کەسێکی خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری ورمێ دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە دەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، ڕۆژی ڕابردوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری ورمێ، کەسێکی کورد بە ناوی “ڕشید ئازەری” کوڕی ئەحمەد، تەمەنی ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی ٣ منداڵ خەڵکی گوندی “بێورانی خواروو” لە شاری سەردەشتیان دەسبەسەر کرد.
بە قسەی سەرچاوەیەکی نزیک بە ناوبراو، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” دەسبەسەر کردووە.
شایانی باسە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ڕەشید هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نیە و کەسوکاریان لێ ئاگادار نەکردووەتەوە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکراوانی کورد و لە هەواڵێکی دیکەدا، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان، چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی “سەعید ئیقباڵی” بە فڕۆکە لە شاری کرماشانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوسترایەوە.
ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، لە شاری کرماشان بە تۆمەتی”پڕوپاگەندە دژی نیزام”، دەسبەسەر کرا، پێشتریش، ئەو چالاکە کوردە چەند جارێک لەلایەن هێزە ئیتلاعات لەو شارە دەسبەسەر کرابوو.