دوو فیلمسازی کورد ، بەرهەمە سینەماییەکانیان لە قوناغی کێبەرکێی فستیڤاڵی سینەمایی سان ماورۆی ئیتالیا نمایش دەکرێن.
ئەو دوو کورتە فیلمە بەناوەکانی “چارەکێک هیوا” لە نووسین و دەرهێنانی جەمشید بەهرامی و “هیلکەو رۆنی سووتاو” بەرهەمی ئیدریس عەبدی گەیشتونەتە قۆناخی پێش کۆتایی فێستیڤاڵی نێوەنەتەوەیی فیلمی “سان ماورۆ” و هەروەها بۆ بەشی قۆناغی پێش فیناڵی ئەو فستیڤاڵە رێگەیان پێدراوە .
کورتە فیلم “چارەکێک هیوا” پانزدە خولەکە و بە دوو زمانی کوردی و ئاڵمانی، لە وڵاتی ئالمان بەرهەمهێنراوە. ئەکتەرە سەرەکییەکانی بریتین لە فاتێح ساڵەحی، ئاوات سدیقی نیا، لێنیا کاروان، ڕۆژوان محەممەدی و کەژوان محەممەدی.”
دوویەمین کورتە فیلمی کوردی بەناوی “هیلکەو ڕۆنی سووتاو ” بە ئاکتەری شیلان وەکێلی و دەرهێنەری ئیدریسی عەبدی تا ئێستا لە چەندین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی دیکە وەکوو دەیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سۆسی مەغریب، یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی ژنانی تورکیە، یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەیی ئوردون
دووهەمین فستێڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی لاوانی ئاسیا لەوڵاتی چین، چوارەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سەماوە، فستیڤاڵی فیلمی مەیامەی ئامریکا، یەکەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی نواندراوەو پێشوازیی لێکراوە.
شیاوی باسە جەمشید بەهرامی ، لە دایکبووی شاری مەریوان و مامۆستای هونەر بوو لەو شارەو لە دامەزرێنەرانی شانۆی سەرشەقامی مەریوانە.
ناوبراو کاتێک خەریکی خوێندی باڵا بوو لە شاری تەورێز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دەگوازرێتەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە ، دواتر رێگەنەدرا درێژە بە خوێندن بدا.
ئەو هونەرمەندە لە ١٣٨٩ی هەتاوی بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە ناچار رۆژهەلاتی کوردستان بە جێهێشت و، لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١تا ٢٠١٢ مامۆستای زانکۆ بوو لە زانکۆی سلێمانی.
جەمشید بەهرامی ئێستا نیشتەجێ وڵاتی ئاڵمانە و فیلمگەلێک وەکوو “زلکاو”، “چرا؟” و، ژان وژین” لە بەرچاوترین بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەیە.