Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 20/06/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

پێگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و کێشەی قانوونی

21/01/2018 | 21:46:03
+A
-A
عومەر باڵەکی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە جێی خومەینی کە لەودا خامنەیی وەک ڕێبەر هەڵدەبژێردرێ،  مناقشە و قسە و باسی زۆری لێ کەوتۆتەوە.

خۆی ئەگەر بە وردی سەرنج بدەینە ئەو کورتە فیلمە نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرانی ئەو دەسەڵاتە کۆمارییەمان! بە باشی بۆ دەر دەکەوێ کە بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات و پاراستنی ئەو نیزامە چییان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە و چۆن تەنانەت قانوونەکانی خۆیان دەور لێ داوە و کڵاویان لەسەر خەڵک ناوە، چونکە هەڵبژاردنی خامنەیی هەر لە ئەساسدا لە بواری قانوونییەوە نادروست بووە. واتا بە پێچەوانەی بنەماکانی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیش بووە و لە هەمان کاتدا بە پێچەوانەی بنەماکانی مەزهەبی شیعەش بووە.

لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٦٨ی هەتاویدا و دوای مەرگی خومەینی  لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی مەجلیسی خوبرەگانی رێبەریدا، عەلی خامنەیی  کە ئەوکات سەرکۆمار بوو، وەک رێبەری کاتی هەتا بەرێوە چوونی گشتپرسیی قانوونی ئەساسی هەڵدەبژێرن. لە حالێکدا ئەوکات ئاغای خامنەیی بە پێی قانوونی بنەڕەتی نه‌یدەتوانی ئەو پۆستە وەربگرێ، چونکی ناوبراو بە پێی مەزهەبی شیعە و پلەبندیەکانی مەزهەبی زوور دوور بوو لە وەرگرتنی ئەو پۆستە.

مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری دوای مردنی خومەینی دەبوایە کەسێک وه‌ک ڕێبەر دەستنیشان بکەن تا بتوانێ کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو ئەساسەی دامەزراوە بەرێوە ببا. هەر بۆیە بێ گوێدان بە قانوونی ئەساسی و بە پێچەوانەی ئوسوولەکانی مەزهەبی شیعە خامنەییان بە ڕێبەر هەڵبژارد و ئەگەر بمانهەوی خاڵەکانی پێچەوانەی قانوونیان تیدا دەست نیشان بکەین، دەتوانین بەو شێوەیە باسیان بکەین:

یەکەم لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و لە ئەسلی ٥دا دوو بژارده‌ بۆ دیاریکردنی ڕێبه‌ر دەستنیشان کراوه‌: یەکەم؛ رێبەر به‌ زۆرینەی ده‌نگی خەڵک و په‌سندی ئه‌وان هه‌ڵبژێردرابێ. دووهەم، ئەگەر هاتوو هیچ کەسێک ئەو زۆرینەیه‌ی بە دەست نەهێنا لە ئەستۆی مەجلیسی خۆبرەگانی ڕێبەرییە کە لە نێوان مه‌لا و ڕوحانییه‌کانی خاوەنی ئه‌و تایبەتمەندییانە کەسیک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکەن کە لە ئەسڵی ١٠٧ یشدا لە سەر نێوەرۆکی ئەسلی ٥بۆ دیاریکردنی ڕێبەر ته‌ئکید کراوەتەوە.

کاتیک خامنەیی بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێ قانوونی ئەساسی پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە و بەپێی قانوون هەر ئەسڵ و برگە و مادەیەک لە قانوون هەتا بەپێی ڕێوشوێنی ئەو ماددەیە هەر حوکمی قانوونی هەیە و لەسەر بەرێوەبەرانی قانوونە کە وەک خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن؛ بەڵام دەبێنین بەڕێوەبەرانی سێ ئۆرگانی گرینگی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی (سەرکۆمار، سه‌رۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان) پێشێلی ئەو قانوونە دەکەن کە خۆیان  داڕێژەری بوون و کۆمەڵگه‌ی ئیرانیان پێ بەڕێوە بردووە. واتا هەڵبژاردنی ڕێبەریان بە پێی قانوون نەهێناوەتە نێو خەڵک کە زۆرینەی دەنگی خەڵکی بۆ وەربگرن و به‌بێ گوێدانه‌ قانوون لە ژووری داخراوی مەجلیسی خوبرەگاندا بە جێگای خەڵک بڕیاریان داوە و هەر بەوەندەش نەوستاوەن، بەڵکوو قانوونیان دەور لێ داوەتەوە وخامنەیی وه‌ک ڕێبەری کاتی هەتا گشتپرسی بۆ ئاڵوگۆڕەکانی قانوونی ئەساسی دیاری دەکەن لە حاڵیکدا قانوونی ئەساسی پێش پێداچوونەوەی سالی ٦٨ و دوای پێداچوونەوەش عینوانی ڕێبەری کاتیی تێدا دەستنیشان نەکراوە کە ئەوە خۆی خەتایەکی قانوونییە ولەو خەتایە گەورەتر ئەوەیە کە ئەو شێوە هەڵبژاردنه‌یان ئاشکرا نەکردوە و بە خەڵکیان ڕانەگەیاندوە.

ڕێبەرانی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی گرفتی لەو بابەتە نەبن لەپێداچوونەوەی قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا دەستکاری ٤٦ ئەسلی ئەو قانوونەیان کرد کە لەو نێوەدا ئەسڵەکانی ٥ و ١٠٧ مەبەستی سەرەکی بوون و نیزیک بە تەواوی نێوەرۆکیان گۆڕدرا. لە پێداچوونەوەی سالی ١٣٦٨دا ئەو بەشەی کە لە ئەسلی ٥دا باسی خەڵک دەکا لەو ئەسڵە لابردرا و لە ئەسلی ١٠٧یش دیاریکردنی ڕێبەر بوو بە ئەرکی ڕاستەوخۆی  مەجلیسی خوبرەگان و، لەو کاتەوە گەڵانی ئیران بە پێی قانوون هیچ ڕۆڵ و نەخشیان لە دیاریکردنی کەسێک بە عینوانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دا نەبووە.

هەڵبژرادنی خامنەیی وه‌کوو ڕێبەر هەر وەکی گوترا بە پێچەوانەی ئەسلی ٥ و ١٠٧ی قانوونی ئەساسی بووە وئەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە پاراستنی قانوون لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا لە ئەستۆی خەلکی فەقیر و هەژارە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چۆن شۆرشی گەڵانی ئێرانیان بە لارێدا برد، هەر بەو شێوەش بەپێی بەرژەوەندیەکانیان قانوونەکانی خۆشیان لە ژێر پێ دەنێن.

لەلایەکی دیکەوە هەم خامنەیی و هەم ڕەفسنجانی بێجگە لە ژێرپێنانی ئەسلی ٥ و ١٠٧ی قانوونی ئەساسی، نێوەرۆکی ئەو سوێنده‌یان کە لەکاتی وەرگرتنی پۆستەکانیان (سەرکۆماری و سەرۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی) خواردبوویان کە پارێزگاری لە ئوسووڵەکانی قانوونی ئەساسی دەکەن لە ژێر پێ ناوە وبە سوێندەکەیان پابەند نەبوون، کە ئەوەش بەپێی قانوونی وڵاتانی پێشکەوتوو تاوانێکی گەوەرەیە. کاتێک سەرکۆمار یا سەرۆکی مەجلیس پابەند نابی بەو سوێندەی خواردوویەتی و بە پێچەوانەی سوێندەکەی عەمەل دەکا یەکەم کار ئەوەیە لە پۆستەکه‌ی دوور دەخرێتەوە، چونکە پێوانەکە وایە کەسێک لە پۆستی سەرکۆماریدا پابەند نەبێ بەو سوێنده‌ی خواردوویەتی کۆمەڵگه‌ متمانەی پی ناکا تا وڵات بەڕێوە بەرێ.

لە ئەساسدا نیزامی کۆماری ئیسلامی لە دامەزرانیەوە لە سەر بناخەی تەزاد و پێکدژی دامەزراوە، چونکە سیستمی کۆماری لەگەڵ سیستمی ئیسلامی بە تەواوی لەگەڵ یەکتر لە ناتەبایی دایە. کاتێک نیزامی وڵات بە سیستمی کۆماری و دڕموکراتیک ئیدارە بکرێ مانای وایە کە دەنگی خەڵک کاریگەریی هەیە لە سەر شیوەی بەرێوەبردنی وڵات بەڵام لە سیستمی ئیسلامیی ئیراندا دەسەڵاتدار نوینەری خوایە لە سەر زەوی و خەڵک تەنیا لە سەریانە گوێڕایەڵی بن کە دەبینین نیزامی کۆماری ئیسلامی نزیک بە ٤٠ ساڵە بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێ و قانوونمەند کراوە. لە قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەی لە لوتکەی دەسەڵات دایە ڕێبەرە کە بە هەموو پێشێلکارییه‌کی قانوونی کە کراوە شێوەی هەڵبژاردنی ڕێبەر لەو قانوونەدا دەستنیشان کراوە، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو هەڵبژاردنێک ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێبەر دەستنیشان نەکراوە نە بۆ دائیمی و نە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە ئەوەش کەموکورتییه‌‌کی بنەڕەتییە لەو قانوونەدا. به‌ واتایه‌کی دی ئەو کاتەی بازی هەڵبژاردنی ڕێبەر لەسەر کێ نیشت هەتا دەمری لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە و ئەگەر کەسەکە زۆرێش لە خواترس وبێ شیلەوپێلە بێ، بە تێپەربوونی زەمان ئاڵوگۆری بەسەر دادێ و هێدی هێدی باوەڕ دەکا کە نوێنەری خوایە لەسەر زەوی و دەبێتە ئەو کەسە کە گوی بە قسەی کەس نادا و هەموو قسەکانی دەبنە قانوون و لەسەر خەڵک و دامودەزگه‌ی دەوڵەتی واجبە کە وەک قانوون بەڕێوەیان بەرن. خاڵی جێگه‌ی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کەسێک کە بەپێشێلکردنی قانوون بۆتە رێبەر ئیستا کردار و گوتاری بوونەتە قانوون و کۆمەڵگه‌ی ئیران لە سەری واجبە کاریان پێ بکا.

( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)