەگایەتی و نەخوێندەواردا کە سیستمی ئیداری، پشتیوانیی ماڵی، هێزی تۆکمەی چەکداری نیە و لە ڕاستیدا دەبێ بڵێین کوردستان هەر هیچی نیە؛ بەڵام قازی محەممەد دەکەوێتە پیش کۆمەڵە کەسێکی تێکۆشەر و لەو بێ دەرەتانییەدا ئەو هەنگاوە پیرۆزەی هەڵێناوە و کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند کە هەتا ئێستاش بۆ ئێمە سەرکەوتن و دەسکەوتێکی یەکجار زۆر و گەورەیە.  دەسکەوتێک کە دەتوانین بڵێین لەژێر کاریگەریی بوونی کاتیی هاوپەیمانان لە ناوچەدا وەدەست هاتووە و لە ڕاستیدا بۆ ئێمە بۆتە مێژوو. بەڵام جیاواز لە کارتێکەریی بوونی هێزەکانی هاوپەیمان، ڕۆڵی خودی ئەو هێزانە شتێکی دیکەیە.

بریتانیاییه‌کان نە ئەو کات و نە دواتر و نە تا ئێستاش قەت نەهاتوونەتە پشت سه‌ری پرسی کورد و بابەتی دەوڵەت_نەتەوەی کورد لە ستراتیژیی ئەو وڵاتەدا نەبووە. لە سەردەمی کۆماردا  بریتانیاییه‌کان سیاسه‌تێکیان هه‌ڵبژارد کە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵیان ده‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک هۆزه‌کانی ئه‌و ناوچانەی خوارووی کوردستان که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان دابوو به‌ ئارامی بجوڵێنه‌وه‌، له‌ولاوه‌ به‌به‌رده‌وامی یارمه‌تییان ده‌دا به‌، بەهێزکردنی ئه‌رته‌شی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی.

یەکیەتیی سۆڤییەتیش له‌ ڕاستیدا به‌ هیچ جۆرێک به‌رنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی کوردستانیان نه‌بوو. ئه‌وان له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یانویست کوردستان به‌شێک بێ له‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئازه‌ربایجان، دواتر که‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆش له‌ به‌رنامه‌یان چووه‌ ده‌روه‌ هاتن باسی سیستمی ئەیاله‌تیی ئازه‌ربایجانیان ‌کرد کە لەوێشدا کوردستان به‌شێک بێ له‌ ئازه‌ربایجان. بەڵام ئەوە قازی محەممەد بوو کە لە بەرامبەریاندا وەستا و پێیانی ڕایگەیاند کە ویست و داخوازی ئێمه گه‌یشتن به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه‌. بۆیە سۆڤییه‌ته‌کانیش له‌ ڕاستیدا به‌و جۆره‌ نه‌هاتوونەتە پشتی پرسی کورده‌وه‌ تا‌ کورد وه‌ک پاڵپشتێک حسێبیان بۆ بکا. کورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوو که‌ بوونی هێزەکانی هاوپه‌یمان ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ سۆڤییه‌ته‌کان له‌ ناوچەدا بمێننه‌وه‌  و له‌ مانه‌وه‌ی ئه‌واندا بتوانن زیاتر درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بده‌ن و کارەکانی خۆیان بەرنە پێشێ. دیارە به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌میش که‌ سۆڤیه‌ت له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌مریکادا له‌ ئێران کشایه‌وه‌، ئیتر ده‌رکه‌وت که‌ له‌ ڕاستیدا مه‌سە‌له‌ی ئازه‌ربایجانیشی بەلاوە گرینگ نەبوو، چ بگا بە کوردستان.

 

* ئەم باسە لە پەنێلێکدا پێشکێش کرا کە یەکیەتیی لاوانی پارتی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی 2ی ڕێبەندان لە شاری سلێمانی پێکی هێنابوو

( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)