سەرچاوە و میدیاکانی ئاڵمان بڵاویان کردەوە کە وڵاتەکەیان لە هەوڵی ئەوە دایە بە هاوکاریی هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی بۆ پێشگیریی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی، گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتەرز و بە پشتبەستن بە گۆڤاری “شپیگل”ی ئاڵمانی، دیپلۆماتکارە ئورووپاییەکان لە برۆکسل ڕایانگەیاندووە لەگەڵ بریتانیا و فەرەنسە بەتەمای ئەوەن گەمارۆی نوێ لەدژی ئێران جێبەجێ بکەن، ئەم کارەش بەو ئامانجەیە کە کە بە ئەمریکای بسەلمێنن کە هاوپەیمانەکانی واشنگتۆن سەرەڕای پێبەندبوون بە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران، ڕەخنەکانی دۆناڵد ترامپ لە کۆماری ئیسلامی بە هەند و جیدی وەردەگرن.
هەرچەند هەتا ئێستا لەوبارەوە بەرپرسانی باڵای ئاڵمان هیچیان نەدرکاندووە، بەڵام ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری شپیگل دەربڕی خستەنگەڕی خولێکی نوێ گەمارۆیە لەدژی ئێران کە کەرتی بەرنامە مووشەکییەکانی بالستیک و دەستێوەردانەکانی تاران لە کاروباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ وێنە یەمەن، سووریە و عێڕاق هۆکارن بۆ ئەو گەمارۆیانە.
دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران بە “خراپترین” ڕێککەوتن دەزانێ و خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتی، یان هەڵوەشانەوەیەتی، بۆیە چەندین جار بە توندی وریاکردنەوەی داوە کە ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە دەکشێتەوە و ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترامپ ٤ مانگی درێژ کردووەتەوە کە دوایین هەڵویستی خۆی لەبارەی ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران بخاتە ڕوو.