سەرەڕای دژایەتی هێزە ئەمنیەتییەکان، بەشێک لە پارێزەرە کوردەکانی دانیشتووی تاران، لە بەردەم نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم شارە کۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵی سهرچاوه نێوخۆییهكان، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ٥شەممە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، بەشێک لە پارێزەرە کوردەکانی دانیشتووی پێتەختی ئێران، بۆ پشتیوانی لە عەفرین لە بەردەم بینای نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له تاران، کۆبوونەوە و خوازیاری هەنگاوی جیددی و بە پەلەی ئەم ڕێکخراوە، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە عەفرین بوون.
عوسمان موزەیەن، پارێزەری ناسراوی کورد و یەکێک لە بەشدارانی ئەم کۆبوونەوە، ڕایگەیاندووە، “هیوادارین کە گوێ لە ئازارەکانی عەفرین بگرن.”
ئەم کۆبوونەوە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێ، کە “شۆرای تەئمینی تاران”، داواکاری چالاکانی کوردی دانیشتووی تارانیان، لەمەر بەڕێوەبردنی كۆبوونەوە بۆ پشتیوانی لە عەفرین و مەحکوم کردنی هێرشەکانی تورکیە، ڕەت کردبووە.
بە قسەی چالاکانی کورد لە تاران، هێزە ئەمنیەتییەکان و پۆلیسی تاران، شوێنی كۆبوونەوەکەیان گەمارۆ داوە و پێشگیرییان لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوەیه كرد.
چالاکانی کورد، نامەیەکیشیان بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کردووە و بڕیاره ئهمڕۆ شەممە، ١٤ی ڕێبەندان، ڕادەستی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشی تورکیە بۆسەر عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان ، دامەزراوە ئەمنیەتییەکان، لە ورمێ و سنە، داواکاری چالاکانی مەدەنی و سیاسی کوردیان، بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕهزایهتی، لەمەڕ پشتیوانی لە عەفرین ڕەت کردەوە.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە هێرشی ئاسمانیی بەربڵاوی بۆسەر عەفرین دەسپێکرد، کە بەهۆیەوە تا ئێستا دەیان هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون.