بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان، لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ئیلام لە چالاکییەکی تەبلیغاتیدا ئەو یادەیان بەرزڕاگرت.
دۆستان و لایەنگرانی وەفاداری حیزبی دێموکرات لە شاری کوردپەروەری ئیلام لە بەرەبەری هاتنی دووی ڕێبەندان وەکوو بۆنەیەکی گرینگ لە مێژووی کورد، لە چالاکییەکی بەربڵاو رێزیان لە ڕێبەری گەورەی کورد، پیشەوا قازی محەممەد گرت و ، خۆیان بە درێژەدەری ڕێگای ئەو ڕێبەرە مەزنە زانی.
ئەندامان و دۆستانی چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانبار لە شاری ئیلام بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە چەندین شوێنی بەرچاوی ئەوشارە تراکت و نووسراوەی پێوەندیداریان بلاو کردەوە .
ئەو شوێنانەی کە لایەنگرانی حیزب لە شاری ئیلام چالاکیی تەبلیغاتییان تێدا کردووە بریتین لە: مەنتەقەی سەرابەی ئیلام، پارکی سەراب، میانی ئەسڵی شار و چوارڕای بێهزیستی و زەوییەکانی شارداری لە گەڵ چەندین گەڕەک و کۆلانی دیکەی ئەوشارە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و پێزانین و هەروەها پیروزبایی کردنی ئەو رۆژە مێژووییە لە سەرجەم دۆستانی خۆی لە شاری دێرینی ئیلام، سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.