ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانRMMK)) پیرۆزبایی لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانی کرد.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیندراوێکدا بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بەرگریی لە مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستانی بە رووداوێکی مێژوویی و هەوڵێکی ژیرانە لە قەڵەم دا.
لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە کە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی، ڕۆژی دامەزراندنی یەکەمین دامەزراوەی مەدەنی ـ دەوڵەتی کورد لە “ڕۆژهەڵاتی کوردستان” و ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری خودموختاری کوردستان لە ئێرندا، ٧٢ ساڵی بە سەردا تێپەڕ بوو.
لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا، قازی محەممەد لە باڵای ڕێبەرێکی نەتەوەیی، هاوئاهەنگ و هاوڕێ لەگەڵ ویست و خواستی بزووتنەوەی ئازادیخوازنە و خودموختاریخوازانەی خەڵکی کورد، ئەو کۆمارەی ڕاگەیاند.
قازی محەممەد وەک یەکەمین سەرکۆماری کورد، دەوڵەتێکی لەسەر بنەمای مافه نێودەوڵەتییەکان دامەزراند. دەوڵەتێک کە لە سەردەمی خۆیدا بەپێی لەبەرچاوگرتنی ئەسڵەکانی دێموکراتیک و کۆماری و مەدەنییەت جێگای شازنازیی گەلی کورد بوو.
هەروەها ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وەک یەکەمین ناوەندی مەدەنی ـ مافی مرۆڤی داکۆکی لە دیاریکردنی مافی چارەنووس لە کوردستان، هاوئاهەنگ و هاودەنگ لەگەڵ خەڵکی کورد، ساڵڕۆژی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی و بە واتایەکی دیکە کۆماری خودموختاری کوردستان لە ئێراندا پیرۆزبایی دەکا و ئەو ڕووداوە مێژوویییە بە خەڵکی کوردی هەر ٤ پارچەی کوردستان، بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵات پیرۆزبایی دەڵێ و بە دەسکەوتێکی مێژوویی گرینگ دەزانێ.
شیاوی باسە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٤ی بە مەبەستی گرینگی دان بە ماف و ویستی کورد بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر دەستی سدێق کەبووندوەند دامەزرا .