كۆرپه‌یه‌كی 4 مانگانه له ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه لێدراوی پارێزگای كرماشان به‌هۆی سه‌رماوه له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ست دا.
به‌پێی ڕاپۆرتی ته‌سنیم، محه‌ممه‌د نه‌وزاد، كۆرپه‌یه‌كی 4 مانگانه پاش سارینای 2 ساڵه دووهه‌مین منداڵه كه له ئاوایی كوئیكی سهیفووریی سه‌ربه پارێزگای كرماشان به هۆی سه‌رماوه سییه‌كانی چڵك ده‌كا و تووشی نه‌خۆشی ده‌بێ و ئاكامدا گیانی له ده‌ست ده‌دا.
شه‌هاب نادری نوێنه‌ری شاری پاوه، حه‌وتووی ڕابردوو له مه‌جلیسیی شورای ئیسلامی بێ ئه‌وه‌ی كه ئاماژه به ئاماری بكا گوتی، به هۆی سه‌رماوه تا ئێستا چه‌ندین كه‌س له پارێزگای كرماشان گیانیان له ده‌ست داوه.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه، چیرۆكی گیان له‌ده‌ستدانی منداڵان به‌هۆی سه‌رماوه لێره كۆتایی نایه و تازه وه‌رزی سه‌رما ده‌ستی پێكردوه و به هۆی نه‌بوونی كه‌لوپه‌لی پێویست و تایبه‌ت گه‌رمكه‌ره‌وه ده‌نگیان به كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم ڕاناگا و هه‌ر بۆیه ده‌بێ چاوه‌ڕوانی وه‌ها ڕووداوێك بین.
پاش ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌رمابردنی سارینا له میدیاکانی كۆماری ئیسلامی و ئه‌مجاره‌یان سه‌رمابردنی محه‌ممه‌دی 4 مانگانه و وتووێژی عه‌بدوڵا سهیفوریی باوكی له هه‌واڵده‌ریی ته‌سنیم كاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیدار كه‌مێك هورووژاندووه.
عه‌بدوڵا سه‌یفوری باوكی محه‌ممه‌د له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی و كچێكه 8 ساڵانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی باوكی له ئاوایی كوئیك ده‌ژیان، پاش ئه‌وه‌ی كه بوومه‌له‌رزه ماڵه‌كه‌یانی به ته‌واوی ڕووخاند له خێوه‌تێكدا كه خێرخوازان پێیاندابوون ده‌ژیان و پاش ئه‌وه‌ی كه وه‌رزی سه‌رما ده‌ستی پێكرد كوڕه‌كه‌یان تووشی نه‌خۆشیی سه‌رماخورده‌گی بوو و چه‌ندین جاریش سه‌ردانی خێوه‌ته‌كانی مانگی سووری به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كردبوو به‌ڵام هه‌ر باش نه‌بووه و له ئاكامدا بۆ نه‌خۆشخانه‌ی كرماشان له به‌شی ئای سی یۆ خه‌وێندرا و به‌داخه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا.
ناوبراو ده‌ڵێ، چه‌ندین جار داوای كانێكسی خێرخوازانم كردبوو كه هه‌موو جارێ پێیان گوتوومه له ئهولهویتدا نی و جارێ په‌له مه‌كه هه‌تا كوڕه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ست دا و ئێستا ده‌ڵێ كانێكسم بۆچیه له‌به‌ر منداڵه‌كانم پێویستیم پێ‌بوو.
سه‌یفووری له درێژه‌دا ده‌ڵێ، له ئاوایی كوئیك له‌به‌ر چاوی خۆی 84 كه‌س به هۆی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه و له كۆتاییدا داوا له كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كا لانیكه‌م ئه‌و كانێكسانهی خێرخوازان بۆ خه‌ڵكیان دابین كردووه به‌و كه‌سانه بدرێن كه منداڵی ساوایان هه‌یه.