هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستیان بە سەر چەند باری کاسبکارانی کورد لە یەکێک لە گوندەکانی سەردەشتدا گرت و ئاگریان تێبەردا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، چەند ڕۆژ لەوەپیش، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد، لە پشت گوندی “توژەڵ”ی سەربە شاری سەردەشت، دەکەونە کەمینی هێزە ئینتزامییەکان و لە ئاکامدا کەلوپەلەکانیان لە لایەن ئەو هێزەوە دەستی بە سەردا گیرا.
سەرچاوەیەکی نزیک بەو ڕووداوە ڕایگەیاند، شتومەکی ئەو کاسبکارانە کەلوپەلی بێهداشتی و بایی زیاتر لە ٢٠ میلیۆن تمەن بووە.
شایانی باسە کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن، تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سووکایەتییان پێ دەکرێ و زۆر جاریش بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم دەکوژرێن و بریندار دەبن.