زیاتر لە ١٠٠نووسەر و پارلەمانتار و هونەرمەند و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی کوردستان لە هەڵوێستێکی هاوبەش هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە مەحکوومکرد.
چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی کوردستان لەبانگەوازێكدا بۆ ڕایگشتیی جیهانیی کە بە ھەرسێ زمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بڵاویانکردۆتەوە، ھۆشداریدەدەن کە مەترسیی ئەزمونێکی نوێی کۆمەڵکوژیی لەدوای شەنگال، لەكانتۆنی عەفرین لەئارادایە.
لە بەشێک لە ئەو بانگەوازەدا بە ئاوردانەوەیەک بەسەر ناوچەکە و ئەزموونە تاڵ و ناخۆشەکان و هەروەها پێویستیی ئاشتی و سەقامگیریدا هاتووە:
ئەوەی ئێستا خۆرھەڵاتی ناوین لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیەتی ئاشتییە نەك جەنگ، بیناکردنەوەیە نەک کاولکاریی و عەقڵانیەتی سیاسییە نەک حەماسەتی دینیی و ناسیۆنالیستیی. گەلی کوردستان بەتایبەت و گەلانی ناوچەکە بەگشتیی ساڵانێکە ماندووی جەنگی بەردەوامی دەوڵەت و سەرکردە ستەمگەر و گروپە تیرۆریستەکان و ئەو ھێزە شەڕانگیزانەن کە جەنگی بەوەکالەت بۆ دەوڵەتە ئیقلیمیی و زلھێزەکانی دونیا پیادەدەکەن. لەمڕۆشدا بەھۆی ئەو لەشکرکێشییە دڕاندانە و بەرفراوانەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر کانتۆنی عەفرین، خەڵکی مەدەنیی شار و شارۆچکە و گوندەکانی لەبەردەم رەحمەتی فرۆکە و تانک و تۆپ و گوللەی لەشکری تورکیا و گروپە بەکرێگیراوەکانیانن. ئێمە لەرێگای ئەم بانگەوازەوە، ھۆشداریدەدەین کە مەترسییەکی گەورە لە کانتۆنی عەفرین لەئارادایە، مەترسیی ئەزموونێکی نوێی کۆمەڵکوژیی لەدوای شەنگال. ئەمەی ئێمە دەیڵێین تەنھا مەزەنەکردن و ترساندن نییە، بەڵکو ئەگەرێکی تەواو واقیعییە
لە درێژەی بانگەوازی چالاکوانان و نووسەرانی کورد بە باس کردن لە نەبوونی بەرپرسایەتیی دەوڵەتانی ناوچەکە لە هەمبەر سەرەرۆییەکانی دەوڵەتی تورکیەو هاوپەیمانەکانی و خەمساری کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان ، لەو بارەوە دەڵێن:
بێدەنگبوونی دەوڵەتانی دونیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بەم سیاسەتە شەڕانگیزییەی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا، مەترسیی جینۆسایدکردنی خەڵکی عەفرین گەورەتردەکات. ئێمە ھەڵوێستی ناکردەیی دەوڵەتە زلھێزەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان شەرمەزاردەکەین کە جگە لە گلەیی لەو لەشکرکێشییە کەرەستەیەکی تریان پێ نییە رێگە لە فرۆکە و تانک و تۆپی دەوڵەتی تورک بگرن، ھەندێکیشیان تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە پەلامارەکەی ئەردۆگان و ھێزە ئیسلامییە دۆستەکانی وەک ”بەرگریکردن لە خۆ“ پێناسبکەن.
لە کۆتایی دا ڕووبە وڵاتانی جیهان دەڵێن:
ئەم جەنگە تەنھا پێکەوەژیان و رێزگرتنی گەلانی ناوچەکە لەیەکتر وێرانناکات، بەڵکو خەرەند و برینی گەورەتر لەنێوانیاندا دروستدەکات. بۆیە پێویستە لە زۆترین کات پێش لە خوڵقاندنی ژینۆسایدێکی نوێ بگرن.