Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 21/10/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

بەرجام چۆن و تا کوێ دەوام دێنێ؟

21/01/2018 | 22:20:55
+A
-A
کەماڵ کەریمی

ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبار سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی «برجام»ی وەک خۆی هێشتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بۆ ماوەی چوار مانگی دیکە وەدوا خست. مەبەستی ڕاگەیەندراوی ئەو، پێدانی ماوەیەکی دیکەیە هەتا هاوپەیمانە جیهانییەکانی و کۆنگرەی ئەمریکا دەرفەتی تاوتوێی زیاتری هەڵوێستەکەیان هەبێ. جیا لەوە لیستێکی دیکەی لە بنیاد و کەسایەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی خستە سەر لیستی تەحریمەکانی پێشوو، کە لە نێویاندا تەحریمکردنی سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەپاندنی حوکمی ناعادڵانە بەسەرناڕازیانی ڕێژیمدا؛ گرینگیی خۆی هەبوو.

ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە بە «برجام» ناسراوە و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئۆبامادا بە ئەنجام گەیشت، بە بەردەوامی لەلایەن کۆماریخوازەکان و دەوڵەتی تڕامپ ڕەخنەی لێ گیراوە. ئەم ڕێککەوتنە کە لە زۆر بواردا پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی تێدا بەدی دەکرا و تەنانەت ڕێبەری نیزام ئەو سیاسەتەی هەیئەتەکەی بە «نرمش قهرمانانە» ناو دەبرد، دوای دەورەیەکی درێژی وتووێژەکان لە نێوان ئێران و پێنج دەوڵەتی زلهێزی جیهان کە یەکیان دەوڵەتی ئەمریکا بوو پەسند کرا و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازیی لێ کرا. دۆناڵد تڕامپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای بوونی بە سەرۆککۆمار قەت دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە، کە بە ڕێککەوتنێکی نەشیاو بۆ ئەمریکای دەزانێ نەشاردوەتەوە. ئەو دەبێ پێبەندیی وڵاتەکەی بەم ڕێککەوتنە دەرببڕێ، بەڵام تا ئیستا ٣ جار و لە کاتە دیاریکراوەکاندا لەم کارە خۆی بواردوە.

لە سێ دەیەی ڕابردوودی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا، ئەم ڕێژیمە بە مەبەستی بەهێزکردن و پڕ چەککردنی هێزەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە سیاسییەکانی، کە خۆی لە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەرەپێدان بە نفووز لەو وڵاتانەدا دەبینێتەوە و، لە ژێر ناوی بردنە سەرێی توانا بەرگرییەکانی بۆ پاراستنی ئێران، هەوڵی خۆ پڕ چەک کردن و تەنانەت دەست پێڕاگەیشتنی بەو جۆرە چەکانە هەبووە کە بە چەکی ستراتێژیک ناویان دەبەن. لەو ساڵانەدا خەرجکردنی سەدان میلیارد دۆلار لە داهاتە نەوتییەکانی وڵات، بۆ بنیادنانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و وەک خۆیان دەڵێن بە هەزاران مووشەکی کورت مەودا، کە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێتەوە، لە نێوخۆدا هەزینەیەکی وەها قورسی خستە سەرشانی خەڵکی ئێران، کە ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر ئەوانی تووشی فەقیری و نەداری کرد. ئەم یەک لایەنە ڕوانینە بۆ دەوڵەتداری و پاراستنی نیزامەکەیان، بوو بە هۆی لەکارکەوتنی بەشی زۆری کارگە و کارخانەکان و بێکاربوونی کرێکاران و پەککەوتنی بەشە خزمەتگوزارییەکان. بەمجۆرە لەگەڵ بەرەوپێش چوونی هەر هەنگاوێک بۆ دروستکردنی چەکێکی نوێ، کۆمەڵگەی ئێران چەند هەنگاو لە ژیان و پێشکەوتن وەدوا دەکەوت. ئەمەش تەنیا بەشێکی بچووک لەو هەموو نەهامەتییانەن کە بە هۆی سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تووشی خەڵکی ئێران هاتوون و ئاسەوارەکانی ئەم خولیا شەڕەنگێزانە لە نێوخۆی ئێراندا، دەبێ لە داڕمانی ئابووری، بێکاری و تێکچوونی ژیانی خەڵک لە هەموو بوارێکدا ببینینەوە.

بەڵام لە دەرەوەی وڵات ئەم ئاکارانە هەم لە ناوچەدا ترسی زۆری لێ کەوتەوە و هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی تووشی نیگەرانی جیددی کرد. هەر ئەمە وای کرد ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاسپێردرا بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. خۆدزینەوە لە وڵامدانەوە و پڕکێشیی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدانی پرۆژە نیزامییەکانی زۆر زوو بووە هۆی بەسەردا سەپاندنی سزا ئابوورییەکان و دواتر کۆمەڵێک سزای دیکە بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا وەک گەورەترین وڵاتی زلهێزی جیهان بە هۆی خۆبواردن لە هەڕەشەی نیزامی و خۆدزینەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە ناوچەییەکان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە هەموو شوێنێک بە جۆرێک شوێن پێی ئێرانی پێوە دیار بوو، زۆرتر بە گرتنەپێشی سیاسەتی تەحریم و سزای ئابووری و ماڵی و هەوڵدان بۆ مل کەچ پێکردنی ئێران، توانیبووی کۆدەنگییەکی باش لە نێو کۆمەڵگەی جیهانی و بە تایبەت لە شووڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دروست بکا. هەر ئەمەش وایکرد کە کۆماری ئیسڵامی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی جیهانی بە تەنیا بمێنێتەوە و بۆ ڕزگارکردنی کاتیی خۆی، مل بە داواکانی ئەوان بدا. هەرچەند هەتا ئیستاش دەرکەوتوە کە ئەم ڕێژیمە لە هەموو بوارەکاندا بەرامبەر بەو وادە و بەڵێنانەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵتی داوە وەڵامدەر نیە.

ئێستا دەوڵەتی تڕامپ پێداگری لەسەر پێداچوونەوە بە هێندێک لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتننامە دەکا و پێیان وایە دەبێ هەموو ڕێگەیەک لە سەرکێشییەکانی ئێران بگیردرێ. ئەو بە دروستی باسی ئەوە دەکا کە بەشێک لەو پووڵانەی بە هۆی ئەو ڕێککەوتنەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە، خەرجی گرووپ و کارە تێرۆریستییەکان کراون و هیچی بە قازانجی خەڵکی ئێران بەکار نەهاتوە و کاریگەریی لە سەر باشبوونی ژیانی خەڵک نەبوە. بابەتێک کە خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە لە چاوەڕوانی سەرکەوتنی بەرجامدا گرینگییان پێ دەدا، و هۆکاری پشتگیری و دڵخۆشییان بە ئاکامی وتووێژەکان بوو. ئێستا تڕامپ بۆ جێخستنی ئەم سیاسەتەی لە نێو کۆمەڵگەی جیهانیدا و بە تایبەت لە نێو هاوپەیمانەکاندا بە تەنیایە و دەبێ چوار مانگی دیکە چاوەڕوانی بڕیاری هاوپەیمانەکانی بێ.

ئەوەی پێویستە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی کاریگەر لەسەر داڕشتنە سیاسییەکان لەبەر چاوی بگرن و ئیمکانی ڕاگرتنی ئەو هاوپەیمانییە دەڕەخسێنێ، کە ببینن تەنیا هێزی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی بەرجام، پشت بەستن بە خەڵک و بیروڕای گشتییە. لەم مانگەدا دەرکەوت کە ئەم ڕێژیمە هیچ پاڵپشتییەکی خەڵکی نەماوە و ئەو خەڵکە دەنگی بێزاریی خۆیان لە خۆپیشاندانەکاندا بە گوێی جیهان گەیاند. بۆیە پێویستە لە هەر پڕۆژەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و کورتکردنەوەی دەستی ئاژاوەگێڕانەی، پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوەکان بکرێنە هەوێنی ڕێککەوتنەکان. ئەم کارە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ پاشەکشە کردن بە کۆماری ئیسلامی.

( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)