دادگای ئینقلاب لە شاری سنە سزای ٣٠ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ ٦ بەندکراوی کورد بڕیەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ٦ دەسبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی وەکیل رۆستەمی کوڕی محەممەد میرزا، فەروان ڕۆستەمی کوڕی عەلی محەممەد، سیروان ڕۆستەمی کوڕی عەلی محەممەد، بێهروز عەزیزی کوڕی محەممەد، ڕەسووڵ عەزیری کوڕی ئەڵڵا محەممەد و عەلی کووهی کوڕی محەممەدعەزیز، خەڵکی گوندی مێراوا سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لەلایەن دادگای ئینقلاب لەو شارەوە بە ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.
دادگای ئینقلاب لە شاری سنە ئەو ٦ بەندکراوە کوردەی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان” تاوانبار و بۆ هەر یەک لەو ٦ کەسە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەزعزیری بڕیووەتەوە.
ئەو ٦ بەندکراوە کوردە، کۆتاییەکانی هاوینی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شیوەی کاتی ئازاد کران و ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.