سپای پاسداران بە هاوکاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی دیکە، کوردستانیان کردوتە پادگانێکی بەربڵاوی نیزامی و، هەرجارەو هەواڵێک سەبارەت بە پیلانەکانی سپای پاسداران لە شاروناوچەکانی کوردستان بڵاو دەبێتەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە “کوردستان وکورد” ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، لەژێر چاوەدێری قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شارەکانی پیرانشار ، سەردەشت، بانە ، مەریوان، کرماشان و ئیلام ناوەندگەلێک تایبەت بە پەروەردە و ڕاهێنان نیزامی و سیخوڕی دامەزراوە.
ئەرکی سەرەکیی بنکە دامەزراوەکانی سپا لە کوردستان ، کە بە کەسانی پسپۆڕ وبەڕێوەدەچێ، ڕاهێنان و بارهێنانی کەسانێکە لە چەند بەشی جۆراوجۆر وەکوو( تەقینەوە، تیرۆر، سیخوڕی ) کردن، کە هەم بەشێوەی تیوری و هەم بە تاقیکردنەوەش بە تەواوی خەریکی بارهێنانەی سەدان کەسن.
هەر بە پێی ئەو زانیارییانە هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانی بنکەکانی سپا، ڕاستەوخۆ لە تاران دابین دەکرێ و هیچ ئورگان و ئیدارەیەک بێجگە ناوەندی ئەمنیەتییەکان ناتوان سەردانی ئەو ناوەندانە بکەن.
هەروەها جیا لە ڕاهێنانی نیزامی و ئەمنیەتی ، ئەندامانی ئەو بنکەیە فێر زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش دەکرێن و هەر بنکەیەک نزیک بە ٣٠٠ کەسی تێدایە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی دیکە هەر لە پێوەندی لەگەڵ پلانە ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە شاروناوچەکانی کوردستان ئاگادار کراینەوە کە لە ١٥ کیلومێتری جادەی مەهاباد و لە نزیکی گوندی مەلاحەسەن،پایگایەکی گەورەی دژە هەوایی ساز کراوەو. هەروەها دەنگۆی ئەوەش هەیە کە سپای پاسداران لە ناوچەیەک لە سەڵماس خەرێکی سازکردنی پایگایەکی مووشەکییەو شوێنێکی بەربڵاوی بۆ ئەومەبەستەش لە هەرچەشنە هاتوچۆ کردن، قەدەغە کردوە.