سەر لەبەیانی رۆژی ٥ شەممە، ڕێکەوتی ١٨ / ١/ ٢٠١٨ کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە جوانە سنە، بەرپرسی پەیوەندی کژار، شروین مەزڵووم ئەندامی مەجلیسی پەژاک ، بێریڤان شاهۆ دەستەی بەڕێوەبەری کژار، سەردانی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن ئەندامانی بەڕێوەوبەری یەکیەتیی ژنانەوە پێشوازیان لێکرا.
سەرەتا هەڤاڵ جوانە سنە، دوای خۆناساندنیان و دەربڕینی خۆشحاڵیان بە پەیوەندییان لەگەڵ یەکیەتیی ژنانی دێموکڕات، بە گشتی باسێکی لەسەر خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵات کرد و رۆڵ و نەقشی ژنانی بەرز نرخاند و تەئکیدی لەسەر هاودەنگی و یەکریزی ژنان لە رۆژهەڵات کرد و گوتی: “دەبێت بە گرینگییەوە بڕوانینە ئەو ئاڵوگۆرانەی کە لە رۆژهاڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدەن، ئێمەی ژن دەتوانین شوێن پەنجەمان دیار بێ و گۆڕانکاری باش بکەین لە خەباتی خۆمان دا، بەیەکدەنگی و یەکریزی دەتوانین بەسەر کێشەکانمان دا زاڵ بین”.
پاشان خاتوو شەروین گووتی ” ئێمە وەک ژن لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێویستمان بە یەکریزی هەیە، بە تایبەت ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە دەمانهەوێت لە زۆربەی کارەکاندا هاوبەش بین، هەتا لە بۆنەکانیش دا، چونکە دوژمن لە هەموو جوڵانەوەیەکی ژنان دەترسێت، بۆیە لە هەموو قۆناغەکان دا پێویستیمان بە یەکریزی هەیە بەمەبەستی دیالۆگ و یەکگرتوویی و هاتووچۆکردنی بەردەوام ببین بە هێزی چارەسەر بۆ ژنان”.
لەدرێژەی ئەو چاوپێکەوتنەداسوهەیلا قادری سکرتێری گشتی یەکیەتیی ژنان وێرای بەخێرهینان و خۆشحاڵی دەربرێن، لەسەر هاوکاری ڕێکخراوی ژنانی کورد بە گشتی پێداگریی کرد و لەو پێوەندییەدا وتی:” ئێمە دەزانین کە یەکدەنگی و یەکریزیمان وەک ژنی رۆژهەڵات چەندە پێویستە، بەتایبەت لەو هەلومەرجەی ئێستادا کە بتوانین لەگەڵ هەموو پارتەکان بە دیالۆگ و دانیشتمان هەبێت و قسەی لەسەر بکەین، چونکە خەباتی ژنان بە ئاستێکی سەرکەوتوو گەیشتووە بۆیە ئەرکی ئێمەی قورستر کردوە، هیوادارین ببینە هێزی گەورە لەگەڵ یەکتری دا”.
هەر لە درێژەی قسەکانی دا خاتوو سوهەیلا قادری وتی: ” ئێمە ناوەندیکی ژنانی رۆژهەڵاتمان دامەزراندووە و داواکارین ئێوەش وەک رێکخراوێکی ژنانی رۆژهاڵات بتوانن لەگەڵمان یەک دەنگ بن و دوور لە جیاوازی سیاسیی لایەنەکان، بەیەکەوە وەک ژن کار بۆ دۆزی ژنان و بەروپێشبردنی خەباتی گەلەکەمان بکەین و هاوهەڵوێست بین”.