Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 17/12/2018 | کاتژمێر:
جیهان

نیگه‌رانیی‌ ئه‌حمه‌د شه‌هید له‌ ده‌سبه‌سه‌ركران و كه‌وتنه‌ ژێر فشاری‌ ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ ئێران

06/06/2015 | 15:27:44
+A
-A

ئه‌حمه‌د شه‌هید، ڕاپۆرتنێری‌ تایبه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ مه‌به‌ستی‌ پێڕاگه‌یشتن به‌ بارودۆخی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ ئێران، ڕۆژی‌ هه‌ینی‌ ڕێكه‌وتی‌ ١٥ی‌ جۆزه‌ردان “٥ی‌ ژوئه‌ن” له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: بێده‌نگ كردنی‌ ڕۆژنامه‌نووسان و پارێزه‌رانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ده‌بێته‌ هۆی‌ پێشێل كرانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌م وڵاته‌.
به‌م جۆره‌ كه‌ له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌، كارناسانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش پشتیوانییان له‌م به‌یاننامه‌ی‌ ئه‌حمه‌د شه‌هید كردووه‌.
به‌پێی‌ ڕاپۆرتی‌ كۆمه‌ڵگای‌ به‌رگریی‌ له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ ئێران، ئه‌حمه‌د شه‌هید له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا كه‌ له‌ ژنێڤ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، زۆر به‌ توندی‌ نیگه‌رانی‌ خۆی‌ له‌ بابه‌ت “گیران، به‌ند كران و به‌دواداچوونی‌ سه‌ربه‌خۆ و ناقانوونیی‌ ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ ئێران” ده‌ربڕیوه‌.
ڕاپۆرتنێری‌ تایبه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا نووسیویه‌تی‌ كه‌، “كپ كردنی‌ ده‌نگی‌ ئه‌م ڕه‌خنه‌گرانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ قبووڵ كردن نابێ‌. چونكی‌ ئه‌م كاره‌ زیان به‌ زانیاریی‌ گشتی‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ و هه‌واڵی‌ ڕووداوه‌ گرینگه‌كانی‌ ئێران به‌ گوێی‌ هاووڵاتییانی‌ ئه‌م وڵاته‌ و كۆمه‌ڵگای‌ جیهانی‌ ناگا.”
ناوبراو له‌ درێژه‌دا گوتوویه‌تی‌: ” ئاماژه‌كردنی‌ به‌رده‌وامی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌ تۆمه‌ت گه‌لێكی‌ گوماناوی وه‌ك، هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئه‌منیتی‌ نیشتمانی‌، پڕوپاگه‌نده‌ به‌دژی‌ نیزام و سووكایه‌تی‌ كردن به‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ ڕێژیم، به‌ مه‌به‌ستی‌ به‌دواداچووونی‌ ڕۆژنامه‌نووسان یان ڕاڤه‌كارانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ڕێوشوێنه‌ پێوه‌ندیداره‌كانی‌ ئازادیی‌ ڕاده‌ربڕینه‌ و هه‌ر له‌ به‌نه‌ڕه‌تیشدا به‌دژی‌ ڕه‌چاوكرانی‌ قانوونه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.”
ڕاپۆرتنێری‌ تایبه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پێڕاگه‌یشتن به‌ بارودۆخی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ ئێران، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی‌: “پێویسته‌ پشتگیری‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووسان بكرێ‌ و له‌ سه‌ر پیشه‌كه‌یان ئازار نه‌درێن و زیندانی‌ نه‌كرێن. گرتن و لێپێچینه‌وه‌ نه‌ته‌نیا مافه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانیان پێشێل ده‌كا، به‌ڵكوو ڕاگه‌یه‌نكارانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌ش چاوترسێن ده‌كا.”