لە سێیەمین رۆژی هێرشی بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان سەرەڕای دەنگدانەوەی لە مێدیاکان و هەروەها کۆبوونەوەی بە پەلەی شوڕای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ، سپای تورک هەروا بەردەوامە لە هێرش کردن.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن سەرەڕای پانتایی هێرشی سپای تورک لە زەوی و ئاسمان بۆ سەر عەفرین بە پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی برشیە لە رۆژهەڵاتی عەفرین و هەروەها لە ناوچەی بیلبیلە لە باشووری عەفرین، هێرشەکان تێکشکێندراون.
لە ماوەی ئەم سێ رۆژە زیاتر لە ١٨٠ هێرشی هەوایی لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی جۆری (AF16)تورکیەوە ناوچەی عەفرینی لە رۆژئاوا بوردۆمان کردوە.
لە لایەک دیکەش تا ئەمرۆ سپاسی تورک و هەڕەشەکانی ئوردوغان نەیاتوانیوە دەسکەوتێک بە دەست بهێنن.
لە دوویەمین رۆژی هێرش بۆ سەر عەفرین ، وڵاتی فەڕانسە داوای دانیشتنی شوڕای ئاسایشی وڵاتەیەکگرتووەکانی کرد و ئەمرۆ ئەو دانیشتنە بەبێ بەشداری نوێنەری ئەمریکا و بەبێ دەرکردنی هیچ ڕاگەیاندراو یان هەڵوێستێکی جیددی کۆتایی پێهات.
ئەمە لە کاتێکدا دوو وڵاتی زلهێزی بریتانیا و ئەمریکا بەرژوەندییەکانی تورکیەیان لە سووریە بە فەرمی زانیوە.
هەروەها وتەبێژەی کۆشکی سپی ساراساندێز، رۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان ڕایگەیاند: کە دەبێ لە زووترین کات نائارامییەکان کۆتایی پێبهێندرێ تا گیانی خەڵکی مەدەنی نەکەویتە مەترسییەوە.