وەرگێڕان: ئاڵەشین
کاتێک هاووڵاتییەکی کورد بیر لە کێشەی نێوان ئەو پارت و لایەنە کوردستانییانە دەکاتەوە کە ئێستا لە چیاکانی قەندیلن، چ وێنایەکی لا ساز دەبێ؟ ئەرێ قەندیل دوائامانجی چالاکی و خەباتی حیزبی دیموکرات و پێکاکایە، کە دەبێ دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە بن؟ یان ئەوەی کە کوێستانەکانی کوردستان، بەتایبەتیش قەندیل دەبێ تەنیا وەک ئامرازێک بۆ بەرەو پێشبردنی خەباتی نەتەوەیی کورد بەکار بهێنرێ؟ کەواتە ئەگەر مانەوە لە قەندیل ئامرازە نەک ئامانج، ئەدی هێنانە بەرباسی ئەو بابەتەی کە دەبێ ئەو چیایانە تەنیا لە لایەن هێزێکەوە پاوان بکرێ، سڵامەتی بزووتنەوە و خەبات خەوشدار ناکا؟ ئایا کاتێک جگە لە کۆماری کوردستان کە ئەویش تەمەنی کورتخایەن بوو، خەباتگێڕانی کورد تا ئەمڕۆکەش نەیانتوانیوە وڵاتێکی سەربەخۆ دامەزرێنن و بەردەوام دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی گەلی کورد لە زۆری لایەنی جۆراوجۆرەوە مەترسییان لەسەرە، ئەم چەشنە حیزبچێتییە داخراوە نابێتە هۆی قوربانی بوونی “شوناس و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد” لە هەموو ئاستەکاندا؟ کەواتە رێگەچارە چییە و، چۆن دەکرێ هاوکات “شوناس و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد” لە هەر چوار پارچە و هەروەها بەرژەوەندی و پۆزیشنی پارتە کوردستانییەکان وێکڕا رێکخرین؟ چۆن دەکرێ لە سەر ئاستە جیاوازەکان، یەکیەتی و متمانەی کوردستانی و حیزبی پێکبێنین؟
باشترین وڵام بۆ ئەو پرسیارانە پێکهێنانی “هاوسەنگی ئەرێنیی”ـە. “هاوسەنگی ئەرێنی” حاڵەت و هەلومەرجێکە کە پارتەکانی هەر بەشێک لە کوردستان، بەتەرخانکراوی بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان خەبات دەکەن و پارت و لایەنەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بە گوێرەی توانا و وزەی خۆیان یارمەتیدەریان بن. لەم حاڵەتەدا سەربەخۆیی بڕیاری هەر پارتێک لە سنووری چالاکی خۆیدا دەکەوێتە سەری وپارتە و لایەنەکانی دیکەش بە گوێرەی ویست و داخوازییەکان یارمەتی ئەو پارتە دەکەن. بەمجۆرە حیزبی هەر پارچەیەک، پێوەندیی بەکارهێنانی یارمەتییەکانی پارتەکانی دیکەی پارچەکەی خۆیەتی و پارتەکانی بەشەکانی دیکە ناتوانن و نابێ راستەوخۆ دەسوەردان لە کاروباری پارچەکەی دیکەدا بکەن. بەمجۆرە حەشیمەتی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەسی کوردستان دەبێتە وزە و پوتانسیەلی سەرەکی خەباتی میللی کورد، هەروەها پێوەندییەکی دوولایەنەی ئەرێنی لە نێوان پارتە کوردستانییەکانی چێ دەبێ و دواجار گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان قازانج لەو پرۆسە دەبینێ.
کۆماری کوردستان و کارکردی پێشەوا قازی محەمەد یەکێک لە باشترینی ئەو نموونەی “هاوسەنگی ئەرێنیی”ـەیە کە دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین. هەڵسوکەوتی قازی محەمەد دەگەڵ کوردەکانی باشوور و بەکارهێنانی تواناییەکانیان لە کۆماری کوردستاندا لە لایەک و، فیداکاری و پێڕەوی مەلا مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە قانوونی سیستمی حکوومەتی کۆماری کوردستان لە لایەکی دیکە، نموونەیەکی بەرز و سەرکوتوویە کە دەتوانێ ببێ بە سەرچەشن و ئولگوی ئەمڕۆ بۆ پێشخستنی خەباتی میللی کورد نەک هەر لە کوێستانەکانی قەندیل، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان رەچاو بکرێ.
وێنەیەکی دیکە لە سەر پێویستی پێکهێنانی “هاوسەنگی ئەرێنی” ئەزموونی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە، کە ئێستاشی دەگەڵ دابێ سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی پارت و لایەنە کوردستانییەکان نەگیراوە. کێشە و ناهاوئاهەنگی، تاکڕەوی و زێدەخوازی هەندێک لایەنی سیاسی بەڕوونی نیشانی دا؛ یەکێک لە جیدیترین و سەرەکیترین کێشە و ئارێشەکانی پارتە کوردستانییەکان نەبوونی هاوسەنگی بنیاتنەر و ئەرێنییە کە دەبێ ببێ بە سەرەتای چالاکی، بەشداری و هاوکاری سیاسییەوە، چونکە نەبوونی ئەو فاکتۆرە ورد و هەستیارە هەروا هۆکاری لێکدووربوونەوە و تەنانەت بەربەستی بەر بەستێنسازی بۆ پێشخستنی خەباتی میللی کوردە لە کوردستان و هەموو پارچەکانی.
ئێران، تورکیە، عێراق، سووریە لە سەرووی گرنگترینی ئەو ولاتانەن کە کاریگەرییان لە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، رۆژهەڵاتی ناڤین لە کۆڕو کۆمەڵە سیاسی و نێوەندەکانی مافی مرۆڤی جیهاندا هەمیشە لەبەر چاو بووە؛ بە چەشنێک بچووکترین قەیران و بارگرژی لەو ناوچەیە، بەتایبەت ئەو وڵاتانە، سەرنجی کۆمەلگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەتی زلهێزەکانی دنیای بۆ لای خۆی راکێشاوە و شایەتی دژکردەوەیان بوووین و هەمیشەش دەبین. کەواتە کاتێک کوردستان بەسەر ئەو چوار وڵاتەدا دابەش بووە و خەباتی پارتە کوردستانییەکان لەو وڵاتانە رووبەڕووی ئاستەنگ و دژوارییە، نەبوونی “هاوسەنگی ئەرێنی” و یەکیەتی و متمانە بۆ بەرگری لە “شوناس و بەرژەوەندی نەتەوەیی” لە ئاستی “کلان” و هەروەها خەوشدار کردنی سەربەخۆیی و سنووری چالاکی پارتەکانی هەر پارچەیەک لە لایەن پارتەکانی پارچەکانی دیکە تەنیا دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی هەڵومەرج و نیگەرانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان. پێکهێنانی “هاوسەنگی ئەرێنی” و روونترکردنەوەی ئەرکەکانی هەر پارتێکی سیاسی دەتوانێ ببێتە هۆی بە ئاکام گەیشتن و تاووتوێی وردی کارکردی پارتە کوردییەکان، کە لەو حاڵەتەدا وەڵامدەربوونی پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بە گەلی کورد بە شێوەیەکی کوللی و هەروەها ئەو پارچانەی خەباتی بۆ دەکەن زۆر ئاسانتر دەبێ.
لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین، ئەگەر “هاوسەنگی ئەرێنی” لە پێوەندیی سیاسی پارتە کوردستانییەکاندا ببێ بە پێوەر، قەندیل نەک ئامانج نییە؛ بەڵکو وەک ئامرازێکی بەهێز دەبێ بە کارتێکی گوشار بۆ بەرژەوەندی پارتەکانی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان. کەمبوونی تێچووەکانی بزووتنەوە یەکێکی دیکەیە لەو ئاکامە زێدە بە بایەخانەی کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەرکەوتەی “هاوسەنگی ئەرێنیی”ـە. بەڵام بۆ پێکهێنانی “هاوسەنگی ئەرێنی”ش پرسیارگەلێکی گرنگی زۆر دەورووژێن کە دەبێ پارتە کوردستانییەکان وڵامیان بدەنەوە. ئەرێ هاندەر و پوتانسییەلی پێکهێنانی “هاوسەنگی ئەرێنی” بە مەبەستی بەرگری لە “شوناس و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد” لە لایەن پارتە کوردستانییەکانەوە بوونی هەیە؟ بۆچی حکوومەتەکانی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە هەوڵیان داوە و تاڕادەیەکیش توانیویانە دەگەڵ کوردەکانی وڵاتی خۆیان یان کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەو هاوسەنگییە ئەرێنییە پێکبێنن و یان ئەو هاوسەنگییانەی لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتەکانیاندا نییە تێکبدەن و یان هەر چۆنێک هاوسەنگییەکی نەرێنی لێ دەرچێنن، بەڵام پارتە کوردستانییەکان نەیانتوانیوە ئەو چەشنە میتۆد و هاوسەنگییانە لە بەرژەوەندی خۆیان و لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا رێکبخەن؟ پارتە سیاسی، رووناکبیران و کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی دەتوانن چ رۆڵێک لە پێکهێنانی ئەو هاوسەنگییە ئەرێنی و یەکیەتی و متمانە گشتگیرەدا بگێڕن؟ و ….
رەوشی هەنووکەیی کوێستانی قەندیل و کێشەی پارتەکان؛ کە بووەتە باسی گەرموگوڕی زۆربەی میدیا و چالاکانی سیاسی و خەڵکی کوردستان بە هەموو پارچەکانییەوە، سەرەڕای ئەو نیگەرانییەی لێی کەوتۆتەوە، رەنگە بتوانێ بواری بەرزکردنەوەی خەباتی میللی گەلی کورد بۆ ئاستێکی باڵاتر و تۆکمەتر خۆش بکا و، لە لایەکی دیکەشەوە لەوانەیە ئەو هەڵومەرجە ببێتە هۆی لە کیسدانی دەرفەتەکان و بە فیرۆدانی هێزی مرۆیی و، زەمان و چوارچێوەیەکی پراکتیکی بێ کە بۆ پارتە کوردستانییەکان زۆر گرنگە، کە رەنگە خەسار و دەرکەوتە نەرێنییەکانی سەرچاوەگرتوو لەو پشتگوێ خستنە قەرەبووکردنەوەی هەر وا ئاسان نەبێ.