بوورەدین جانیکلی، وەزیری بەرگری تورکیە، ڕۆژی هەینی ٢٩ی بەفرانبار ڕایگەیاند، ئەڕتەشی تورکیە بەردەوامە لە تۆپبارانی عەفرین، بەڵام تا ئێستا هێزەکانمان نەچوونەتە نێو عەفرین.
وەزیری بەرگری تورکیە لە دیمانەیەک لەگەڵ کەناڵی خەبەر گووتی: تورکیە لە حاڵی دابین کردنی کەلوپەلی پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەی مووشەکی دژە تانکەکانی “یەپەگە”یەو دووپاتی کردەوە کە ئۆپەڕاسیۆنەکەیان لە باکووری سووریە بۆ نەهێشتنی هێزەکانی “یەپەگە”یە.
دەوڵەتی ئانکاڕا، یەپەگە بە باڵێک لە پاڕتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دەزانێو بە تێرۆریست ناوزەدیان دەکا. ئەوە لە حاڵێک دایە کە “یەپەگە” لە ڕەوتی شەر لە دژی داعش پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئامریکا بەستووەو ئەڕتەشی ئامریکا نزیکەی ٣٠ هەزار چەکداری ئەندامی “یەپەگە”ی لە بواری نیزامییەوە ڕاهێناوەو پڕچەکی کردوون.
لە لایەکی ترەوە، یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە” ڕایگەیاندووە بە هێزێکی ئامادەوە وڵامی هەر چەشنە هێرشیک دەدەینەوە.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی “یەپەگە”دا هاتووە کە تۆپبارانەکان لە نیوەشەوی پێنجشەممە دەستیپێکردووە و تا بەرەبەیانی هەینی بەردەوام بووە.
ڕۆژهات ڕۆج، گووتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە عەفرین لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەری ڕۆیتێرز وتی: ئەوە بەتەوژمترین تۆپبارانی تورکیە بووە لە ڕۆژانی ڕابردوودا.
هەروەها وتیشی ئێمە بە تەواوی هێزەوە وڵامی هەرچەشنە هێرشێک دەدەینەوە.
شیاوی باسە بەشێک لە کارناسی سیاسی لەو باوەڕەن کە ئەو هێرشەی تورکیە بۆ سەر ڕۆژائاوا بە جۆرێک بە پاڵنەری ئێران و رووسیە هاتووتە ئاراوە .