Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 20/06/2018 | کاتژمێر:
ئەندیشە

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەیە

21/01/2018 | 21:36:57
+A
-A
ئازاد مستۆفی

لە کاتێکدا حاکمییەتی ئێران پەلی هاویشتبوو بۆ وڵاتانی دەوروبەر و دەستێوەردانی سیاسی و سەربازیی لە ناوچەکەدا دەکرد و دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەی لە سەردەمی سەفەوییەکان بەربڵاوتر کردبوو و خۆی بە ئەمنترین وڵاتی ناوچە پێناسە دەکرد، لەناکاو خۆپیشاندانی بەرین و بەربڵاو لە ڕۆژی ٩ی بەفرانبارەەوە بۆ ماوەی پتر لە 11 ڕۆژ بە بەربڵاوی لە زیاتر لە ٩٢ شاری ئێران بەڕێوە چوو. خۆپیشاندانەکان حاکمییەتی ئێران و هەروەها ئۆپۆزسیۆنیشی تووشی شۆک کرد چونکە هەم کۆماری ئیسلامی ئێران باوەڕی نەدەکرد خەڵک درووشمی تێپەڕین لە حاکمییەت بدەن و هەمیش ئۆپۆزسیۆن پێشبینی وەها بەربڵاوبوون و جەماوەرییبوونی خۆپیشاندانەکەی نەدەکرد.

بەپێی ئامارێکی حکوومەتی، لانیکەم چوار هەزار کەس بەتۆمەتی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا گیراون و بیست و یەک کەسیش لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی سەرکوتگەر و خەڵکی ناڕازییدا کوژراون و ناوی حەوت لاویش هەتا ئێستە هەیە کە لە زیندان و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە. ئەو حەوت کەسە بریتین لە: «سینا قەنبەری لە تاران، وەحید حەیدەری لە ئەراک، موحسین عادلی لە دزفول، ئاریا روزبێهی بابائی لە لوڕستان، عەلی پولادی خەڵکی گوندی گویتری سەر بە مەرزن ئاوای شاری چالوس لە پارێزگەی مازندەران، سارۆ قارمانی و کیانوش زەندی لە سنە». ئەم ئامارانە بەدەستەوەن و بەپێی نامەی چل کەس لە نوێنەرانی مەجلیس بۆ عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیس ئێران، ڕایان وایە کە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکانی ژێر ئەشکەنجە لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات لەوەی کە دەوترێ زیاترە و داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردوە.

لێرەدا هەندێ خاڵ هەیە دەربارەی خواستی خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت شارەکانی کرماشان و سنە کە لەوێ ناڕەزایەتیی بەرین بەڕێوە چوو و پێویستە باسی لێ بکرێ، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر لە شارەکانی ئێران خواستەکان سیاسی و ئابووری بوون لە سنە و کرماشان خواستەکان وێڕای ئەوە نەتەوەییش بوون. واتە خەڵک داوای مافی نەتەوایەتی خۆیشی دەکرد و خاڵی جیاکەرەوەی ئەو خۆپیشاندانانە لەگەڵ بەشەکانی تری جوغرافیای ئێران لەوەدا بوو کە خۆپیشاندەرانی کورد لە هەر دەرفەتێکدا هەلیان قۆستووەتەوە بۆ دەربڕینی بێزارییان لە تەواوێتیی دەسەڵات و هەروەها خواستی نەتەوەییان هێناوەتە ئاراوە کە لە هەردوو ڕێژیمی شا و کۆماری ئیسلامیدا پێشێل کراوە.

زۆر جار ئەو کەسانەی کە بەداواداچوون بۆ دۆخی ئێستەی ئێران دەکەن یەکەم پرسیاریان ئەوەیە کە ئایا ناڕەزایەتییەکان بەردەوامیی دەبێ یاخود وەکوو ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکان و بزووتنەوەی سەوز کۆتایی پێ دێ؟ خاڵی جێی سەرنجی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەمدواییە لە ئێران دیترا ئەوە بوو کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چین و توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگەوە نەبوو بەڵکوو هەموو خەڵک خۆی تێدا دەدیتەوە. توانرا بە سەرکوتگەریی توند و بێبەزەییانە و کوشتنی لاوان بۆ ماوەیەک بێدەنگیی لێ بێنن بەڵام ئەم ئاگرە نەکووژاوەتەوە چونکە ئەو داواکارییە ئابووریی و سیاسییانەی کە ناڕازییەکان هەیانبوو هیچکامی جێبەجێ نەکراوە و هەروەکو خۆی ماوەتەوە. ئەمجارەیان ئیتر خەڵکی ناڕازیی گوشارە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان وای لێکردووە کە هیچ مافێکی لە ژیاندا بۆ نەماوە واتە ناچارە کە دووبارە لەم ڕۆژانەدا بگەڕێتەوە بۆ سەر شەقام و داوای مافی خۆی بکا و واز لە ناڕەزایەتی دەربڕین نەهێنێ و درێژە بەو خەباتەی بدا کە پێویستە نەوەی داهاتوو بگاتە ژیانێکی ئاسوودە و خوشگوزەران.

باڵێکی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایە ڕێکخستنی ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن باڵی ڕاستەوە بۆ لاوازکردنی دەوڵەتی ڕووحانی بووە و هەنووکە ئەم بێدەنگییە واتای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەیە و ڕەنگە لە داهاتوویەکی نێزیکدا هەندێ گۆڕانکاریی سەرەتایی لە ژیانی سیاسی و ئابووری خەڵکدا بکا، بەڵام لەو ئاستەدا نیە کە پێش بە شەپۆلی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان بگرێ چونکە خەڵک دەبینن ئێستە ئەو لایەنەی کە بەتوندی سەرکوت دەکا خودی دەوڵەتەکەی ڕووحانییە و هەروەها تیۆریسیەنەکانی باڵی بەناو ڕیفۆرمیستیش بەهەمان زمانی زبری دوور لە ئەدەب باسی خۆپیشاندەران دەکەن.

خەڵک لە ویلایەتی فەقیهـ و دامودەزگەی سەر بە سەید عەلی خامنەیی بێزارن و هەر لە سەردەمی محەمەد ڕەزا خاتەمیدا ئەمەیان سەلماند و ئەگەر ئەمجارە ڕووحانی زۆرینەی دەنگی بۆ سەرکۆماریی هێناوە لەبەر ئەوە بوو کە ناوبراو خۆی بە دژی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٨ و هەروەها داکۆکیکاری مافی خەڵک پێناسە دەکرد. دەوڵەتی ڕووحانی لە ڕوانگەی خەڵکەوە تاوانباری سەرەکیی توندوتیژییەکانە و کوژرانی لاوان لە ژێر ئەشکەنجەدا لە وەزارەتی ئیتلاعات بووە و زمانی زبری هاوبیرانیشی هەر هەڕەشە و گوڕەشە بووە لە ناڕازییان.

گلەییەک کە هەنووکە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیانە چەند لایەنە و گلەییەکە سەرەتا ئەو ڕێکخراوانە دەگرێتەوە کە لە نێوخۆن و لافی سەربەخۆیی لێ دەدەن بەڵام چاویان لە ئاست ئەم زوڵمەدا داخست. ئەو لایەنانەی لە هەندێ دامودەزگەشدا بەشداریی حکوومەتدارین و ناتوانن خۆیان لەم گلەییانە بدزنەوە و سەریان بە ژێر بەفرەوە بکەن و لەو سەرپۆشە تەناهییەی دەسەڵات بۆی دابین کردوون خۆیان لە نەتەوەکەیان بشارنەوە. گلەیی دیکەی ئەو چالاکانە لە ئۆپۆزسیۆنی سەرانسەری دەرەوەی وڵاتە کە نەیانتوانی دەنگێکی هاوبەشیان هەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخەکە و تەنانەت هەندێکیشیان ویستیان خۆپیشاندانەکان بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن و هەموویان بەیەکەوە لۆبییەکی بەقووەتیان نیە کە بەرەنگاری درۆ و فرت و فێڵەکانی لۆبی ئێران و میدیاکانی دەرەوەی سەر بە ئایەتوڵڵاکان ببن.

بەپێی ئەو خوێندنەوەی کە شارەزایانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دۆخی هەنووکەیی ئێران هەیانە ڕایان وایە ناڕەزایەتییەکان بەشێوەگەلی دیکەی وەکوو مانگرتن و نافەرمانی مەدەنی و هتد درێژەی دەبێ و بێگومان ئیتر دەسەڵاتی تاران ئەو تواناییەی نیە کە ڕۆژانە هێزە سەرکوتگەرەکانی، کە ئەوانیش تووشی کەمبوونەوە هاتوون و هەر نەبێ بەشێکن لەو خەڵکە، بەلێشاو ناڕازییان لە هەموو شارەکان سەرکوت و دەستگیر بکەن. کۆتلەکانی نێو دەسەڵات بەیەکەوە ناسازێن و زەوی لەرزە و نوقمبوونی کەشتیی ئێران و ڕووداوەکانی دیکەی ئەمدواییانە پتر لێنەهاتوویی حاکمییەتی بۆ خەڵک سەلماندووە و بێزارتری کردوون، بەڵام ئایا پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی سەرانسەریی ئێرانی هەتا چەند ئەو هێزەن کە شەپۆلی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان بەرەو ڕووخانی دیکتاتۆری ئایەتوڵڵاکان لە ئێران ببەن؟

( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)