دوو کەس لەو سێ خوێندکارە کوردەی بەشی عومرانی زانکۆی شیراز، کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بڕی ٣٠ میلیۆن تمەن متمانەبڕ(وەسیقە)، هەتا کاتی دادگایی کردنیان بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
کوورش حەقیقی کوڕی محەممەد خەڵکی شاری بۆکان و شەماڵ خوسرەوی کوڕی حسێن خەڵکی شاری سەقز لە گرتووخانەی ئیداری ئیتلاعاتی شاری شیراز بە دانانی وەسیقەی ٣٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕاگەیاند: یەکێک لەو سێ خوێندکارە کوردە بە ناوی”حیسام ڕەشید زادە” خەڵکی شاری بۆکان، هێشتا لە زینداندایە و چارەنووسی ناروونە.
هەرچەند کاتی دادگایی کردنی ئەو دوو خوێندکارە کوردە دیاری نەکراوە، بەڵام بە دانانی متمانەبڕ لە حاڵی حازر بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
ئەو سێ خوێندکارە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار، لە شاری شیراز لە کاتی خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون؛ زۆربەی خوێندکارانی دەسبەسەرکراو دوور لە زانکۆ و هەروەها ژمارەیەک لەو خوێندکارانە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کراون.