بە پێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتووە، رۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار دایە ئایشێ مەلا ، یەکێک لە دڵسۆزانی لە مێژینەی تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی عەوڵابات لە ناوچەی محاڵی مەهاباد بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٠ساڵەیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو وەکوو ژنێکی ئازا و لێهاتوو لە ناوچەی مەهاباد بە هۆی چاونەترسی و خەمخۆری و هەستی نیشتمانپەروەرییەوە خاوەن جێگەو پێگەی تایبەت بوو.
دایە ئایشێ مەلا، لە کاتی هێرشی چەکدارانی رێژیم و بەکرێگیراوان بۆ گوندی عەوڵابات، چەندین جار ڕووبەڕوویان بۆوەتەوە هەروەها بە بوێرییەوە چەندین جار تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی لە مەرگ ڕزگار کردووە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو وەفایەک بۆ سەرجەم خەمخۆرانی حیزب وگەل، بەتایبەتی ژنانی ئازا و بوێر، وێڕای سەرەخۆشی کردن لە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دایە ئایشێ مەلا، خۆی لە خەمیان بە بەشدار دەزانێ.