کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد لە بەرزاییەکانی شاری سەردەشت، لە کاتی ڕاودوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی ٢٨ لەسەر ٢٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “شۆڕش عومەری” خەڵکی مەهاباد لە کوێستانەکانی شاری سەردەشت، لە ئەنجامی ڕاودوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، تووشی بەربوونەوە بوو و گیانی لەدەست دا.
بە وتەی هەمان سەرچاوە ، ئەو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە و تووشی ئەو ڕووداوە دەبێ.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندارە و ماوەیەک پێشیش یەکێک لە کچەکانی بە ناوی “سۆزان عومەری” تەمەن ١٤ ساڵ کە لە کوورەخانەی شاری تەورێز کاری دەکرد، بە هۆی تەقینەوەی پیکنیکی گاز گیانی لەدەست داوە.
لە درێژەی تەقە کردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ،شەوی ٢٨ لەسەر ٢٩ی بەفرانبار، لە درێژەی بۆسەدانانی هێزە ئینتزامییەکان لە سەر ڕێگەی کاروانی کاسبکاران، بە تەقەی ڕاستەخۆی ئەو هێزانە ٦ سەر ئەسپی کاسبکاران، لە ناوچەی بێتووشی شاری سەردەشت کوژران.
کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێ دەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.