Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 17/07/2018 | کاتژمێر:
جیهان

کۆبوونه‌وه‌ی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له‌گه‌ڵ راوێژکارانی کۆمیته‌ی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی سه‌نای ئه‌مریکا

24/01/2018 | 22:06:57
+A
-A

به‌یانیی رۆژی سێ شه‌ممه ٢٣ی ژانویه‌ی ٢٠١٨، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان که بۆ هێندێك کاروباری سیاسی و حیزبی سه‌ردانی وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکای کردووه، به هاوڕێیه‌تیی کاک کامڕان باڵنوور نوێنه‌ری حیزب له ئه‌مریکا سه‌ردانی مه‌جلسی سه‌نای ئه‌و وڵاته‌ی کرد و له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی سێ که‌سی پێکهاتوو له ئێریک تراگه‌ر راوێژکاری باب کۆرکه‌ر سه‌رۆکی کۆمیته‌ی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی سه‌نا، ئالێکس ئێبلین یاریده‌ده‌ری سیاسی و کریس هاڤڵ یاریده‌ده‌ری یاسایی کۆمیته‌ی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی سه‌نا پێشوازییان لێ کرا.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سه‌ره‌تا د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده وێڕای خستنه‌ڕووی پاشخانی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران و بارودۆخی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که سه‌رباری گوتار و ئاقارێکی نوێ که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سه‌رۆک ترامپ سه‌باره‌ت به ئێران گرتوویه‌ته‌ر به‌ر، هه‌روه‌ک رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی باشوور و رۆژئاوای کوردستان و به‌گشتی ناوچه ده‌ری خستووه، کۆماری ئیسلامی له بردنه‌پێشی سیاسه‌ت و ستراتژییه‌كانی پێشووی به‌رده‌وامه. ئه‌مه‌ش بێگومان نه‌ک هه‌ر به زیانی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵک و گه‌لانی ئێران به‌ڵکوو به زیانی ئاینده‌ی ئاشتی و ته‌ناهی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌منیه‌تی رۆژئاوا ته‌واو بووه. هه‌ربۆیه ناوبراو ئاماژه‌ی به پێویستیی گرتنه‌به‌ری ستراتژییه‌كی روونتر و کاراتری ئه‌مریکا له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخی ناوچه و نفوز و په‌لکێشانی تێکده‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی کرد.

ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له به‌شێکی دیکه له قسه‌کانیدا هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بزوتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیی ئه‌م دواییانه‌ی خه‌ڵکی ئێرانی پێشکه‌ش کرد و روانگه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چ له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیی به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م جۆره بزوتنه‌وانه و چ سه‌باره‌ت به جێگه و پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌کان له ئێرانی داهاتوودا خسته ڕوو.

دواتر هه‌یئه‌تی راوێژکارانی کۆمیته‌ی کاروباری سه‌نای ئه‌مریکا وێڕای خستنه‌ڕووی کۆمه‌ڵێك پرسیار و وه‌رگرتنه‌وه‌ی وڵام له هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکڕات سه‌باره‌ت به بارودۆخی ناوخۆی ئێران و خه‌باتی کورد له ئێران، هۆکاره‌کانی ئه‌م ناڕوونی و نالێکییانه‌یان باس کرد له سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ی رۆژئاواییه‌كان و ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به ئێران به‌دی ده‌کرێ و خستیانه خانه‌ی فراوانتری کێشه‌ و ململانه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌کان و جیاوازیی بۆچوون نه‌ک هه‌ر له‌نێوان رۆژئاواییه‌كان به‌ڵکوو له‌نێو خودی داموده‌زگاکانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا.

دواتر راوێژکارانی سه‌نای ئه‌مریکا وێڕای ئاماژه به ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به ئێران و ناوچه به‌گشتی، بۆچوون و پێشنیاری خۆیان سه‌باره‌ت به شێوازی باشتر بردنه‌پێشی بیروبۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی له‌لای داموده‌زگا سیاسیه‌کانی ئه‌مریکا بۆ هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان باس کرد.

له کۆتایی ئه‌م دانیشتنه‌دا، هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی درێژه‌دانی پێوه‌ندی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی قسه‌یان له‌سه‌ر کرا، گفتگۆ و هه‌ماهه‌نگییان کرد.