بە گوێرەی هەواڵێک کە لە شاری بانەوە بە دەستمان گەشتووە، سەرلە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی کاک خالید مروەتی ناسراو بە خالیدی مەلا عەلی گەرماو، تێکۆشەرێکی دێڕینی نێو سەنگەری خەبات و دڵسۆزێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا لە شاری بانە کۆچیدوایی کرد.
کاک خالید هەم خۆی و هەم بنەماڵە و خزمانی کە بە بنەماڵەی حاجی کەریمە رەشی گەرماو ناسراون، لە ڕێزی ئەو کەس و بنەمالە شۆڕشگێڕانەی ناوچەی بانە دان، کە ساڵانێکی زۆر لە ڕیزەکانی شۆڕش و حیزبی دیموکراتی کوردستاندا تێدەکۆشن و خاوەن رابردوویەکی پڕ لە شانازین.
ناوبراو سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕژیمی پاشایەتی و دەستپێکی خەباتی ئاشكرای حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە خزم و کەسانی هاتنە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبەوە و، هەموو شەڕ و تێکهەڵچوونی پادگانی بانە و تێکشکاندنی سوپای داگیرکەر کە هێرشێان دەکردە سەر شاری بانە بەشداری چالاکانەی هەبوو.
پاش گیرانەوە شاری بانە، لە لکی شەهید حەمەئەمین مەعروفی سازمان درا و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و کادرێکی شارەزا خزمەتی گەل و حیزبی دێموکراتی کوردستانی دەکرد، تاکوو لە شەڕێکی نابەرامبەردا بە سەختی بریندار بوو.
هەر بە هۆی ئەو برینەوە لە سەر ئیجازی حیزب گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی
بەڵام تا دوایین هەناسەی ژیانی بە ڕێبازی دێموکرات وەفادار مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێیانی تێکۆشەرمان مامۆستا ئەبووبەکری فەلسەفی و خاتوو پەخشان فەلسەفی دەکات و، خۆمان لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانین.