پێشنوەڕۆی رۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان سیمینارێکی لە ژێرناوی “دۆخی ئێستای خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان” بۆ پێشەوا عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنا.
ئەو سیمینارە کە بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرەتا کۆڕگیڕ پێشەوا عەلیپوور کورتەیەکی لە سەر هەستیاری ناوچەی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد لەو ناوچە قەیراناوییەدا باس کرد و، دواتر بە قسە کردن لە سەر هەلومەرجی سیاسی کورد بەگشتی و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی بە باسەکەی دا.
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە لاوازی پرسی کورد کرد لە ئاستی کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و هەروەها نەبوونی گوتارێکی بەهێزی کوردی ڕوو بەدنیای دەرەوەی بە خەسارێک لە خەبات و داواکارییەکانی کورد لە قەڵەم دا، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
بەڕێزیان لەو بارەوە وەکوو سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەلاتی کوردستان لەسەر ئەزموونی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە و بەشداریی کردنیان لە سیمینارە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێدا و، هەوڵدان بۆ ناساندنی پرسی کورد بە دنیا دەرەوە بە فاکتێکی گرینگ لە خەبات وتێکۆشانی سیاسی زانی.
پێشەوا عەلیپوور لە درێژەی باسەکەیدا قوناخەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتی خستەڕوو و دواتر بە لەبەرچاوگرتنی جیلی چوارەمی تێکۆشەرانی دێموکرات و هەروەها هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستاکەی نێوخۆی وڵات، لەو بارەوە هەڵسەنگاندنی بوو کرد و وتی: لە کاتێک دا جیلی چوارەمی تێکۆشەرانی دێموکرات کە لەسەر دەمی کۆمارەوە تا ئێستا درێژە بە خەبات دەدەن کە کە ئێران و کوردستان ئاڵۆگۆڕی بەسەر هاتووە و پێویستە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەست بە زەروورەتی شێوازی گونجای خەبات بکات و زیاتر هەوڵ بدا کە لە کۆمەڵگای خۆی دانەبڕێ.
لەو پێوەندییەشدا ئەزموون وخەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتی باشووری کوردستان و پرسی ڕێفڕاندۆمی بە ئەزموونێکی گرینگ زانی کە ڕەنگە بە جۆرێکی دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخاڵی ئەرینی و نەرینییەوە دووپات ببنەوە، کەواتە پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەڵسەنگاندنێکی بەرۆژ و واقع بینانەیان هەبێ لە دۆخی ئێستای ئێران و کوردستان و لەو بارەوەش یەکگرتوویی هێزە کوردییەکانی بە خاڵی وەرچەرخان لە خەباتی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵەم دا.
پێشەوا عەلیپوور لە کۆتایی سیمینارەکەی پێداگریی لەسەر سیاسەتی حدک بۆ خەباتی فرەچەشن و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان کرد و لە روانگەی ڕەخنەگرانەشەوە بەشێک لە لاوازی و کەمکاریی لایەنە سیاسییەکانی دەستنیشان کرد و هەروەها پێکەوە کارکردنی حیزبەکانی کوردستان بەتایبەتی لەم بارودۆخە بە پێویست زانی و خوازیاریی هەوڵدان بۆ گوتاری یەکدەست بوو بۆ پێشگرتن لە پەرش وبڵاوی سیاسی و داواکارییەکانی کورد بەرانبەر بە دەوڵەتی ناوەندی وهەروەها دنیای دەرەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە بەشی کۆتایی سیمینارەکە لە گفتگۆیەکی کراوەدا بەشێک لە بەشداربووان ڕاوبۆچوون و تێبینی و پرسیاری خۆیانیان خستەڕوو، کە دواتر لە لایەن کۆڕگێرەوە وڵامدرانەوە.